وەزارەتی پلاندانانی عێراق: لە مانگی حوزەیراندا رێژەی هەڵئاوسانی نرخەكان زیادیكردووە

وەزارەتی پلاندانانی عێراقی ئاشكرای دەكات لە مانگی حوزەیرانی رابردودا رێژەی هەڵئاوسانی نرخەكان زیادیكردووە.

عەبدول زوهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلان دانانی عێراقی ئاشكرایكرد، بەراورد بە مانگی ئایار هەڵئاوسان بە رێژەی لە 0.6% بەرزبوەتەوە، بەبەراورد بە ساڵی پار ئەم كاتانە هەڵئاوسان بە رێژەی 1.7% بەرزبوەتەوە.

هینداوی ئەوەشی رونكردۆتەوە، هۆكاری بەرزبونەوەی هەڵئاوسانیش بەهۆی بەرزبونەوەی كەرتی نیشتەجێبون و بەرزبونەوەی نرخی كەلوپەل و پێڵاوەوە بوەو كەرتەكانی تریش نرخیان دابەزیوە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی پلان دانان ئەوەشی خستۆتە روو، هۆكاری بەرزبونەوەی رێژەی هەڵئاوسان لەم ساڵدا بەبەراورد بە ساڵی پار دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەی نرخی خۆراك و خواردنەوە ناكحولیەكان و جل و بەرگ و گواستنەوەو خوێندن، لە بەرامبەر دابەزینی نرخی بەشەكانی تر.

وەرگرتنی نمونەكانی هەڵئاوسان جگە لە پارێزگای نەینەوا، تەواوی پارێزگاكانی تری ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتۆتەوە.



PM:06:24:17/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 103 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌