ئەمساڵ کۆمپانیاکانی عێراق بەردەوام گەشتیان ھەیە بۆ ھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا


هاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا یەکێکە لە ھاوینە ھەوارە سەرنجڕاکێشەکانی ھەرێمی کوردستان کە دەکەوێتە بەشی باکووری ناوچەی ھەورامان و بەهۆی جوانی سرووشتەکەیەوە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ھەڵەبجە، سامان کەریم رایگەیامد: "ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران روو لە ھاوینە ھەاری ئەحمەد ئاوا دەکەن، بەجۆرێک ساڵانی پێشتر تەنھا رۆژانی ھەینی و شەممە، گەشتیاران روویان لەم ھاوینەھەوارە دەکرد، بەڵام ئەمساڵ زۆربەی رۆژەکانی ھەفتە گەشتیاران دەچنە ئەحمەد ئاوا و تێکڕای ژمارەی گەشتیاران دەگاتە زیاتر لە ھەزار گەشتیار، رۆژانی ھەینی و شەممەش نزیکەی پێنج ھەزار گەشتیار سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن".

سامان کەریم وتیشی: "ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق بەردەوام گەشتیان ھەیە بۆ ھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا و، گەشتیارانی عەرەب بۆ ئەم ناوچەیە دەگوازنەوە".

بەپێی ماستەرپلانی گەشتیاری ھەرێم لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجەدا، ٣٥ ھاوینە ھەوار و ناوچەی گەشتیاری تۆمار کراوە، زۆرینەی ئەو ھاوینە ھەوارانەش دەکەونە ناوچەی ھەورامانەوە.

ئەم ھاوینەھەوارە بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافی و جوانی سرووشتی ناوچەکەوە کە ناوچەیەکی شاخاوی سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێرانە و زۆری رووبەری سەوزایی و بوونی تاڤگەیەکی جوان و ئاوێکی زۆرەوە، وای کردووە سەرنجی زۆری گەشتیاران بەتایبەت گەشتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەلای خۆیدا رابکێشێت و، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دراوسێشەوە سەردانی بکەن.


AM:09:51:05/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 151 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌