هاوڵاتیانی عیراق لە پلەی یەكەمدان بۆ كڕینی خانووبەرە لە توركیا

دەستەی ئاماری توركیا ئاشكرای دەكات، هاوڵاتیانی بیانی لە مانگی حوزەیراندا زیاتر لە دوو هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیان كڕیووە‌و بەشێكی زۆری ئەو كڕیارانەش، عیراقیین.

بەگوێرەی داتاكانی دەستەی ئاماری توركیا، لە مانگی رابردوودا فرۆشتنی یەكەی نیشتەجێبوون بە هاوڵاتیانی بیانی بەڕێژەی لەسەدا 7 زیادیكردووە‌و گەیشتۆتە 2 هەزار‌و 60 یەكە، ئەوە لە كاتێكدایە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا هەزار‌و 926 یەكە فرۆشراوە.

دەستەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە، لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا كڕینی خانووبەرە لە توركیا لەلایەن هاوڵاتیانی بیانیەوە بەڕێژەی لەسەدا 31 پۆینت یەك زیادیكردووە‌و لەو ماوەیەدا 11 هەزار‌و 816 یەكەی نیشتەجێبوون كڕدراوە.

لەبارەی ڕەگەزنامەی ئەو كڕیارانەشەوە، دەستەی ئاماری توركیا ئاشكرایكردوە، هاوڵاتیانی عیراق لە كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون لە توركیا لە پلەی یەكەمدان‌و لە شەش مانگی ڕابردوودا 2 هەزار‌و 987 یەكەیان كڕیووە، بەپلەی دووەمیش هاوڵاتیانی سعودیە دێن كە هەزار‌و 89 یەكەیان كڕیووە، لەدوای ئەوانیش هاوڵاتیانی ئێران‌و ڕوسیا‌و ئەفغانستان دێن، هەروەها زۆربەی كڕیارانیش یەكەی نیشتەجێبوونیان لەشاری ئیستانبوڵ كڕیووە‌و دوای ئەویش ئەنتاڵیا‌و بورصە‌و چەند شارێكی تر دێن.


PM:01:55:21/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 222 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌