ئه‌ردۆغان بانكى ناوه‌ندی تورکیا کۆنترۆڵ دەکات


راوێژكارى سه‌رۆكى توركیا ئاشكراى ده‌كات، بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵى داهاتوو، ئه‌ردۆغان پارێزگارێك بۆ بانكى ناوه‌ندى توركیا داده‌نێت و ناڕه‌زاییش له‌ شێوازى مامه‌ڵه‌كردنى ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ بانكى ناوه‌ندى دروست ده‌بێت.

پێگه‌ى سكاى نیوزى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، دواى پێكهێنانى حكوومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان، ناڕۆشنییه‌كان له‌ دانانى پارێزگاى بانكى ناوه‌ندى توركیا دروست بووه‌.

سكاى نیوز ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، چه‌ند سه‌عاتێك به‌ر له‌ خواردنى سوێندى ده‌ستوورى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، بڕگه‌یه‌كى یاسایى لادراوه‌ كه‌ ده‌ڵێ ده‌سه‌ڵاتى پارێزگاى بانكى ناوه‌ندى توركیا بۆ پێنج ساڵ ده‌بێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا هیچ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ دانه‌نراوه‌، جه‌میل ئارتیم راوێژكارى سه‌رۆكى توركیا له‌ توێتێك نووسیویه‌تى، "دانانى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى و به‌رپرسانى ترى باڵا به‌ بڕیارێكى تایبه‌ت ده‌بێت كه‌ دواتر راده‌یه‌گه‌نرێت".

ده‌ڵێ "بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ بانكى ناوه‌ندى توركیا، به‌راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه‌ داده‌نرێت".

وه‌به‌رهێنه‌ران به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى سیاسه‌تى ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن له‌ بوارى بانكى ناوه‌ندیدا، له‌وانه‌یه‌ هه‌واڵى ناخۆش ببیستن.

پێشتریش ئه‌ردۆغان ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌سه‌ر بانكى ناوه‌ندى چه‌سپاندبوو، ئه‌مه‌ش وایكردبوو به‌ هۆى هه‌ندێك له‌ سیاسه‌ته‌كانى به‌هاى لیره‌ى توركى دابه‌زێت و وه‌به‌رهێنه‌رانى توركیا سه‌رمایه‌ى خۆیان له‌ بازاڕه‌كانى توركیا بكێشنه‌وه‌.




PM:10:47:10/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌