كۆمپانیای نه‌یارای هیندستان هاورده‌كردنی نه‌وتی ئێرانی بۆ وڵاته‌كه‌ی وه‌ستاند


كۆمپانیای نه‌یارای وزه‌ی هیندستان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كڕیارانی نه‌وتی ئێران، هاورده‌كردنی نه‌وتی تارانی بۆ وڵاته‌كه‌ی وه‌ستاند.

له‌ هه‌واڵێكی ئاژانسی رۆیته‌رز هاتووه‌، به‌هۆی سه‌پاندنی سزاكان له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كار له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ده‌كه‌ن، زۆریان كار و پێوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ تاران پچڕاندووه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یش كۆمپانیای نه‌یارای وزه‌ی هیندستان هاورده‌كردنی نه‌وتی له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ئێران وه‌ستاند و ڕێككه‌وتنه‌ ئابوورییه‌كه‌ی نێوانیانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. 

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌م كۆمپانیایه‌ مانگانه‌ بڕی 5.5 تا 6 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی له‌ ئێران هاورده‌ كردووه‌، ئه‌مه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ كێڵگه‌كانی نه‌وتی تاران ڕۆژانه‌ 2.7 ملیۆن به‌رمیل به‌رهه‌م ده‌هێنن.

هیندستان سێیه‌م گه‌وره‌ترین هاورده‌كاری نه‌وته‌ له‌ دنیا، ڕۆژانه‌ بڕی 4.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ وڵاتانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات. 

له‌ ماوه‌ی ڕابردوو زۆر له‌ كۆمپانیا و بانكه‌كان هه‌موو پێوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئێران پچڕاند، به‌مه‌یش زیانێكی زۆر به‌ وڵاته‌كه‌ كه‌وت و ئابووری تاران ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ خراپتر ده‌بێت و دۆخه‌كه‌ سه‌ختتر ده‌بێت. 


AM:09:57:12/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌