تایوان ملیۆنێک دۆلار هاوکاری پێشکەش بە عێراق ده‌کات


تایوان ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بە  عێراق و سووریا ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانى دژ به‌ داعش رزگار كراون له‌ مین پاك بكرێنه‌وه‌.

 پێگه‌ى ئارتى رووسى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌،  حكوومه‌تى تایوان به‌ فه‌رمى ملیۆن دۆلارى بۆ عێراق و سووریا ته‌رخان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ پرۆسه‌ى پاككردنه‌وه‌ى مین سوود له‌ پاره‌كه‌ وه‌ربگرن.

ستانلى كاو نوێنه‌رى تایوان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گوتوویه‌تى وڵاته‌كه‌ى وه‌ك ئه‌ندامێكى به‌رپرس له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ناتوانێ دوور له‌ رووداوه‌كان بوه‌ستێ، بۆیه‌ بڕیارى داوه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ وه‌ك هاوكارى به‌هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى بدات تا له‌ عێراق و سووریا له‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى مین به‌كار بێت.

 ئاژانسى هه‌واڵى نیشتمانى تایوان وتوویه‌تى، ئه‌و پاره‌ى تایوان ده‌خرێته‌ به‌رده‌ستى چه‌ند به‌ڵێنده‌رێكى كه‌رتى تایبه‌ت كه‌ به‌شدارن له‌ پاككردنه‌وه‌ى ئه‌و زه‌وییانه‌ جه‌نگیان به‌خۆ بینیوه‌.

 ئه‌مه‌ جارى یه‌كه‌م نییه‌ تایوان هاوكارى زیان لێكه‌وتووانى جه‌نگى سووریا و عێراق بكات، به‌ڵكو پێشتریش پاره‌ى بۆ دروستكردنه‌وه‌ى شوێنى حه‌وانه‌وه‌ ته‌رخان كردبوو بۆ ئاواره‌كانى ئه‌م دوو وڵاته‌.

ناوچه‌یه‌كى زۆر له‌ عێراق و سووریا له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ مینیان لێ دانراوه‌ و هێشتا پاك نه‌كراونه‌ته‌وه‌.



AM:10:54:11/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 293 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌