ئاو وەکو سەرچاوەی ژیان کێشەی ئاو لە کوردستان و جیهاندا

ئاو یەکێکە لە سەرچاوە گەورەکانی ژیانی مرۆڤایەتیی و بە یەکێکیش لە پێداویستییە گرنگەکانی ژیان دادەنرێت، هەروەک چۆن مرۆڤ بەبێ نان و هەوا ناژیت، ئاواش ناتوانێت بەبێ ئاو بژیت. بەپێی سەرچاوە زانستییەکان بێت،مرۆڤ تەنها 4 رۆژ دەتوانێت بەرگەی بێ ئاوی بگرێت1.
هەرلەبەرئەوەشە کە لە هەموو ئایینە پیرۆزەکاندا، گرنگییەکی زۆریان بە ئاو داوەو داوایان لە مرۆڤ کردووە، کە ئاو بپارێزێت و دەستی پێوەبگرێت. لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: (و جعلنا من الما‌و کل شی‌و حی، الایه‌30. صوره‌ الانبیا‌و)
لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا بە شێوەکی بەرفراوان باس لە کێشەی ئاو لە جیهاندا دەکرێت، بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین، زۆرێک لە چاودێرانی ئیکۆلۆژیی و سیاسیش، پێیان وایە، کە لەم ناوچەیەدا جەنگێکی گەورە لەسەر ئاو بەڕێوەیە.
ئێمە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین، تیشكێکی خێرا بخەینە سەر ئەم پرسە و باس لە کێشەکانی بێ ئاویی لە ناوچەکە و جیهاندا بکەین، لەهەمانکاتیشدا تاچەندە ئەم کێشەیە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، هۆکاری ئەم کێشەیە لە جیهان و کوردستاندا چییە و ڕێگا چارەکان چین؟

ئاو لە جیهاندا
ئەمڕۆ لە 71% رووبەری گۆی زەوی بە ئاوی دەریاکان داپۆشراوە، کە کۆی گشتی دەگاتە 1.386 ملیار کم چوارگۆشە. واتە بۆ هەر سانتیمەترێک چوارگۆشە لەسەر زەوی ، 233 لیتری ئاوی بەردەکەوێت، بەڵام لەو رێژە زۆرەی ئاو کە زەوی داپۆشیوە تەنها لە %.0.1 ئاوی پاکە، چونکە نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، لەم رووبەرە زۆرەی ئاو، 96.5.% ئاوی سوێرەو بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، تەنها3.5% ئاوی پاکمان لەسەر زەوی هەیە و بەکەڵکی خواردنەوە دێت، لەم رێژەیەش 2% ی دەکەوێتە ناوچەی بەستەڵەکی باکوور و باشوورەوە، واتە سەهۆڵە. تەنها 1.5% ئاوی پاک و سازگار لەشێوەی رووبارو دەریاچەکاندا لەسەر زەوی هەیە.2

مێژووی گرنگیدان بە کێشەی ئاو
دیارە گرنگیدان بە ئاو وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی ژیان، مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەتایبەتی لەکاتی جەنگەکاندا، ئاو وەکو چەکێک لەدژی نەیاران بەکارهاتووە، بەڵام ئاو وەکو سەرچاوەیەکی ئابووری ، یەکەمجار بۆ سەدەی حەڤدە دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئابووریناسی سکۆتلاندی ئادەم سمیس بەکارهاتووە، کە یەکەم کەسبووە باسی گرنگی و بەهای ئاوی لە ناو پرۆسەی ئابووریدا کردووە.
لەسەدەی بیستەمیشدا بەتایبەتی دوای تەواوبونی جەنگی دووەمی جیهان و دروستبوونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەناو مەحافیلە نێودەوڵەتییەکاندا گرنگی بە ئاو درا. یەکەمین ڕێکخراوی جیهانیش کە گرنگی بە ئاو دا، ئەنستیتوی یاسای نێودەوڵەتیی بوو، ئەم ئەنستیتوتە مێژوویەکی دێرینی لە لێکۆڵینەوە توێژینەوەی گەورە هەیە و ساڵی 1873 دامەزراوەو 120 ئەندامی لەجیهاندا هەیە. لە ساڵی 1961 کۆمەڵە یاساییەکی بەناوی یاسای سالتزبێرگ دەرکرد، تێیدا باس لە چۆنێتی بەکارهێنان و سوود وەرگرتن لەئاو لەجیهاندا دەکات.
دووەمین رێکخراو کە گرنگی بە ئاو دا، کۆمەڵەی یاساناسانی نێودەوڵەتییە کە ئەمیش رێکخراوێکی یاساییی دێرینە و لە ساڵی 1873 دامەزاوەو هەزار ئەندامی لە جیهاندا هەیە، لە کۆبوونەوەی پەنچاو دوو هەمینی کۆمەڵەکەدا، کە لە ساڵی 1967 ئەنجامدرا، کۆمەڵێک یاسای بە ناوی « یاساکانی هیلسینکی « دەرکرد، تێیدا باس لە گرنگی و پێداویستی ئاو دەکات و کۆمەڵێک یاسای لەبارەی بەکارهێنانی ئاوەوە دەرکرد.
بەڵام گرنگترین رێکخراوی جیهانی، کە باسی ئاوی کرد، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە لە ساڵی 1970 لیژنەی یاسای نێودەوڵەتی ڕاسپارد ، کە لە 34 ئەندامی پێکهاتووە، لەبارەی « یاسای ئاوی نێودەوڵەتیی و رووبارەکان» کۆمەڵێک پێشنیاز پێشکەش بکەن. پاش 24 ساڵ لە گفتوگۆ و دانووستان، ساڵی 1994 لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کۆمەڵە یاسایانەی کە لیژنەکە پێشتر رایسپاردبوو گفتووگۆی لەسەرکرا. ساڵی 1996 و 1997 دووبارە ئەو لیژنەیە کۆبوونەوەی خۆی بەست و باسیان لەو کۆمەڵە پێشنیازە کرد3.



ڕێکخراوە جیهانییەکانی بواری ئاو
ساڵی 1996 ئەنجومەنی ئاوی جیهان کە بە « WWC» ناسراوە دامەزرا. ئەم رێکخراوە لەلایەن کەرتی تایبەتیەوە پشتگیری دەکرا. هەر لەهەمان ساڵیشدا کۆمەڵەی « شەراکەتی ئاوی جیهان، GWP» دامەزرا، ئەمیش هەر لەلایەن کەرتی تایبەتیەوە پشتگیری دەکرا. دواتریش لە ساڵی 2000 لیژنەی بەکارهێنانی سەرچاوە ئاویەکان کە بە «WWAP « ناسراوە، لە ناو نەتەوە یەکگرتووەکان دروستبوو، کەلە 24 رێکخرا و کۆمەڵەی جیهانی پێکهاتبوو.
بەڵام گرنگترین کۆبوونەوەی جیهانی لەبارەی ئاوەوە بەسترابێت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992 کە لە دوبلینی پایتەختی ئێرلەندا بەسترا، لەم کۆنگرەیەدا کۆمەڵێک پێشنیازی گرنگیدا لەسەروهەمووشیانەوە ئەوەبوو، کە ئاوی وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری داناو ، ئاوی وەکو کاڵایەکی ئابووری دانا، لێرەوە ئیتر ئاو بوو بە کاڵایەک و نرخی لەسەر دانرا.

کێشەی بێ ئاوی لە جیهاندا
دیارە ئەمڕۆ لە جیهاندا کێشەیەکی گەورەی بێ ئاووی سەریهەڵداوە، بەشێکی زۆری وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، بەدەست کەمی ئاوییەوە دەناڵێنن، دیارە هۆکاری ئەم کێشەیەش زۆرن، هەندێکیان پەیوەندیان بە مرۆڤەوە هەیە، هەندێکیشیان پەیوەندیان بەسروشت و پێگەی جوگرافی ئەو وڵاتانەوە هەیە.

ناعەدالەتی سروشت
کاتێک سەیری نەخشەی جیهان دەکەین، سەیر دەکەیت سەرچاوە ئاوویەکان بەشێوەیەکی ناعادیلانە بەسەر وڵاتاندا دابەشبوون، بۆ نموونە وڵاتانی وەکو : «نیوزلاند،روسیا،سوید، کەنەدا» زۆرترین رێژەی ئاوی پاکیان هەیە، کە چی دوو کیشوەری مەزنی وەکو ئاسیا و ئەفریقا، لەرووی سامانی ئاوییەوە زۆر هەژارن. لێرەدا ئەم ناعەدالەتییەی سروشت، کێشەی زۆری بۆ مرۆڤەکانی کیشوەرانی ئەفریقا و ئاسیا خوڵقاندووە، چونکە لێرەدا سەرچاوەی ئاو زۆر هەژارە، ئەمەش لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ئەم ناوچانە زۆرە و هەرئەمەش وایکردووە ، کە داواکاری لەسەر ئاو زۆربێت جا بۆ خواردنەوە بێت یان بۆ کشتوکاڵ یان بۆ پیشەشازیی و شتی تر بێت.

خراپ بەکارهێنانی ئاو لە جیهاندا
هۆکارێکی تری کێشەی بێ ئاوی لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی ئاو لەلایەن خەڵکییەوە. دیارە ئەمڕۆ لەجیهاندا بەهۆی زۆربوونی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەوە، وایکردووە کە ڕێژەیەکی زۆرتر ئاو لەچاو ساڵانی تردا بەکاربهێنرێت، لە لایەکی تریشەوە بەهۆی زۆربوونی دانیشتوانەوە، وایکردووە کە داواکاری لەسەر ئاو زۆرتربێت، هەربەهۆی زۆربونی ژمارەی دانیشتوانیشەوە وایکردووە کە دواکاری لەسەر نان و شمەک و پێداویستی ژیانی زۆرتر بێت، بە واتایەکی تر دەبێت مرۆڤ بەرهەمی کشتووکاڵیی و پیشەشازی زیاد بکات، تاوەکو پێداویستییەکانی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوان پڕبکرێتەوە. ئەمەش وا دەکات کە رێژەی زەوی کشتوکاڵی زۆر بێت، لەهەمانکاتیشدا بەهێزبوونی کەرتی پیشەشازیش، ئەم دوووانەش پێکەوە بوونەتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ زیاتر ئاو بەکاربهێنێت. دەبینیت چەندە مرۆڤ بەرەو مۆدێرنیتە هەنگاوبنێت، ئەوەندەش پێداویستی بە ئاو زۆرتر دەبێت.
ئەمڕۆ لەتەواوی جیهاندا لە 70% بەکارهێنانی ئاو لە بواری کشتوکاڵیدا بەکاردەهێنرێت، لە 25 % بۆ کەرتی پیشەشازی بەکاردێت، تەنها 5% بۆ خواردنەوەو خۆشتن و پاککردنەوە لەلایەن مرۆڤەوە بەکاردێت .



خراپی ئیدارەدانی ئاو
لەلایەکی ترەوە لەڕووی ئیدارەدانی ئاوەوە، بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەی کە کێشەی بێ ئاویان لە جیهاندا هەیە، بەدەست خراپی ئیدارەدانی ئاوەوە دەناڵێنن، زۆرجار بڕێکی زۆری ئاو بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی لێ ببینرێت، بەفیڕۆ دەچێت. دەتوانین هەرێمی کوردستان و عیراق بەنموونە بهێنینەوە، کە دواتر بە درێژی باسی لێوە دەکەین.

گۆڕانی کەشووهەوای جیهان
هۆکارێکی تری کەمبوونەوەی سامانی ئاوی پاک لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەم دواییەدا بەسەر کەشووهەوای جیهاندا هاتووە، چونکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ڕێژەی بەهەڵمبوونی ئاوی رووبارەکان زیاد دەکات، لەهەمانکاتیشدا بەشێکی زۆری ئاوی رووبارو کانیاوەکان بەهۆی وەرزی بێ بارانیی و ووشکەساڵیەوە ووشک بوون.

رێگا چارەی نوێ
زۆربەی چاودێرانی ئیکۆلۆژی پێیان وایە، راستە گۆڕینی کەشوو هەواو زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی کاریگەری گەورەی بەسەر دروستبوونی کێشەی کەمی ئاوەوە هەیە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هێشتا مرۆڤ دەرفەتی زۆر گەورەی بەدەستەوە ماوە، کە بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵبێت، ئەویش لەرێگای باش بەکارهێنانی ئاو و زێدەڕۆیی نەکردن لە بەکارهێنانی بە شێوەیەکی خراپ. لە لایەکی تریشەوە مرۆڤ دەتوانێت سوود لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن وەربگرێت بۆ دووبارە پاکردنەوەی ئاو یان سوود وەرگرتن لە ئاوی دەریا، بە تایبەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ریساکلین، ئەمڕۆ لە جیهاندا بەتایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، ریساکلین وەکو رێگا چارەیەک سەیر دەکرێت.

«ریساکلین «دووبارە بەکارهێنانی ئاو لە جیهاندا
ئەمڕۆ لەجیهاندا پرسێکی گرنگی تەکنەلۆژی لە بواری ئاودا هاتۆتە ئاراوە ئەویش تەکنیکی « ریساکلین، یان دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو» ئەمەش لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەکاندا بەکاردێت، کاتێک دووبارە ئاوی زێراب و پاشەڕۆکان لەرێگەی ئامێری تایبەتەوە، ئەو ئاوە پیسە پاکدەکرێتەوەو بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لەبواری کشتوکاڵدا، وڵاتانی وەکو : ژاپۆن، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئەمریکا، کۆریای باشور» لەم بوارەدا لەپێشەنگی وڵاتانی جیهانن، لێ بەداخەوە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان لەم بوارەدا زۆر لاوازن.
جگە لە وەش زۆر وڵات ناچارە ئەم تەکنیکە بەکاربهێنێت بۆ سوود وەرگرتن لە ئاوی دەریا و پاککردنەوەی لەو سوێرییە زۆرە،چونکە لەرووی سەرچاوەی ئاوییە زۆر هەژارن، هەرچەندە ئەمەش لەرووی تێچوونەوە بڕە پارەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام وەکو رێگا چارەیەکی گەورەش دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی بێ ئاویی، دەتوانین وڵاتانی کەنداوی فارسی بە نموونە بهێنینەوە، ئەوان زۆربەی پێداویستی ئاوەکانیان لە رێگای پاککردنەوەی ئاوی دەریاوە دابین دەکەن.



کێشەی بێ ئاوی لە گێتی عەرەبیدا
ئەمڕۆ وڵاتانی عەرەبی لەناو نەخشەی سیاسی جیهاندا پێگەیەکی ستراتتییژی گرنگیان هەیە بەتایبەتی لەڕووی سامانی گاز و نەوتەوە، بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی لەڕووی سامانی نەوت و گازەوە زۆر دەوڵەمەندن، بەڵام زۆربەی دەوڵەتە عەرەبییەکان کێشەیان لەڕووی سامانی ئاوی پاکەوە هەیە. هەرئەمەش وایکردووە کە بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی کێشەی بێ ئاویان هەبێت.
دیارە ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە، لێرەدا هەوڵ دەدەین باس لە هەندێکیان بکەین.

سروشتێکی خراپ
بەشێکی زۆری وڵاتە عەرەبییەکان ، وڵاتانی سەحراویین و زۆرکەم رووبار یان دەریاچەی ئاوی پاکیان هەیە، هەروەها ڕێژەی باران بارین تێیاندا زۆرکەمە. لەلایەکی ترەوە لە 90% زەوی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی بیابان و ناوچەی بێ ئاوە. دەتوانین ئەمە بەهۆکاری سەرەکی دابنێین.

کەمترین رێژەی ئاوی پاک لە جیهاندا
لەبەرامبەر ئەو سامانە زۆرەی نەوت و گاز، دەبینیت وڵاتانی عەرەبی لە سامانی ئاوی پاکدا، رێژەیەکی زۆر کەمیان بەردەکەوێت. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمی سەرچاوە ئاویییەکان لەلایەک و کەمی رێژەی باران بارین لەلایەکی تر. ڕێژەی بارانبارین لەم ناوچانە زۆرکەمە و ساڵانە دەگاتە 300 ملیمەتر، کەئەمەش ڕێژەیەکی کەمە. هەرئەمەش وایکردووە کە وڵاتە عەرەبییەکان بەشێکی زۆر کەمی ئاوی پاکی جیهانیان بەربکەوێت، کۆی گشتی پشکی وڵاتە عەرەبییەکان لە سامانی ئاوی پاک لە جیهاندا دەگاتە نزیکەی 0.7% کەئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە، بۆ نموونە ڕێژەی ئاوی پاک لە وڵاتێکی وەکو فەرەنسا، زۆرترە لە تەواوی ئاوی پاکی هەموو وڵاتانی عەرەبی 5.

زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان
هۆکارێکی تری کێشەی بێ ئاوی زۆربوونی رێژەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتانی عەرەبییە بەشێوەیەکی خێرا، گەشەی دانیشتوان لە وڵاتانی عەرەبی بە ڕێژەی 2-3% یە، ئەمەش وایکرووە کە داواکاری لەسەر ئاو لەم وڵاتانەدا بە رێژەی 4-5% زیاتر بکات. وڵاتێکی وەکو میسر لە نیوەی ساڵانی سەدەی بیستەمدا ژمارەی دانیشتوانی نەدەگەیشتە 15 ملیۆن، لە ئێستادا دەگاتە سەرو 90 ملیۆن کەس .6
جێگەی ئاماژەیە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی عەرەبی، لە هەموو روویەکەوە کێشەی گەورەی بۆ دروستکردون بە تایبەتیش لەرووی ئابووری و سیاسییەوە.

کێشەی سەرچاوە ئاویەکان
خاڵێکی تری کێشەی بێ ئاوی لە گێتی عەرەبیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەشێکی زۆری سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ نموونە ڕووبارەکانی « نیل، دیجلە، فورات،لیگانی ، ئوردون» لە وڵاتانی ناعەرەبیەوە هەڵدەقووڵێت و وڵاتە عەرەبییەکانیش کێشەی سیاسی و سنووری زۆریان لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە هەیە. لە 67% سەرچاوە ئاوییەکان گێتی عەرەبی لە وڵاتانی ناعەرەبییەوە هەڵدەقوڵێت، عەرەبەکانیش هەتاوەکو ئێستا نەیانتوانییوە رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە بکەن. لەلایەکی تریشەوە زۆرێک لەو دەوڵەتانەش، ئاو وەکو چەکێکی کوشندە لەدژی وڵاتانی عەرەبی بەکاردەهێنن.

خراپ بەکارهێنانی ئاو
یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئاو لە وڵاتانی عەرەبی ، خراپی بەکارهێنان و ئیدارەدانی ئاوە ، بەشێکی زۆری وڵاتە عەرەبییەکان، لەڕووی بەکارهێنانی ئاوودا، خاوەنی تەکنیکێکی باش نین، لەهەمانکاتیشدا ئیدارەیەکی باش بۆ سامانی سروشتی ئاو نییە، بۆ نموونە وڵاتێکی وەکو عیراق، لەکاتێکدا خاوەنی دوو ڕووباری گەورەیە، بەڵام یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کێشەی کەمی ئاوییی هەیە، ئەوەش بەشێکی زیاتر بۆ خراپی ئیدارەدانی ئاو دەگەڕێتەوە. ئەگەر وڵاتە ئەفریقییەکان بەهۆی کەمی داهاتی داراییەوە نەتوانن ئاوی پاکیان دەستبکەوێت، ئەوا عیراق هەم خاوەنی سامانێکی زۆری ئاوە، هەم خاوەنی داهاتێکی بەرزی ئابووریشە، بەتایبەتی لەڕووی سامانی نەوت و گازەوە.، بەڵام دەبینین ئەم وڵاتە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە رووبەروی کێشەی بێ ئاویی دەبێتەوە، کەئەمەش زیاتر بۆ خراپی ئیداری سیاسیی دەگەڕێتەوە.

ئاو وەکو بەشێک لە جەنگی عەرەب و ئیسرائیل
ماوەی شەست ساڵێک دەبێت جەنگێکی سەخت لەنێوان وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسرائیلدا هەیە، ئەم جەنگەش هەتاوەکو ئەمڕۆ بەشێوەیەک لە شێوەکان بەردەوامە. لەم جەنگەشدا ئاو بۆتە بەشێک لە ململانێی عەرەب و ئیسرائیل.

ئوردون 
لەئێستادا ئیسرائیل بەشێکی زۆری سەرچاوە ئاویەکانی ئوردون وسوریا ولوبنانی داگیرکردووە. بۆ نموونە ڕووباری ئوردون لە 80% پێداویستییەکانی ئوردون پێکدەهێنێت، کۆی گشتی ئاوەکەی دەگاتە 1290 ملیۆن مەتر چوارگۆشە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەم ئاوەش دەکەوێتە ژێردەستی ئیسرائیلەوە. لەلایەکی ترەوە ئیسرائیل توانی رێرەوی ئەم ئاوە بگۆڕێت و لەڕێگەی پرۆژەیەکی تایبەتەوە، ئاو بگەینێتە سەحرای نەقەب. هەروەها ئیسرائیل دەستی بەسەر دەریاچەی تەبەریە گرتووە ئەم دەریاچەیەش کۆی گشتی ئاوەکەی دەگاتە 630 ملیۆن م، چوارگۆشە، ئیسرائیل دەستیشی بەسەر ئەم دەریاچەیە گرتووە. لەبەرئەوە ئەمڕۆ وڵاتێکی وەکو ئوردون بەدەست کەم ئاویەوە دەناڵێنێت.

لوبنان
لەلایەکی تریشەوە ئیسرائیل دەستی بەسەر سەرچاوەکانی رووباری لیگانی گرتووە،کە کۆی گشتی ئاوەکەی دەگاتە 4 ملیار م چوارگۆشە، ئەم رووبارە 40% ی پێداویستی کارەبای لوبنان دروست دەکات ، هەروەها ئەم رووبارە وەکو شادەماری کشتوکاڵی و ئاوخواردنەوە بۆ لوبنان دادەنرێت. بەڵام ئیسرائیل توانیویەتی دەست بەسەر سەرچاوەکانی ئەم ئاوەدا بگرێت و لە رێگەی کۆمەڵێک پرۆژەشەوە توانیویەتی 50% ی ئاوەکە بۆ خۆی بدزێت.

سوریا
شوێنێکی تری ململانێیەکە گردۆڵکەکانی جۆلانە، لەساڵی 1967 ەوە ئیسرائیل ئەم ناوچەیەی داگیریکردووە بەهی خۆشی دەزانێت. رووبەری گشتی ئەم ناوچەیە 1860 کم چوارگۆشەیە، بەڵام ئەم ناوچەیە لەرووی رێژەی بارانبارینەوە، ناوچەیەکی زۆر بەپیتە و ساڵانە 1.5 ملیار مەتر چوارگۆشە ئاوی لێدەبارێت. ئیسرائیل لەرێگەی هەڵکەندنی بیرە ئاوەوە، وایکردووە بەشێکی زۆری ئەم ئاوە بۆخۆی بەرێت، لەبەرئەوە ئەم ناوچەیە وەکو سامانێکی تری و سەرچاوەی ئاوی ئیسرائیل دادەنرێت. 7 یەکێکیش لەو هۆکارانەی کە ئیسرائیل ئامادە نییە ئەم ناوچەیە بداتەوە بە سوریا، جگە لە پێگە ستراتیژییەکەی، پەیوەندی بە ئاوەوە هەیە.

میسر و کێشەی بێ ئاوی 
هەرچەندە میسر خاوەنی سامانێکی ئاوی زۆرەو ڕووباری نیلی پێدا تێدەپەڕێت کەیەکێکە لە رووبارە گەورەکانی جیهان. کۆی گشتی سامانی ئاو لە میسر دەگاتە 72 ملیار مەتر چوارگۆشە. لەم رێژەیەش، نیل 55.50 ملیاری م چوارگۆشەی پێکدەهێنێت، 7.40 ملیاریش لەرێگەی ئاوی ژێرزەویەوە، 9،10 ملیار م چوارگۆشەش لە رێگەی دووبارە بەکارهێنانی ئاو « ریساکلین» دەبێت8.
هەرچەندە پێشتر میسر کێشەی کەم ئاوویی نەبوو، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، ڕووبەروی ئەم کێشەیە بوویەوە، ئەویش لەبەر دوو هۆکار:
یەکەمیان: زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی میسر، کە لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی میسر گەیشتۆتە سەرو 90 ملیۆن کەس، ئەمەش وایکردووە کە پێداویستی خەڵكی بۆ ئاو زیادبکات، لەکاتێکدا داهاتی سەرچاوە ئاوییەکانی وەکو خۆیەتی بگرە کەمیشی کردووە. جێگەی ئاماژەیە مەسەلەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان بۆتە کێشەیەکی گەورەی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی بۆ میسر ، لە ماوەی پێشوودا عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسریش لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: کێشەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، هیچی کەمتر نییە لەکێشەی تیرۆر کە رووبەروی دەوڵەتی میسر دەبێتەوە.
دووەمین: بوونی کۆمەڵێک پرۆژەی بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی رووباری نیل لەلایەن ئەسیوپیاوە، بەتایبەتی دروستکردنی بەنداوی نەهزە، بۆتە ترسێکی گەورە بۆسەر میسر. هەرچەندە حکومەتی ئەسیوپیا چەندینجار رایگەیاندووە، کە ئەم پڕۆژانە زەرەریان نابێت بۆ پشکی میسر لە ئاوی نیل و ئەوان پابەندن بەو رێژەیەوە، لێ حکومەتی میسر زۆر باوەڕ بەم قسانەی ئەسیوپییەکان ناکەن و ئەوان مەسەلەی رووباری نیل وەکو پرسێکی ئاسایشی نیشتمانی دادەنێن.
لەلایەکی ترەوە ئەسیویپیەکان دەڵێن: ئەوان ئەم پڕۆژانە زۆر گرنگ بۆیان بەتایبەتی بۆ دابینکردنی کارەبا و باشکردنی زەوی کشتووکاڵی لەو وڵاتە. بەڵام حکومەتی میسری ئەم پرۆژانەی ئەسیوپیا وەکو فشارێکی سیاسی دادەنێت بۆ سەر خۆیان، بەتایبەتی لەماوەی پێشوودا چەند دوژمنێکی حکومەتی میسر لە پێش هەموویان « قەتەر و تورکیا> پەیوەندی زۆربەهێزیان لەگەڵ حکومەتی ئەسیوپیا دروستکردووە، کەئەمەش بۆتە ترسی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی میسر.

عەرەبستانی سعودیە
وڵاتێکی تر کە هەمیشە کێشەی ئاویی پاکی هەبووە، وڵاتی عەرەبستانی سعودیەیە، دیارە ئەم وڵاتە بەهۆی بوونی سروشتێکی سەحراویی و نەبوونی رووباری گەورەو کەم باران بارینەوە، وایکردووە کە رێژەی ئاوی پاکی کەمبێت، هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی تەکنیکی پاکژکردنەوەی ئاوی دەریا، توانی بەسەر ئەم کێشەیەدا سەربکەوێت، بەڵام ئەمەش لەڕووی داراییەوە، زەرەری زۆی لێداوە، چونکە بڕی تێچوونی زۆر گرانە.

پرۆژەکانی تورکیا لەدژی عیراق و سوریا
تورکیا لەوەتی دروستبووە کێشەی بۆ وڵاتانی دراوسێی دروستکردووە، چ لەسەردەمانی پێشوو چ لە ئێستادا، یەکێک لەکێشە گەورەکانیش پرسی ئاوە، دیارە تورکیا سەرچاوە‌ی هەردوو رووباری ئاوی فوارت و دیجلەیە ، هەرئەمەش وایکردووە کە کۆمەڵێک پرۆژەی بەنداو دروستکردن بەناوی پرۆژەکانی « گاپەوە « دابنێت کە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ناوچەکە .

پرۆژی گاب
یەکێک لەو پرۆژە ترسناکانەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا تورکیا جێبەجێی دەکات، پرۆژەی گاپە. ئەم پرۆژەیە واتای» پرۆژەی گەشەپێدانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ.» سەرەتای بیرۆکەی ئەم پرۆژەیە بۆ ساڵانی سیی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، یەکەمین وڵاتیش ئەم پرۆژە ترسناکەی پیشانی تورکەکان دا، سوێدیەکان بوون. هەرچەندە لە جیهاندا سوێدیەکان خۆیان بە دەوڵەتێکی ئاشتیخواز دادەنێن، بەڵام لە راستیدا وانییە. لە شەست و حەفتاکانەوە، حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی تورکیا خەریکی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیەن.

ناوەڕۆكی ئەم پرۆژەیە
ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە گەورەکانی تورکیا، ڕووبەرێکی فراوانی زەوی داگیر دەکات و دەگاتە نزیکەی 75358 کم چوارگۆشە، واتە 9.63% کۆی گشتی خاکی تورکیا. بەپێی هەندێک سەرچاوە، نزیکەی 20 بۆ 25% خاکی باکوری کوردستان داگیردەکات. ئەم پرۆژەیە بریتییە لە دروستکردنی 13 پرۆژەی گەورەی ئاوی، حەوتیان لەسەر رووباری فورات و شەشیان لەسەر دیجلە. ئەم 13 پرۆژە ئاویەش بریتییە لە : دروستکردنی 19 وێستگەی دروستکردنی کارەبا و 22 بەنداو لەسەر رووباری فورات، هەروەها دروستکردنی 38 وێستگەی کارەبایی و 37 عەماری کۆکردنەوەی ئاو لەسەر رووباری دیجلە . 9
ئەم بەنداوانە دەتوانن بڕی 128 ملیار م چوارگۆشە ئاو کۆبکەنەوە، لەهەمانکاتیشدا دەتوانێت نزیکەی 25 ملیار کیلۆ وات کارەبا دروست بکات. کۆی گشتی تێچوونی ئەم پرۆژەیەش، دەگاتە 30 تا 35 ملیار دۆلار .10

ئامانجی شاراوەی تورکیا لەم پرۆژانە
دیارە تورکیا لەم پرۆژەیەدا کۆمەڵێک ئامانجی شاراوەی هەیە لێرەدا بە کورتی باسی لێوەدەکەین.
1. یەکەم داگیرکردنی بەشێکی خاکی کوردستان، چونکە ئەم پرۆژەیە رووبەرێکی زۆر داگیردەکات، ئەمەش لەناوچە کوردنشینەکانە، نەک تورکنشینەکان،
2. کۆچکردنی بەکۆمەڵ. لەئەنجامی دروستکردنی ئەم پرۆژەیە، زیاتر لە 1،5 ملیۆن و نیوێک هاوڵاتی ناچار دەبن، زێدی خۆیان جێبهێڵن.
3. گۆڕاندن لە دیمۆگرافی ناوچەکە. ئەنوەر قومبارجی وەزیری دانیشتوان و ئاوەدانی تورکیا ڕایگەیاند: نابێت تەنها سەیری سوودە ماددیەکانی پرۆژەی گاپ بکرێت، بگرە دەبێت سەیری سوودەکان سیاسیەکانی ئەم پرۆژەیە بکەین، ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کەمکردنەوەی حەساسیەتی رەگەزی کوردی و تورکی.
کوردەکان بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە، ناچار دەبن واز لە زەویوزارەکانی خۆیان بهێنن گوندەکانیان چۆڵ بکەن و ڕوو لە شارە تورکیەکان بکەن، ئەمەش سیاسەتی بەردەوامی حکومەتە تورکیەکانە، کە کوردەکان لەناو شارە گەورە تورکییەکان بتوێننەوە.
4. لە کاتێکدا تورکیا دەڵێت ئامانج لەم پرۆژەیە ئاوەدانییە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، چونکە زیاتر لە 3500 گوندی دەڤەرەکە، ئاوی پاکیان نییە، هەروەها 24% و گوندەکانی دەڤەرەکە، کارەبایان نییە .
5. بەکارهێنانی ئەم پرۆژەیە وەکو کارتێکی سیاسی فشار لەسەر عیراق و سوریا ، ئەمەش بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر ئەم دوو دەوڵەتەدا.
6. لەناوبردنی شوێنەوارە کوردییە مێژوویەکان، بۆ نموونە رووخان و بەژێر ئاوکەوتنی گوندی « حەسەن کێف» کەمێژووی بۆ دوو هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە11.
هەرچەندە ئەم پرۆژانەش لەڕووی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە نایاساییە و دژی بنەماکانی ڕاگرتنی رێزە بۆ دراوسێکان، بەڵام تورکیا لەم پرۆژە دوژمنکارانەی بەردەوامە. لەئێستادا بەهۆی پرۆژەکانی گاپەوە، گەلانی کوردستان و سوریا و عیراق، بەتایبەتی لەباشووری عیراق، رووبەروی کۆمەڵێک کێشەی گەورە بونەتەوە. زۆرێک لە چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، یەکێک لە هۆکاری دروستبوونی داعش و رۆڵی تێکدەرانەی تورکیا لە عیراق وسوریا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە تورکیا نایەوێت ئارامی سیاسی لە عیراق و سوریا هەبێت، هەتاوەکو ئەوان لە جێبەجێکردنی پرۆژەی « گاپ» بەردەوام بن، چونکە بۆ ئەوان بوونی حکومەتێکی بەهێز لە سوریاو عیراق، مایەی هەڕەشەیە بۆیان و تەواوی پرۆژەکانیان لێتێکدەداتەوە، هەربۆیە هەمیشە تورکیا هەوڵی لاوازکردنی ئەم دوو دەوڵەتە دەدات.

پرۆژەکانی ئێران
ئێرانیش وەکو تورکیا ، لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا کۆمەڵێک پرۆژەی ئاودێریی و دروستکردنی بەنداو دەستپێکردووە، کە بۆتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ عیراق، بەتایبەتی دروستکردنی بەنداوی « داریان» لەسەر رووباری سیروان، وایکردووە کە ببێتە ترسێکی گەورە بۆسەر ئەم رووبارە، جگە لەوەش لەباشووریشەوە دەستیکردووە بە دروستکردنی بەنداو لەسەر هەردوو رووباری «کارون و کەرخە»، کە دەرژێنە سەر « شگ العرب» ، هەموو ئەم پرۆژانەی ئێرانیش مایەی نیگەرانیی و ترسی عیراق و هەرێمی کوردستانن.

کێشەکانی ئاو لە عیراق
هەرچەندە عیراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە لەڕووی سامانی ئاوەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم وڵاتە کێشەی زۆری لەبواری کەمی ئاودا هەیە ، ئەمەش بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە
1، کەشووهەوای عیراق زۆر گەرمە
وڵاتی عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کەزۆر گەرمە، ئەمەش وایکردووە کە بەشێکی زۆری ئاوی دیجلە و فورات، ببێتە هەڵم و پاشانیش ڕێژەی خوێ لەئاوەکەدا زۆر بێت، کە ئەمەش لەلایەکەوە رێژەی ئاوەکە کەم دەکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە کێشەیەکی گەورەی ئیکۆلۆژی دەخوڵقێنێت بە تایبەتی بۆ زەوییە کشتووکاڵییەکان.
2/ نەبوونی پرۆژەیەکی حەکیمانە بۆ ئیدارەدانی ئاو لە عیراق، بەداخەوە هەتاوەکو ئەمڕۆش عیراق خاوەنی پلانێکی ستراتیژی گەورە نییە بۆ رووبەروبونەوەی کێشەی بێ ئاوی، یان دووبارە بەکارهێنانەوە ئاو.
3/ دروستکرنی کۆمەڵێک پرۆژەی بەنداو لەسەر رووبارەی دیجلە و فورات لەلایەن تورکیاو ئێران وسوریاوە،
4/ ڕووەکی « گیای نیل» کێشەیەکی تری رووبارەکانی دیجلە و فوراتە، ئەمیش جۆرە گیایەکە کە زەرەری زۆر بە ئاوەکە دەگەیەنێت، چونکە بڕێکی زۆری ئاو هەڵدەمژێت و لەسەر ئەو ئاوە دەژی، بۆ هەر گیایەک ڕۆژانە یەک لیتر ئاو دەبات، هەروەها دەبێتە رێگری گەورە لەبواری کەشیتوانیدا، جگە لەوەش دەبێتە هۆی پسیپوونی ژینگەی ئاو. ئەمەش دەبێتە کێشەیەکی تری ئەم دوو رووبارە 12.
5/ جەنگە زۆرەکانی عیراق، بەتایبەتی جەنگی کەنداو و ئەمریکا.
هەموو ئەمانە و کۆمەڵێک هۆکاری تریش بوونەتە هۆی دروستبوونی کێشەی بێ ئاووی لە عیراقدا .
ووشکردنی هۆڕەکانی باشووری عیراق
یەکێک لەسیاسەتە نامرۆیی و ناعەقڵانییەکانی ڕژێمی بەعسی سەدامی، سیاسەتی ووشكردنی هۆڕەکانی باشوور بوو.
دیارە سیاسەتی ووشكردنی هۆڕەکانی باشوور، لەساڵی 1991 ەوە بەتایبەتی لەپاش ڕاپەرینە مەزنەکەی شارەکانی باشوور دەستیپێکردو هەتاوەکو ساڵی 2003 بەردەوام بوو. رژێمی بەعس توانی 90% ی هۆڕەکانی باشووری عیراق لەناوبەرێت و ئاویان لێبگرێتەوەو ووشکیان بکات. هەموو ئەمانەش لەبەرئەوەی رژێمی بەعس دژی خەڵكی راپەریووی باشوور بوەستێتەوە 13.

مێژوویەکی دێرین 
دیارە ئەم ناوچانە مێژوویەکی ئێجگار دێرینیان هەیە و بە پێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی بێت، مێژووی ئەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ 2 هەزار پێش ئێستا، ئەم ناوچانە لە سەردەمانی شارستانییەکانی بابلیەکانەوە خەڵكی تێدا ژیاوە. لەبەرئەوە بەشێکی زۆری مێژوونوسان خەڵكی هۆڕەکان ، بە دێرینترین خەڵكی عیراق دادەنێن.14

هەوڵی زیندووکردنەوەی هۆڕەکان
بەڵام لەپاش پرۆسەی ئازادکردنی عیراقەوە، جارێکی تر حکومەتی عیراقی هەوڵیدا هۆڕەکان زیندووبکاتەوەو ئاویان بۆ بەربداتەوە، هەتاوەکو ئێستاش نزیکەی 90% ی ناوچەکانی هۆڕەکان بوژاونەتەوەو خەڵکەکەی گەڕاوەتەوە شوێنی خۆیان. بەڵام دووبارە بەهۆی پرۆژەکانی ئێران و تورکیاوە، دووبارە ترسی ووشكبوونی ئاوی هۆڕەکان هەیە.

پرۆژەی شگ العرب
یەکێک لەپرۆژە گەورەکانی دوای پرۆسەی رزگارکردنی عیراق، پرۆژەی «شگ العرب» ئەم پرۆژەیە 373000 دۆنم زەوی داگیر دەکات و لەدوو بەش پێکدێت، کەرتی باکووری نزیکەی 40 کم درێژە و کەرتی باشووریان 87.400 کم درێژە. کۆی خەرجی گشتی ئەم پرۆژەیە 350 ملیار دیناری عیراقی تێدەچێت. ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆژەیەش ، پێدانی ئاوی پاکە بەناوچەی « شگ العرب» و شاری بەسرە15.

بەنداوەکانی عیراق 
لە عیراقدا 7 بەنداوی گەورە هەیە : بەنداوی موسڵ گەورەترینیانە و دەتوانێت بڕی 14 ملیار م چوارگۆشە ئاو کۆبکاتەوە، بەڵام لەئێستادا ئەم بەنداوە کێشەی زۆری هەیە. لەماوەی پێشوودا بەتایبەتی لەکاتی داگیرکردنی شاری موسڵ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە، ترسی رووخانی ئەم بەنداوە هەبوو،چونکە لەرووی « نۆژەنکردنەوە» و ئیکۆلۆژییەوە، ئەم بەنداوە کێشەی گەورەی هەبوو، جگە لەوەش داعش دەیویست بیتەقێنێتەوە، لێ خۆشبەختانە هێزی پێشـمەرگەی کوردستان بەهاوکاری هێزە هاوپەیمانەکان، توانیان ئەم بەنداوە لەچنگی چەتەکانی داعش رزگار بکەن.
دوای بەنداوی موسڵ، بەنداوی دوکان دێت کە دەتوانێت بڕی 7 ملیار م چوارگۆشە ئاو کۆدەکاتەوە. دوای ئەویش بەنداوەکانی» دەربەندیخان و دهۆک، العڤیم، حمرین، حدیپه‌.» دێن. 16.

هەرێمی کوردستان و کێشەی بێ ئاوی
دیارە هەرێمی کوردستان لەچاو ناوچەکانی تری جیهاندا، ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامانی ئاو. لە هەرێمی کوردستاندا چەندین رووبارو دەریاچەو کانیاوی زۆرمان هەیە، جگە لەوەش لەڕووی سامانی ئاوی ژێرزەویشەوە، کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە. هەروەها لەڕووی ڕێژەی بارانبارینیشەوە، لەهەرێمی کوردستان ساڵانە رێژەیەکی باش باران دەبارێت.

هۆکاری کێشەی بێ ئاویی لە هەرێمی کوردستان
لەگەڵ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی ئاو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، لەم هەرێمەدا کێشەیەکی گەورەی بێ ئاوویمان هەیە، بەتایبەتی لەوەرزی ووشکەساڵیدا، دیارە ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سروشتی و مرۆیی.

دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستاندا
دیارە لەهەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک بەنداو هەیە، گرنگترینیان بەنداوی « دوکان و دەربەندیخانە». ئەم دوو بەنداوەش لە رووی نۆژنەکردنەوەوە کێشەیان هەیە، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئەم کێشەیە گەورەتر بووە. لەماوەی چەند ساڵی پێشووشدا، چەند پرۆژەیەکی دروستکردنی بەنداوی بچووک دەستیپێکرا، بەڵام بەشێکی زۆری ئەم پرۆژانە سەرکەوتوو نەبوون، ئەوەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری ئیداریی و سیاسی و جیۆلۆجی و سروشتیی.

دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو و تەکنیکی ریساکلین
هەرچەندە ئەمڕۆ لەتەواوی جیهاندا تەکنەلۆژیای زۆر مۆدێرن بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو بەکاردێت، بەڵام لەهەرێمی کوردستاندا، هیچ بیر لەم تەکنیکە نەکراوەتەوە و هیچ پرۆژەیەکی وامان لەم بارەیەوە نییە، ئەمەش خەوشێکی تری سیستەمی ئاودێریی هەرێمی کوردستانە.
نەبوونی هۆشیاریی و خراپ بەکارهێنانی ئاو لە لایەن خەڵکییەوە
یەکێک لەکێشەکانی کەم ئاوی لەکوردستان دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی ئاو لەلایەن خەڵکییەوە، بەجۆرێک کاتێک ئاو دێتەوە، ئیتر خەڵکی زۆر بە خراپی دەکەونە گیانی ئەم سامانە گرنگەی گەلەکەمان. نەبوونی هۆشیاریی لەلایەن خەڵکییەوە، کێشەی گەورەی بۆ بەکارهێنانی ئاو لە کوردستاندا دروستکردووە، بەداخەوە چ خەڵکی و چ حکومەتیش، هیچ رێگریی وای دانەناوە، بۆئەوەی سنوورێک بۆ خراپ بەکارهێنانی ئاو لەلایەن خەڵکییەوە دابنێت.

بەنداوی بێخمە تاکە هیوای هەرێم و بەغدا 
یەکێک لەپرۆژە گەورەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس لە هەرێمی کوردستاندا، پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی بێخمە یان « بەخمە» بوو، کە لە ڕووی گلدانەوەی ئاو و دروستکردنی کارەباوە، کۆمەڵێک کێشەی گەورەی لە هەرێمی کوردستان و عیراق چارەسەر دەکرد. لێرەدا لەبەر گرنگی ئەم پرۆژەیە، کەمێک لەبارەی مێژوو، هەروەها گرنگی ئەم پرۆژەیەوە دەدوێین.

مێژووی ئەم پرۆژەیە
دیارە دەمێکە حکومەتی عیراق بیری لەم پرۆژەیە کردۆتەوەو مێژووەکەی بۆ ساڵی 1953 دەگەڕێتەوەو لەلایەن کۆمپانیای « هرزا « ی ئەمریکیەوە پێشنیازکراوە. دواتر لەساڵی 1979 لەلایەن کۆمپانیای « EPDC» ژاپۆنی دیزاینی پرۆژەکە دانراوە. دواتر لەساڵی 1986 ەوە لەلایەن کۆمپانیای « ئەنکا» ی تورکی و « هایدرۆکرادینیا»ی یۆگۆسلاڤیاوە دەستکراوە بە کاری هەڵکەندو دروستکردنی بەنداوەکە و بڕی 1.75 ملیار دۆلاری لەلایەن حکومەتی عیراقیەوە بۆ دانراوە، بەڵام بەهۆی جەنگی کوێتەوە پرۆژەکە ڕاگیراوە، هەرچەندە لە 34% ی پرۆژەکە تەوابووبو.17.

ڕووبەر و گرنگی ئەم پرۆژەیە
دیارە دروستکردنی بەنداوی بێخمە یەکێکە لە پرۆژە ئاودێرییە گەورەکانی عیراق و رووبەرێکی فراوان داگیر دەکات، کۆی گشتی ڕووبەری پرۆژەکە دەگاتە16600 کم چوارگۆشە. بەرزیەکەی دەگاتە 230 مەتر و درێژیەکەی 570 م دەبێت،.
ئەم بەنداوە دەتوانێت بڕی 14 ملیار مەتر چوارگۆشە، ئاو کۆبکاتەوە،ئەمەش سوودێکی گەورەی بۆ کشتووکاڵ و ئاوی خواردنەوە و بەرهەمی ماسی دەبێت. جگەلەوەش ناوچەکە دەبێتە، شوێنێکی گەشتیاری گەورەو داهاتێکی گەورەی ئابووری دەبێت. لەلایەکی تریشەوە، لەڕووی دروستکردنی ووزەی کارەباشەوە سوودێکی گەورەی دەبێت و دەتوانێت بڕی 1500 مێگا وات کارەبا دروست بکات، ئەمەش دەتوانێت یارمەتی لە چارەسەرکردنی کێشەی بێ کارەبایی بدات ، هەروەها هەرێمی کوردستان و عیراقیشی لەژێر فشاری ئێران و تورکیا رزگار دەکرد، جگەلەوەش لەرووی سیاسیشەوە دەبووە خاڵێکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان و دەیتوانی لەکاتی پێویست لە دژی دوژمنانی هەرێم بەکاریبهێنیت. 18 .

هەوڵی زیندوکردنەوەی پرۆژەکە
دیارە لەپاش پرۆسەی ئازادکردنی عیراق، دووبارە حکومەتی عیراق لەرێگەی د. لەتیف رەشید وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانەوە، هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەم پرۆژەیە دراو، لەساڵی 2005 ەوە، دووبارە دەستکرا بە دانانی نەخشە بۆ ئەم پرۆژەیە. بەڵام هەوڵەکە سەری نەگرت، ئەویش پەیوەندی بە ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە هەبووە نەک بەغداد. هەندێک میدیای هەرێمی کوردستانیش پێیان وابوو، ئەم پرۆژەیە بەهۆی فشاری حکومەتی تورکیاوە بووە، شکستی هێناوە.
بەهەرحاڵ پرۆژەی بەنداوی بێخمە، گەورەترین هەلە بۆ رزگاربونوی عیراق وهەرێمی کوردستان ، تاوەکو کێشەی بێ ئاویی چارەسەر بکەن.

دوا قسە
بمانەوێت یان نەمانەوێت، ئەمڕۆ چ لە هەرێمی کوردستان وعیراق و جیهانیش، ئاو بۆتە کێشەیەکی گەورە و ساڵانە چەندین کۆڕو کۆبوونەوە لەجیهاندا لەبارەی ئەم کێشەیەوە دەبەسترێت. لەهەمانکاتیشدا بۆتە کاڵایەکی گرنگی ئابووری لە جیهاندا زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابووریش پێیان وایە، بەهای ئاو لەساڵانی داهاتوودا لەچاو بەهای شمەکەکانی تر زیاتر دەبێت، هەربۆیە وا مەزندە دەکرێت، کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین، جەنگێکی گەورە بەهۆی قەیرانی بێ ئاوییەوە سەرهەڵبدات.
بەداخەوە هەرێمی کوردستان هەرچەندە خاوەنی سامانێکی زۆری ئاوە، بەڵام وەکو هەموو شتەکانی تری ئەم هەرێمە، نەتوانراوە سوود لەم سامانە گرنگەی میللەتەکەمان وەربگرین، هەربۆیە تووشی قەیرانی بێ ئاویش بووینەتەوە. هیوادارین لەداهاتوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەیەکی باش و حەکیمانە، بۆ سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان دابنێت، تاوەکو لەکێشەی بێ ئاووی رزگارمان بێت.

ئامادەکردنی: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوەکان:
1. . ستیفن بریشیری- کولومبی. مرکز الامارات للدراسات و البحوث الاستراتیجیه‌. أزمه‌ المیاة فی العالم . ص15
2. د. رمزی سلامه‌ . مشکله‌ المیاة فی الوطن العربی. الطبعه‌ الاولی. شرکه‌ الجلال للطباعه‌. الاسکندریه‌. 2000ص7/
3. ستیفن بریشیری- کولومبی. مرکز الامارات للدراسات و البحوث الاستراتیجیه‌. أزمه‌ المیاه فی العالم . ص15
4. هەمان سەرچاوە
5. د. رمزی سلامه‌ . مشکله‌ المیاة فی الوطن العربی. الطبعه‌ الاولی. شرکه‌ الجلال للطباعه‌. الاسکندریه‌. 2000ص2
6. هەمان سەرچاوە. ص48
7. هەمان سەرچاوە. ص168-160
8. هەمان سەرچاوە 46.
9. د. ولید رضوان. مشکله‌ المیاة بین سوریا و ترکیا. شالطبعه‌ الاولی. شرکه‌ المطبوعات و النشر. ش. م.ل. بیورت 2006ص84
10. عایده‌ العلی سری الدین. العرب و الفرات. بین ترکیا و اسرائیل. الطبعه‌ الاولی. منشورات. دار الافاق الجدیده‌. بیروت..1997. ص39
11. د. سلیمان عبدالله اسماعیل. السیاسه‌ المائیه‌ لدول حوضی دجله‌ و الفرات و انعکاساتها علی القضیه‌ الکردیه‌ . مکرز للدراسات الاستراتیجیه‌ . السلیمانیه‌ . 2004 ص 72
12. نبات عشب النیل . وزاره‌ الموارد المائیه‌ العراقیه‌، 2009
13. نعیم عبد مهلهل . الاهوار. جنه‌ عدن، الحیاه‌ الجدیده‌. دار النینوی للدراستا و النشرو التوزیع. الحبحن الاولی.2007. جنه‌ عدن.
14. هەمان سەرچاوە.

15. « مشروع شط العرب. وزاره‌ الموارد المائیه‌العراقیه‌. 2009

16. اسما‌و السدود القائمه‌ حالیا و مواقعها. مرکز الدراسات الهیدرولوجیه‌. وزاره‌ الموارد المائیه‌. 2006
17. مشروع سد البخمه‌. وزاره‌ الموارد المائیه‌العراقیه‌.2009
18. هەمان سەرچاوە







 print
بابەتی زیاتر
 
قوباد تاڵەبانی چەند بڕیارێكی گرنگ دەردەكات
2018-06-13

 
باج لەسەر چەند كاڵایەك زیاد دەكرێت
2018-06-13

 
لەبارەی نرخەوە، دڵنیایی بە هاووڵاتیان دەدرێت
2018-06-13

 
ئایا رێکخراوی ئۆپیك دەستبەرداری سنوورداركردنی بەرهەمهێنان دەبێت؟
2018-06-12

 
كار بۆ دابەزاندنی نرخی ئامێری پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان دەكرێت
2018-06-12

 
ئەمریكا برەو بە پڕۆژی بچووك لە هەرێم دەدات
2018-06-12

وڵامێک بەجێ بهێڵە
بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *



ناو *

پۆستی ئەلکترۆنی *

ماڵپەر

مانشێت

پێگەی شارەزوور لە شۆڕشی نوێدا (1976-1991)
2018-06-13

ترەمپ و کیم جۆنگ ئاون کۆبوونەوە
2018-06-13

چی دەربارەی دیکتاتۆرە گەنجەکە دەزانیت؟
2018-06-13



PM:11:11:15/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 193 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌