كوه‌یت سووته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی كاره‌بای عێراق دابین ده‌كات

وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق رایگه‌یاند، ولاَتی‌ كوێت بڕیاریداوه‌ سووته‌مه‌نی بۆ ئه‌و وێستگانه‌ی كاره‌با له‌ عێراق دابین بكات كه‌ له‌كاركردندا وه‌ستاون.

موسعه‌ب موده‌ریس وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌ میری كوێت، فه‌رمانی داوه‌ به‌ وه‌زاره‌تی كاره‌بای كوێت بۆ دابینكردنی گازوایل بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با له‌ عێراق بۆ كارپێكردنه‌وه‌ی ویستگه‌ وه‌ستاوه‌كان و پاڵپشتیكردنی ئه‌و یه‌كانه‌ی كار ده‌كه‌ن.

دابینكردنی سووته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با له‌ عێراق له‌ لایه‌ن كوێته‌وه‌ دوای ئه‌و دێت ئێران بڕیاریدا كاركردن به‌و گرێبه‌سته‌ رابگرێت كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ عێراق واژووی كردبوو بۆ پێدانی هه‌زارو 200 مێگاوات كاره‌با. 

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق ئاشكرایشی كردووه‌ كه‌ سبه‌ی كه‌شتییه‌كی نه‌وتهه‌ڵگری كوێتی كه‌ بڕی 30 هه‌زار مه‌ترسێجا گازوایلی هه‌ڵگرتووه‌ وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م ده‌گاته‌ به‌نده‌ری به‌سره‌ و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا بڕی دیكه‌ش ده‌گاته‌ عێراق. 

دوێنێ، وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق رایگه‌یاند كه‌ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بۆ یه‌كه‌مجار گه‌یشتووه‌ته‌ پازده‌ هه‌زارو 900 مێگاوات، هاوكات عێراق له‌ ئێستادا پێویستی به‌ نزیكه‌ی 23 هه‌زار مێگاوات هه‌یه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی خواستی ناوخۆیی له‌ به‌كارهێنانی كاره‌با.


PM:04:50:21/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 415 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌