ئاگره‌كه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر زیانی به‌ 350 دوكان گه‌یاندوه‌


ئاگره‌كه‌ وه‌كو دوكانداره‌كان و قائیمقامی هه‌ولێر ده‌یوت به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌ بووه‌، زۆرینه‌ی كه‌لوپه‌لی ناو دوكانه‌كانیش جلوبه‌رگ و بۆن و پێویستی جوانكاری بوون.

ئاگرێك له‌ به‌شێكی بازاڕی قه‌یسه‌ری له‌شاری هه‌ولێر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و پاش چه‌ندین كاتژمێر له‌ دامركاندنه‌وه‌ی دیسانه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ و چه‌ندین دوكانی دیكه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌سووتێنێت. 

كاتژمێر 9:30ی شه‌وی رابردوو وه‌كو به‌شێك له‌ دوكانداره‌كاندی ناو بازاڕه‌ سووتاوه‌كه‌ "بازاڕی سێبیران" له‌ناو بازاڕی قه‌یسه‌ری شاری هه‌ولێر به‌هۆی "شۆرتی كاره‌با"ه‌وه‌ ده‌سووتێت و گڕێكی هێنده‌ زه‌به‌لاح له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت كه‌ نزیك به‌ 350 دوكانی ئه‌و بازاڕه‌ ده‌كاته‌ سووتماك، زۆرینه‌ی ئه‌و شتومه‌كانه‌شی له‌م بازاڕه‌دا ده‌فرۆشرێن جلوبه‌رگه‌ و بۆن و کەلوپەلی جوانكاریی و جلوبەرگی ئافره‌تان و منداڵانه‌. 

ئاگره‌كه‌ هه‌رسێ نهۆمه‌كه‌ی بازاڕه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌، به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ش به‌ده‌یان كارمه‌ندی به‌رگری شارستانی به‌هاكاری هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس سه‌رقاڵی كوژانه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ بوون و ئه‌وه‌شی له‌ ناو بازاڕه‌كه‌ ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ ماندوێتییه‌كی ئه‌وتۆی لێ ده‌چۆڕا یه‌كسه‌ر هه‌ناسه‌ی قوڵی هه‌ڵده‌مژی و بۆنی دووكه‌ڵ له‌هه‌موو لایه‌ك وا بڵاوه‌ی كردووه‌ به‌رپرسانی شاره‌كه‌ی ناچار كردووه‌ بازاڕی قه‌یسه‌ری به‌ڕووی خاوەن دوکان و كڕیاراندا دابخه‌ن و كڕین و فرۆشتن رابوه‌ستێنن. 

به‌شێك له‌ دوكانداره‌كان كه‌ به‌دیاری كه‌لوپه‌له‌ سووتاوه‌كانییانه‌وه‌ فرمێسك له‌چاوه‌كانییان قه‌تیس مابوون، خه‌مێكی قوڵ دایگرتبوون، ئه‌وان هیچ كاتێك باوه‌ڕیان به‌وه‌ نه‌ده‌هێنا كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م به‌سه‌دان هه‌زار دۆلار زه‌ره‌رمه‌ندبوون. 

یه‌كێك له‌و دوكاندارانه‌ی له‌وێ دانیشتبوو وتی "سووتانی بازاڕه‌كه‌ به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌ بووه‌، سه‌ره‌تا كاره‌بای موه‌لیده‌ بووه‌، دواتر كاره‌بای نیشتمانی هاتووه‌ته‌وه‌ و ئیدی شۆرت دروست بووه‌ و سوتاوه‌. و ئیدی سووتان ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌ نزیكه‌ی 300 بۆ 400 دوكان سووتا و به‌شێكیشی كۆگایه‌ كه‌ دوو هێنده‌ی دوكانه‌كان كه‌لوپه‌لییان تێدایه‌، سوپاس بۆ خوا كه‌ زیانی گیانی نه‌بووه‌". 

قایمقامی قەزای ناوەندی هه‌ولێر، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند "دوێنێ شه‌و كاتژمێر9:30 ئاگرێك له‌ بازاڕی سێبیران كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو بازاڕی قه‌یسه‌ری له‌جه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێر كه‌وته‌وه‌، پاش كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ هه‌موو تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و ئاسایش و شاره‌وانی و پۆلیس و خودی به‌ڕێز پارێزگار ئاماده‌بوو و توانرا به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م ئاگره‌كه‌ گه‌مارۆ بدرێت و رێگرییان له‌ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری ئاگره‌كه‌ كردووه‌ بۆ هه‌موو بازاڕی قه‌یسه‌ری كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كانی تیمه‌كانی ئێره‌ نه‌بایه‌ ئه‌گه‌ری هه‌بوو ئه‌وا هه‌موو بازاڕه‌كه‌ ده‌سووتا". 

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی"ئاگره‌كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ كاتژمێر 5 به‌ته‌واوه‌تی كۆنتڕۆڵكرا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و جلوبه‌رگ و شتێكی زۆر هەیە و چه‌ندین كۆگا هه‌ن بۆیه‌ ئاگره‌كه‌ دووباره‌ نوێ بووه‌ته‌وه‌ و ماوه‌یه‌كی زیاتری ویستووه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی".

له‌ناو ئه‌و ئاگره‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووان ماندووتر بوو كارمه‌نده‌كانی به‌رگری شارستانی بوون كه‌ ژیانی خۆیان خستبوویه‌ جێی مه‌ترسی و ده‌چوونه‌ نێو ئاگره‌كه‌ تاوەکو دایبمركێننه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مانیشدا خاوه‌ن دوكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كانی ئه‌م بازاڕه‌ ته‌واو بێ ئومێدییان لێ ده‌چۆڕا. 

قایمقامی قەزای ناوەندی هه‌ولێر هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت كه‌ چه‌ند كارمه‌ندێكی به‌رگری شارستانی به‌هۆی دووكه‌ڵه‌وه‌ ته‌نگه‌نه‌فه‌س بوون و بووراونه‌ته‌وه‌. 

سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كانی ئاگره‌كه‌ و بازاڕه‌كه‌، قایمقامی قەزای ناوەندی هه‌ولێر هیچ ژماره‌یه‌كی نه‌وت، به‌ڵام باس له‌ سه‌دان هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی ده‌كرێت كه‌ ئه‌و ئاگره‌كه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌مووی لووش كردن. 

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتووانیش نەبەز عەبدولحەمید هیچ به‌ڵێنێكی نه‌دا و وتی "ئه‌وه‌ پێویستی به‌ بڕیاری حكوومه‌ته‌ كه‌ له‌م قه‌یرانه‌دا ئایا پێده‌كرێت یان نا". 

كاتژمێر نزیك به‌ 9:30 شه‌وی رابردوو به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌ وه‌كو راگه‌یه‌نراوه‌ له‌ بازاڕی سێبیران کە دەکەوێتە ناو بازاڕی قه‌یسه‌ری شاری هه‌ولێر كه‌وته‌وه‌ و پاش گه‌یشتنی تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاگره‌كه‌ تا دره‌گانێك به‌رده‌وامی هه‌بوو.


PM:09:27:05/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌