یه‌كه‌مین سیمپۆزیۆمی ئایزۆی كوالێتی به‌رێوه‌بردن له‌ سلێمانی به‌رێوه‌ده‌چێت


به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌ن كۆمپانیاكان و پیشه‌سازان و خاوه‌نكاران و مامۆستایانی زانكۆ، یه‌كه‌مین سیمپۆزیۆمی ئایزۆی كوالێتی به‌رێوه‌بردن، كه‌ له‌لایه‌ن په‌یمانگای نۆستڵجیا بۆ راهێنانی زمانه‌وانی و گه‌شه‌پێدانی مرۆی به‌هاوكاری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌رێوه‌چوو.

عابد ئەحمەد، خاوه‌نی كۆمپانیاكانی دیوان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری خاوه‌نكاران و پیشه‌سازانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌نه‌ ئه‌م جۆره‌ بڕوانامانه‌ به‌تایبه‌تی ئایزۆ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كێشه‌و گرفتمان هاورده‌كردنی شتومه‌كی كوالێتی نزمه‌ ئه‌گه‌ر كۆمپانیاكان خۆیان ببن به‌خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئایزۆ ئۆتۆماتیكیه‌ن ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت''.

عابد ئەحمەد وتیشی ''زۆر گرنگه‌ ئه‌و كۆمپانیا و كارگانه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیان هه‌یه‌ ببن به‌خاوه‌نی ئه‌م بڕوانامه‌یه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌م هێنانیان، ئه‌و كۆمپانیا و ئۆتیل و ریستورانتانه‌شی كه‌ خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن پێویسته‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئایزۆ بن له‌بواری  ئیداره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئاست و كوالێتی كاره‌كان به‌رزبكه‌نه‌وه‌''.

لای خۆشیه‌وه‌ غه‌ریب ساڵح، به‌رێوبه‌ری په‌یمانگای نۆستڵجیا رایگه‌یاند ''ئایزۆ واتا بڕوانامه‌ی پێوانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك داواكاری هه‌یه‌ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك بیه‌ویێت بێت به‌خاوه‌نی ئایزۆ ده‌بێت به‌ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كار بكات، ئایزۆ ١٥ جۆری هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستاندا پێویسته‌ هه‌بێت و ده‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌كردنی كه‌رتی بازرگانی و پیشه‌سازی بریتیه‌ له‌ ئایزۆی كوالێتی مه‌نجمێنت سیسته‌م''.

غه‌ریب ساڵح وتیشی ''كاتێك ده‌زگایه‌ك ده‌بێته‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئایزۆ ده‌توانێت له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و ده‌زگا نێوده‌وله‌تیه‌كان په‌یوه‌ندی هه‌بێت و متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست ده‌هێنیت كاره‌كانی ده‌باته‌ چوارچێوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ زیاتر كه‌رتی بازرگانی و پیشه‌سازی كوردستان ده‌باته‌ پێشه‌وه‌''.


PM:07:19:02/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 1416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌