بانكێك بڕی 50 ملیۆن دینار وەك قەرز بە هاووڵاتییان دەدات بۆ دروستكردنی خانوو

بانكێكی عێراقی ئاشكرای كرد، بڕی 50 ملیۆن دینار وەك قەرز بە هاووڵاتییان دەدات بۆ دروستكردنی خانوو یان زیادكردنی نهۆمێكی تر لە خانووەكەیان.

لە ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانكی ڕافیدەینی عێراقی هاتووە، ئاگەداری هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەكەینەوە كە پێدانی قەرز لە بانكەكە بەردەوامە بە بڕی 50 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ دروستكردنی خانوو یان زیادكردنی نهۆمێكی تر لە خانووەكە.

لە ئاگەدارییەكەی بانكی ڕافیدەین هاتووە، پێویستە ئەو زەوییەی قەرزی بۆ وەردەگیرێت لە ڕووبەرەكەی لە 50 مەتر كەمتر نەبێت، بڕی 50 ملیۆن دیناری پێ دەدرێت.

ئەو ئاگەدارییەی بانكی ڕافیدەین لە كاتێكدایە ئێستە بڕی پارەی قەرزی بێكاریش بە هاووڵاتییان دەدات كە بڕەكەی لە نێوان پێنج بۆ 10 ملیۆن دینارە، بەڵام بەمەرجێك دانیشتووی ناو شارەكانی عێراق نەبێت لە شارۆكەكان بژیت.

بانكی ڕافیدەین ئێستە هیچ لقێكی لە هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام ساڵی ڕابردوو ئاشكرای كرد كە لقی لە هەرسێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.


PM:04:50:23/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌