توركیا نیوه‌ی نه‌وتی خاوی له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات

به‌پێی داتاكانی دامه‌زراوه‌ی رێكخستنی بازاڕی وزه‌، هاورده‌ی نه‌وتی خاوی توركیا له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا له‌چاو هه‌مان قۆناغی ساڵی رابردوودا، به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 10.6 دابه‌زیوه‌ و بۆ هەشت ملیۆن و 444 هه‌زار تۆن كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

له‌م قۆناغه‌دا هاوده‌ی نه‌وتی خاو كه‌میكردووه‌ و هاوده‌ی سووته‌مه‌نی زیادیكردووه‌.

هاورده‌ی نه‌وتی خاو له‌ سێ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 33.5 دابه‌زیوه‌ و بۆ چوار ملیۆن و 128 هه‌زار تۆن كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

له‌ هه‌مان قۆناغدا هاورده‌ی سووته‌مه‌نی به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 24.3 زیادیكردووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ سێ ملیۆن و 177 هه‌زار تۆن.

له‌و ماوه‌یه‌شدا زۆرترین بڕی سووته‌مه‌نی له‌ رووسیا، هیندستان، یۆنان، ئیسرائیل و بولگاریاوه‌ هاورده‌كراوه‌ به‌پێی ریزبه‌ندییه‌كه‌یان.

هه‌روه‌ها رێژه‌ی سه‌دا 40.1ی سووته‌مه‌نی له‌ رووسیا، سه‌دا 29.2 هیندستان، سه‌دا 12.9 یۆنان، سه‌دا شەش ئیسرائیل و سه‌دا 3.1ی له‌ بولگاریاوه‌ هاورده‌كراوه‌.

ئه‌و سه‌دا نۆیه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ ئیتاڵیا، رۆمانیا و سویده‌وه‌ هاورده‌كراوه‌.

- هاورده‌ی نه‌وتی عێراق به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 79.5 كه‌میكردووه‌

توركیا له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا زۆرترین بڕی نه‌وتی خاوی له‌ ئێران، كوێت، سعوودیه‌، عێراق و رووسیاوه‌ هاورده‌كردووه‌ به‌پێی ریزبه‌ندییه‌كه‌یان.

به‌شی ئێران له‌م قۆناغه‌دا سه‌دا 50.3یه‌ و بڕه‌كه‌ی ده‌گاته‌ دوو ملیۆن و 77 هه‌زار تۆن.

له‌كاتێكدا هاورده‌ی نه‌وتی خاو له‌و وڵاتانه‌وه‌ بۆ توركیا له‌چاو ساڵی رابردوودا گۆڕانكارییه‌كی به‌رچاوی پێوه‌ نابینرێت، هاورده‌ی نه‌وتی خاو له‌ عێراقه‌وه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر دابه‌زیوه‌.

هاورده‌ی نه‌وتی عێراق له‌ چه‌كی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا له‌چاو هه‌مان قۆناغی ساڵی رابردوودا، به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 79.5 كه‌میكردووه‌ و بۆ 427 هه‌زار تۆن دابه‌زیوه‌.


AM:08:30:31/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 117 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌