سەروەت‌و سامانی دامەزرێنەری فەیسبووك 81 ملیار دۆلاری تێپەڕاند‌

سەروەت‌و سامانی دامەزرێنەری تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك 81 ملیار دۆلاری تێپەڕاند‌و بوو بە سێهەمین دەوڵەمەندی جیهان.

ئاژانسی بلۆمبێرگ ئاشكرایكردوە، مارك زوكەربێرگ, دامەزرێنەر‌و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فەیسبووك، كۆی سامانەكەی گەیشتۆتە 81 ملیار‌و 600 ملیۆن دۆلار‌و بوەتە سێهەم دەوڵەمەندترین كەسی جیهان‌و شوێنی وارن بافیتی گەورە وەبەرهێنەری ئەمریكی‌و سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای بیركشایەر هاساوای گرتۆتەوە.

پێنوێنی بلۆمبێرگ بۆ ملیاردێرەكانی جیهان ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە، زوكەربێرگ كە تەمەنی 34 ساڵە سامانەكەی گەیشتۆتە 81 ملیار‌و 600 ملیۆن دۆلار‌و سامانەكەی بەبڕی 373 ملیۆن دۆلار لە وارن بافیتی تەمەن 87 ساڵ زۆرترە، ئەوە لەكاتێكدایە بافیت دەوڵەمەندترین كەسی جیهان بووە، بەڵام بەهۆی بەخشینی بەشێك لە سامانەكەی لەساڵی 2006دا بۆ كاری خێرخوازی، ڕیزبەندی یەكەمین دەوڵەمەندی جیهانی بۆ كەسانی تر بەجێهێشتووە‌و لەئێستاشدا چوارەم دەوڵەمەندترین كەسە لە جیهاندا.

بلۆمبێرگ ئاماژەی بەوەشكردوە، مارك زوكەربێرگ دامەزرێنەری فەیسبووك بەڵێنیداوە لەماوەی ژیانیدا دەستبەرداری لەسەدا 99ی پشكەكانی كۆمپانیای فەیسبووك ببێت‌و بەشێكی زۆری سامانەكەی بۆ كاری خێرخوازی خەرج بكات.


AM:09:48:10/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌