ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، نرخی بەرمیلێك نەوت دەگاتە 250 دۆلار

پسپۆڕێكی ئابووری ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر گەرووی هورمز بۆ ماوەی مانگێك یان دوومانگ دابخرێت، نرخی بەرمیلێك نەوت دەگاتە 250 دۆلار.

ڤلادیمێر رۆجانكۆڤسكی شرۆڤەكاری وەبەرهێنان لە بازاڕی جیهانی رایگەیاندوە، گەروی هورمز بە شادەماری گواستنەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت‌و ڕۆژانە لە گەرووی هورمزەوە 14 كەشتی نەوتهەڵگر یاخود 17 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت، ئەگەر هەناردەكردنی نەوت لەم ڕێگەیەوە بوەستێت، بەهۆی كەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی خراوەڕووەوە، نرخی نەوت دووهێندە زیاد دەكات‌و دەگاتە 160 دۆلار.

ڕاشیگەیاندوە، ئەگەر گەرووی هورمز بۆ ماوەی مانگێك یان دوومانگ دابخرێت، لە وانەیە بازرگانانی نەوت هەموو نەوتی بازاڕبكڕن، لەوكاتەشدا نرخی یەك بەرمیل نەوت دەگاتە 250 دۆلار، بەڵام گومان دەكات ئێران ئەو كارە بكات لەبەرئەوەی ناوچەكە بەسەربازی كراوە، هەروەها سیناریۆیەكی لەوجۆرەش چاوەڕوانكراو نییە، چونكە ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات كاردانەوەی خێرای ئابووری‌و سەربازی بەدوادادێت‌و ڕێگاكە دەكرێتەوە.

محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران بەهۆی فشارەكانی ئەمریكاوە نەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت، ئەوا ڕێگە بە هیچ دەوڵەتێكی تری ناوچەكە نادەن نەوت بفرۆشێت.

لەبەرامبەریشدا (بیل ئۆین) تەبیژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریكا ئامادەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی و هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز.


AM:11:09:08/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 603 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌