جووتیارێکی دەشتی شارەزوور: گەنمەکەمان باران لێی داوە و دەڵێی گەنمی شۆراوەیە و جوان نییە

ئەنوەر حاجی سەعید گرێزەیی جووتیارێکی دەشتی شارەزوورە و بە وردی چاودێری کارکردنی دەڕاسەکە و چنینەوەی بەرھەمی ئەمساڵی دانەوێڵەکەی دەکرد، ئەو بە نیگەرانییەوە باسی لە ناباشی بەرھەمی ئەمساڵی دانەوێڵە و کێشە و گرفتەکانی جووتیاران کرد.

ئەنوەر کە ماوەی ٤٠ ساڵە وەک جووتیار کار دەکات و ساڵانە بڕێکی زۆر دانەوێڵە لە زەوییەکانیدا دەچێنێت، وتی: "ئەمساڵ بە ھۆی بەردەوامی بارین بارینەوە تا ئێستا، کاتی دورێنەوەی دانەوێڵە دواکەوتووە، ساڵانە لەم ناوچەیەی ئێمەدا لە سەرەتای مانگی پێنجەوە دەستمان بە دورێنەوەی دانەوێڵە کردووە، بەڵام ئەمساڵ بۆ کۆتایی مانگی پێنج دواکەوتووە".

ئەو بە نیگەرانییەوە دوای ھەڵگرتنی مشتێک گەنم لە عەرەبانەی تراکتۆرەکەی، باسی لە بەرھەمی ئەمساڵی دانەوێڵەکەی کرد و وتی: "گەنمەکەمان باران لێی داوە و دەڵێی گەنمی شۆراوەیە و جوان نییە، ھەروەھا سونی ھەیە".

لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵ لە پارێزگای سلێمانی، شاڵاو جەمال رایگه‌یاند: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٨٤٦ ھەزار دۆنم زەوی بە دانەوێڵە چێندراوە، پێشبینی دەکەین بەرھەمی ئەمساڵی دانەوێڵەی جووتیاران بگاتە ٤٠٠ ھەزار تۆن، سایلۆکان ئامادەن و توانای ھەڵگرتنی نیوەی ئەو بەرھەمەمان ھەیە".

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی، باس لەوە دەکات بە ھۆی بەردەوامی باران بارینەوە، تا ئێستا ھەڵمەتی گەورەی دورێنەوەی دانەوێڵە لە سنوورەکەیدا دەستی پێنەکردووە و لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوودا ئەو ھەڵمەتە بۆ دورێنەوەی دانەوێڵە دەست پێدەکات.

ھەرچەندە بەرپرسە حکوومییەکە گەشبینە بەوەی بەرھەمی ئەمساڵی دانەوێڵەی جووتیاران جێگەی دڵخۆشی بێت و بەرھەمێکی باش بدات بەدەستەوە، بەڵام لە بەرامبەردا جووتیارەکەی دەشتی شارەزوور باس لەوە دەکات، بە ھۆی جیاوازی بڕی باران بارین و ھاوکاری نەکردنی حکوومەت لە پێدانی پەینی کیمیایی و خراپی دۆخی جووتیارانەوە، دانەوێڵەی ئەمساڵ ئەو زەوقەی جارانی نییە و بەرھەمێکی ئەمساڵی جووتیاران وەک پێویست نییە و بەرھەمیان بۆ نیو ھێندەی ساڵانی رابردوو دادەبەزێت.



PM:03:49:29/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 297 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌