خەرجییەکانی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار


رۆژنامەیەکی سەنگافوورە تێچووی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و کۆریای باکوور، ئاشکرا دەکات.

بڕیارە رۆژی 12/6/2018 کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوورر و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە سەنگافوورە لە باشووری رۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا، کۆ ببنەوە.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ستریتس تایمزی سەنگافوورە، لی هسین لونگ، سەرۆک وەزیرانی سەنگافوورە رایگەیاندووە، هەڵبژاردنی وڵاتەکەی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن و پیۆنگ یانگ بەهێز دەکات.

لی هسین لونگ هەروەها رایگەیاندووە، خەرجییەکانی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار، کە نزیکەی نیوەی تەنیا بۆ خزمەتگوزارییە ئاسایشییەکان خەرج دەکرێت و سەنگافوورەش ئامادەیە ئەو خەرجییە دابین بکات.

رۆژی یەکشەممە 10/6/2018، کیم جۆنگ ئون بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە سەنگافوورە و بڕیارە لە کاتێکی دیکەی ئەمڕۆشدا، دۆناڵد ترەمپ بگاتە ئەو وڵاتە.

بە دانوستاندن و رێککەوتنی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهانی لادەچێت، لەکاتێکدا پێش چەند مانگێک، هەردوو سەرۆک هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکیان لە دژی یەکتر، دەکرد.

لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت (رووسیای ئێستا) و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.


PM:05:46:10/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 610 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌