بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كوردستان، جوتیارانی سەیدسادق بە دەڕاسە دروێنەی نۆك دەكەن

لە سنوری شارۆچكەی سەیدسادق جوتیاران دەستیان كردووە بە دروێنەكردنی بەرهەمی نۆك بە دەڕاسە، كە پێشتر تەنها بە دەست دەسكەنەی نۆكیان دەكرد و بەرهەمەكانیان كۆدەكردەوە.

ئەمساڵ لە ڕێگەی دەڕاسەیەكی تایبەتەوە كە گۆڕانكاری لە بێژنگەكانیدا كراوە، جوتیارانی گوندی ناوگردان و بێڕەشكە لە سنوری شارۆچكەی سەیدسادق دەستیان بە دروێنەكردنی بەرهەمی نۆك كردووە، ئەمەش بە وتەی خۆیان ئاسانكارییەكی زۆری بۆ كردوون.

خەسرەو محەمەد، یەكێك لە جوتیارانی گوندی بێڕەشكە ڕاگەیاند: بیرۆكەی بەكارهێنانی دەڕاسە بۆ دروێنەكردنی بەرهەمی نۆك دەگەڕێتەوە بۆ داواكاری من و چەند جوتیارێكی تری ناوچەكە، كە داوامان لە خاوەن دەڕاسەیەك كرد، بە ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەك لە بێژنگی دەڕاسەكەیدا كە لەگەڵ دەنكە نۆكەكان بگونجێت، دواتر تاقیمانكردەوە لەسەر چەند دۆنمێك لە بەرهەمی نۆك و زۆر سەركەوتوو بوو.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوە بۆ یەكەمجارە لەو سنورە و تەنانەت لە هەرێمی كوردستانیش دەڕاسە بەكاربهێنرێت بۆ كۆكردنەوەی بەرهەمی نۆك، لە كاتێكدا پێشتر تەنها لەڕێگەی جوتیار و كرێكار و بە شێوەی دەست كۆدەكرایەوە، كە پێی دەوترێت دەسكەنەی نۆك، بۆیە ئەم داهێنانە ئاسانكارییەكی زۆریشی بۆ جوتیاران كردووە و چیتر لەمەودوا ئەو ماندوبونەی پێشووتریان نابێت لە ناشتنی بەرهەمی نۆكدا.

ئەو جوتیارە ئەوەشی وت: جۆری نۆك و شێوەی كێڵانی زەویەكانیش كاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت بۆ كاركردنی دەڕاسەكە، بە جۆرێك ئەگەر پێش ناشتنی نۆكەكە زەویەكە تەختبكرێت و نەكرێت بە شێوەی گۆل، بۆ كاركردنی دەڕاسەكە زۆر ئاسانە و كەمترین نۆكیش بە فیڕۆ دەچێت، هاوكات نۆكی جۆری هۆڵەندیش باشترین نۆكە كە باڵای بەرزترە لە نۆكی ئاسایی و بۆ دەڕاسەكە ئاسانتر دروێنەدەكرێت.

هەروەها بەكر مەجید، یەكێكی تر لە جوتیارانی گوندی ناوگردان-ی سەر بەشارۆچكەی سەیدسادق وتی: بەكارهێنانی ئەم دەڕاسەیە لە دروێنەكردنی بەرهەمی نۆك لەگەڵ ئەوەی ئەركێكی زۆری لەكۆڵ كردوینەتەوە لە هەمان كاتیشدا لەڕووی تێچوونەوە لە سوودی جوتیاراندایە، چونكە كاتژمێرێكی كاركردنی دەڕاسە بە 60 هەزار دینارە، كە لەو كاتژمێرەدا نزیكەی ڕووبەری دوو دۆنم نۆك دروێنە دەكات، ئەگەر بە كرێكار دەسكەنەی بكەین بە دوو ڕۆژ و بە 10 كرێكار تەواو نابێت و تێچووی زیاتریشی تێدەچێت.

ئەو جوتیارە ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بە كرێكار دەسكەنەی نۆك بكەین ئەوا دەبێت هەباشەی تایبەتی بۆ بهێنین و پاشان شەنی بكەین و بیكەین بە بادا بۆ ئەوەی نۆكەكە و كاكەی جیا ببێتەوە و ئەمەش پێویستی  بە كاتێكی زۆر و ژمارەیەكی زیاتری كرێكار و جوتیار دەبوو، بۆیە ئەمە هۆكارێك دەبێت كە لە ساڵی داهاتوودا ژمارەیەكی زیاتر لە جوتیارانی سنورەكە زەوییەكانیان بە نۆك بچێنن.

ئەگەرچی دروێنەکردنی نۆک بە دەڕاسە لە بەرژەوەندی جوتیارانە، بەڵام هاوکات دەبێتە هۆی بیکاربوونی سەدان کەس لە هەرێمی کوردستان کە ساڵانە وەک کرێکار دەسکەنەی نۆک دەکەن و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، بە تایبەتی ژنان دەسکەنەی نۆک دەکەن.



PM:02:15:24/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 518 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌