سوپای عێراق چەکێکی ئۆتۆماتیکی دروست دەکات


 سایتی سومه‌ریه‌نیوز بڵاویکرده‌وه‌ که‌ سوپای عێراق رووبه‌ڕووی تیرۆرستان ده‌بێته‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی چه‌کی (ئاڕ پی جی -7) که‌ له‌لایه‌ن سوپایه‌وه‌ پێشخراوه‌ و ده‌توانرێت له‌ دوره‌وه‌ کاری پێبکرێت له‌ڕێگه‌ی کۆنترۆڵه‌وه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شکراوه‌ که‌ له‌ پێگه‌کانی ئینته‌رنێتدا وێنه‌ی ئه‌و چه‌که‌ پێشخراوه‌ی عێراق بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ که‌ تاقیکردنه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت.

باس له‌وه‌شکراوه‌ که‌ چه‌که‌ ئۆتۆماتیکه‌که‌ پێکدێت له ترایپۆدێک که‌ له‌ڕێگه‌ی چه‌ند بزوێنه‌رێکی کاره‌باییه‌وه‌ له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سوڕێته‌وه‌ و هه‌ڵده‌ری تۆپه‌که‌ جێگیرده‌کات، هه‌روه‌ها کامێرای ڤیدیۆیی له‌گه‌ڵ دیاریکردنی ئامانجه‌که‌دا دیمه‌نه‌کانی ئامانجه‌که‌ تۆمارده‌کات و به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ کۆمپیوته‌رێکه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی که‌یبڵێکه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کۆنترۆڵبکرێت.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو که‌ ئه‌م چه‌که‌ وا دروستکراوه‌ به‌کاربێت بۆ که‌مین و جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌ پاسه‌وانییه‌کان له‌ ناوچه‌ دووره‌ده‌سته‌کان، له‌تواناشیدا هه‌یه‌ ئامانجه‌ جوڵاوه‌کان بپێکێت، ته‌نانه‌ت تانکیش ده‌کاته‌ ئامانج.

ئه‌وه‌ش ئاشکرا کراوه‌ که‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیکه‌ی ئه‌م چه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئامانجه‌که‌ به‌ ئاسانی ده‌بینیت و پێکدانی لایه‌نی دۆست زۆر زۆر که‌م ده‌بێت.



PM:07:01:01/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 230 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌