ئەمساڵ پارەی گەنمی جوتیاران زووتر دابەش دەكرێت


بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕای دەگەیەنێت " تا ئێستا زیاتر لە 75 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەمساڵ پارەی گەنم زووتر دابەش دەكرێت."
 
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە باسی ڕاگەیاند پرۆسەی وەرگرتنی گەنم كە لە 17ی مانگی رابردووەوە دەستی پێكردووە بە باشی بەڕێوە دەچێت.

 سەبارەت بە وادەی وەرگرتنی پارەی گەنمی جووتیاران نەوزاد ئەدهەم ڕوونی كردەوە كە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە چوونی (مەوقفی) هەفتانە بۆ بەغدا، راستەوخۆ دوای دوو هەفتە پارەكە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
 
نەوزاد ئەدهەم ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ڕێكخستنێكی باش بۆ وەرگرتنی گەنم هەیە و هیچ ئۆتۆمبێلێك هاوشێوەی ساڵانی رابردوو زۆر لە چاوەڕوانیدا نامێنێتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەش كرد كە لەو 451 هەزار تۆن گەنمەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، تا ئێستا زیاتر لە  75 هەزار تۆنی وەرگیراوە


PM:01:22:07/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌