عێراق پێداویستی بازاڕەكانی له‌ بەرهەمی خورما لە سعودیە و ئێرانەوە دابیندەكات

دوای ئەوەی گەورەترین بەرهەمهێنەری خورمابوو، ئێستا عێراق پێداویستی بازاڕەكانی لەو بەرهەمە لە وڵاتانی تری وەك سعودیە و ئێرانەوە دابیندەكات.

ئێران لە رێگەی كۆمپانیاكانی بواری ئۆتۆمبیل و كەلوپەلی كارەبایی و ئامێری فێنككەرەوە بازاڕی عێراقی بە پراكتیكی كۆنترۆڵكردووە و ئێستاش ركابەری دەكات لەسەر فرۆشتنی زۆرترین خورما بە عێراق كە رۆژانێك خودی ئەم وڵاتە بەناوبانگ بوو لەو بەرهەمەدا.

چەندین ساڵ پشتگوێخستن و جەنگ لەگەڵ ئێراندا بەرهەمهێنانی خورمای بە رادەیەك لە عێراق كەمكردەوە كە ئێستا حكومەت بە ئامانجی پارێزگاریكردن لە بەرهەمی ناوخۆیی هاوردەكردنی قەدەغەكردووە، بەڵام ئەم هەنگاوە رێگەی لە بەقاچاخ هاوردەكردنی نەگرتووە و بەرهەمهێنەرە ئێرانییەكان لەناو سندوقی میوەكانی تردا خورما دەشارنەوە.

سعودییەكانیش لە بواری هەناردەكردنی خورمادا هاتونەتە كێبركێكەوە، بەڵام ئێرانییەكان بەسەر بازاڕەكەدا زاڵن و هەندێك لە عێراقییەكان بڕوایان وایە هۆكاری ئەوە بۆ هەژموونی زۆری ئێران دەگەڕێتەوە.

خاوەن كۆمپانیایەكی خورما لە ئێران دەڵێت لە رابردوودا 20%ی بەرهەمی كۆمپانیاكەی هەناردەی عێراق دەكرد، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە گەیشتوەتە زیاتر لە 90%.


سەرەڕای هەنگاوەكانی نزیكبونەوەی نێوان بەغدا و ریاز، بەڵام هێشتا هەژمونی ئێران لە عێراق زیاترە و ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمانن و پەیوەندییەكانیان بە ئابورییشەوە زۆر بەهێزە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانەی نێوان عێراق و ئێران نزیكەی 12 ملیار دۆلارە، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و سعودیە لە ساڵێكدا شەش ملیار دۆرلار تێپەڕناكات. بە گوێرەی راپۆرتەكەی "رادیۆ فەردا".

عێراق لە رابردوودا سێ‌ لەسەر چواری خورمای جیهانی بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئێستا رێژەی بەرهەمی جیهانی ناگاتە 5%.

راوێژكاری كۆمەڵەی هەرەوەزی جوتیارانی عێراق عەباس قوڕەیشی هۆكاری زیاتر هاوردەكردنی خورمای ئێران زیاتر لە سعودیە و كوەیت و ئیمارات بۆئەوە دەگەڕێنێتەوە كە ئێران دەروازەی سنوری زۆری لەگەڵ عێراقدا هەیە.

لە رابردووودا نرخی یەك كیلۆ خورمای عێراقی سێ‌ هەزار دینار ( نزیكەی دوو دۆلار و نیو) بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو ركابەرییە بەهێزەوە نرخەكەی بۆ هەزار دینار دابەزیوە.

ئەوەی كێشەی جوتیارانی عێراقی زیادتر كردووە ئەوەیە كە ئەوان رووبەڕوی كێشەی كەمی ئاو و دەرمانی قڕكردنی مێرووە زیانبەخشەكان بووونەتەوە و هەروەها خۆشیان سوتەمەنی بۆ موەلیدەكانیان دابیندەكەن بۆئەوەی كاركردنی سەلاجەكانیان لەكاتی پچڕانی كارەبادا بەردەوام بێت و ئەم كێشانەش رووبەڕووی بەرهەمهێنەرانی ئێران نابێتەوە . بە گوێرەی " رادیۆ فەردا".

محەمەد حەنون وتەبێژ بەناوی وەزارەتی بازرگانی عێراق رونیكردەوە كە وەزارەتەكەیان هەرچی لەتوانایدا بێت دەیكات بۆئەوەی پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆ بكات، بەڵام حكومەت ئابوری " بازاڕی ئازاد" پەیڕەودەكات و رێگە بە عێراقییەكان دەكات باشترین بەرهەم هەڵبژێرن، دەشڵێت " هەندێكجار بەرهەمی ناوخۆ باشترین نابێت."

سعودیە هەوڵدەدات هەژمونی لە عێراقدا زیاتر بكات بەڵام " رێگایەكی دوورودرێژ" لە بەردەمیدایە بۆئەوەی " بە شەمەندەفەری ئێران" بگاتەوە.


PM:03:16:05/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 190 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌