نرخی لیرەی توركی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی لە دابەزین بەردەوامە


نرخی لیرەی توركیا بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی لە دابەزین بەردەوامە و هیچ كاتێك دراوی توركیا تا ئەو رادەیە بەرانبەر بە دۆلار نزم نەبووە. ئاڵۆزیی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا نوێترین هۆكاری شكانی نرخی لیرە هەژمار دەكرێت.

ئێستا هەر 100 دۆلار بە 509 لیرە دەفرۆشرێت و دۆلار لە چوار رۆژی رابردوودا لە 490 لیرەوە بەرز بووەتەوە بۆ 509 لیرە و پێشبینی دەكرێت نرخی لیرە زیاتر داببەزێت.

لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیاوە كە لە 24ی حوزەیران بەڕێوە چوو، نرخی لیرە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی رووی لە دابەزین كردووە.

لە بەرەبەری هەڵبژاردن تارادەیەك نرخی لیرە بەرانبەر دۆلار بەرز ببووەوە و گەیشتبووە 450 لیرە بەرانبەر بە 100 دۆلار، بەڵام دوای 40 رۆژ لە هەڵبژاردن نرخی 100 دۆلار لە 450 لیرەوە بووەتە 509 لیرە.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەردۆغان جگە لەوەی كە سەركەوتنی بەدست هێنا لە هەمان كاتدا دەسەڵاتەكانیشی لە پۆستی سەرۆك كۆماریدا بەهۆی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی زیادی كرد. ئەو لە یەكەم وتاریدا باسی لە گەشەپێدانی ئابووری توركیا كرد و گوتی وڵات بەرەوپێش دەبات.

لەجیاتی بەرزبوونەوەی نرخی لیرە، نرخی دراوی ئەو وڵاتە دابەزیوە و ئەمەش دەری دەخات بازرگانان و وەبەرهێنەران لە داهاتووی توركیا نیگەرانن و نازانن ئەردۆغان وڵات بەرەو چ ئاقارێك دەبات.

پێویستە بگوترێت خۆی نرخی لیرە لە ژێر كاریگەریی سیاسەتەكانی ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردنیش هەر لە دابەزیندابووە و لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا سەرووی 20% لە بەهای خۆی لە دەست داوە.

نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە سەرەتای ئەمساڵ بریتی بووە لە 375 لیرە. ئەو نرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.

لە نزیكەی چوار ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە دوو هێندە گرانتر بووە و بەهای لیرەی توركیا بۆ نیوە دابەزیوە.

بەگوێرەی چارتی XE ، ساڵی 2011 نرخی 100 دۆلار بە 150 لیرە بوو و ئەو نرخە لە ساڵی 2008 بریتی بوو لە 119 لیرە. ئەمەش دەریدەخات لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لیرە پاشەكشەیەكی زۆری كردووە. 



PM:05:09:04/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌