سەرۆکی ژوور بۆ گۆڤاری فۆرین پۆلیسی: هەرێم ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات


گۆڤاری ناوداری ئەمەریکی فۆرین پۆلیسی بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر ڕەوشی بازرگانی‌و وەبەرهێنان لەکوردستان، چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەنجامدا، سەرۆکی ژوور دەڵێت "‌حکومەتی هەرێم ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات".

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی سەبارەت بەرەوشی بازرگانی‌و وەبەرهێنان لەکوردستان بەگۆڤاری فۆرین پۆلیسی راگەیاند ''هەرێمی کوردستان لەڕووی ئەمن‌و ئاسایشەوە ئارامەو دەوڵەمەندیشە بەچەندین کەرەستەی خاوی پیشەسازی، ‌حکومەتی هەرێمیش ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەتوانراوە کارگە دروستبکرێت‌و کۆمپانیا جیهانیەکان کارگەکانیان بهێنە کوردستان‌و لێرە وەبەرهێنان بکەن''.

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی عێراق یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیان دەرکردوە، پلانیان هەیە هاوکاری تەواوی وەبەرهێنەران بکەن. سەبارەت بەکێشەو گرفتەکانی بەردەم کەرتی بازرگانی سەرۆکی ژوور وتی ''لەبەندەری ئوم قەسەر لەبەسرە کە کاڵاو شمەک داخڵ دەکرێت باج‌و روسماتێکی زۆری دەخرێتە سەرو گومرکی سەفراش لەناوچەی عوزێم کێشەی گەورە بۆ بازرگانان‌و خاوەن کارگەکانی کوردستان دروست کردوە کە کاڵاو شتومەکەکانیان هەناردەی ناوچەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق دەکەن، دووبارە باج‌و گومرکیان لێدەسەنرێت''.

سەبارەت بەکارو چالاکیەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سليمانیش، سەرۆکی ژوور وتی ''ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەئێستادا سەرقاڵی دوستکردنی ٩٠٠ گەنجینەیە کە  لەسەر رووبەری ٥٢٢ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت‌و  هەموو ستاندارو پێوەرێکی جیهانی تێدا ڕەچاو دەکرێت، ژووری بارزگانی بەشی کشتوکاڵیشی دروستکردوە بۆ گرنگیدان بەکەرتی کشتوکاڵ‌و پێشخستنی ئەم کەرتە کە تا ئێستا چەندین کارو پڕۆژەی گرنگی ئەنجامداوە، لەوانە ئەنجامدانی روپێویەکی ورد بۆ خانوی پلاستیکی‌و دیاری کردنی کێشەو گرفتەکانی‌و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کيشەکان".

وتیشی "یەکێکی تر لەپرۆژەکانی ژوور بریتییە لەکردنەوەی خولێکی راهێنان بۆ ئەو ئەندازیارە کشتوکاڵیانەی خوێندیان تەواو کردوەو دانەمەزراون، دوای تەواوکردنی خولەکە لەکەرتی تایبەت هەلی کاریان بۆ دەرەخسێنرێت‌و سەرپەرشتی خانوە پلاستییەکان دەکەن''.

لەبارەی گرنگی سەردانەکەی گۆڤاری فۆرین پۆلیسی بۆ کوردستان‌و ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، دابان نەجمەدین کارمەندی بەشی پەیوەندیەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سليمانی رایگەیاند '' فۆرین پۆلیسی رۆژانە ٣ ملیۆن‌و ٢٠٠ هەزار خوێنەری هەیە، بارەگای سەرەکی لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمریکایە، راپۆرتەکانی کۆپییەکیان لێدەنێرێت  بۆ بانکی جیهانی‌و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی‌و سەرجەم ڕيکخراوە ئابوریە جیهانیەکان بینەری ئەم راپۆرتە دەبن''.

دابان وتیشی '' فۆرین پۆلیسی یەکێکە لە گۆڤارە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان کە خوێنەرێکی زۆری هەیە، ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا جیهانیەکان متمانە بەهەرێمی کوردستان بکەنەوەو بگەڕێنەوە لەکوردستان وەبەرهێنان بکەن کە دوای هاتنی داعش ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا جیهانیەکان کوردستانیان بەجێهێشت، ئامانج لەئامادەکردنی راپۆرتەکە دووبارە متمانە دانەوەیە بەوەبەرهێنەران‌و کۆمپانیا جیهانیەکان بۆ ئەوەی بێنە کوردستان‌و کار بکەن".



PM:04:15:01/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 814 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌