نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبونەوە تۆمار دەكات

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبونەوەیەكی دیكەی تۆماركرد ئەویش دوای ئەوەی سعودیە هەناردەی نەوتی لە رێگای گەروی بابولمەندەبەوە راگرت.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی سعودیە بەشێوەیەكی كاتی هەناردەی نەوتی خۆی بە گەرووی بابولمەندەبدا راگرت بەهۆی ئەو هێرشەی حوسیەكان، كە رۆژی 4 شەممەی رابردو كردیانە سەر كەشتیەكی نەوت هەڵگری سعودی، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بە رێژەی 42 سەنت بەرزبویەوەو گەیشتە 74 دۆلار و 35 سەنت، هاوكات نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی ئەمریكی 5 سەنت بەرزبویەوەو گەیشتە 69 دۆلار و 35 سەنت.

جێگای ئاماژەیە زۆربەی  نەوتی كەنداو لەرێگای گەروی بابولمەندەبەوە هەناردەی وڵاتانی جیهان دەكرێت، سعودیەش وەك وڵاتێكی گەورەی هەناردەی نەوت هەر لەو رێگەیەوە نەوت هەناردە دەكات.


PM:06:26:26/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 349 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌