لە ئیلام ناوچەیەكی تایبەت بە پیشەسازی پیترۆكیمیایی بنیات بنرێت


بڕیارە لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی كوردستان ناوچەیەكی تایبەت بە پیشەسازی پیترۆكیمیایی بنیات بنرێت كە كاریگەریی لەسەر دابینكردنی هەزاران دەرفەتی كار دەبێت.

قاسم سلێمانی دەشتەكی پارێزگاری ئیلام وێڕای ئاشكراكردنی ئەم پڕۆژەیە وتی، بە هۆی پڕۆژەكە دەتوانرێت 15 تا 20 هەزار هەلی كار دابین بكرێت.

بە وتەی پارێزگارەكە، ئیلام دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز و لە هەمان كاتدا پارێزگایەكی سنوورییە و دەرفەتی گەشەسەندنی زۆرە، بۆیە داوای لە وەبەرهێنەران كرد لەم پارێزگایە وەبەرهێنان بكەن.

بەگوێرەی "ئیسنا" ئەو باسی لەوەش كرد كە جگە لە ناوچەی پیشەسازی لە پلانیاندایە پەرە بە كەرتی گەشتوگوزاری پارێزگاكە بدەن  و كۆمەڵێك پڕۆژەی پێوەندیدار جێبەجێ بكەن.

 پارێزگای ئیلام سەرەڕای ئەوەی كە پارێزگایەكی دەوڵەمەندە و نەوت و گازەكەی دەردەهێنرێت، كەچی خەڵكی پارێزگاكە هەژارن و رێژەی بێكاری و هەژاریی لە پارێزگاكە بەراورد بە پارێزگاكانی تری ئێران زۆر بەرزە.

حكوومەتی ئێران گرنگیی ئەوتۆ بە پارێزگا كوردییەكان نادات سەرەڕای ئەوەی كە ساڵانە داهاتێكی زۆر لە سامانە سروشتییەكان و جۆرەكانی تری داهاتی ئەو پارێزگایانە دەستەبەر دەكات.





PM:06:38:28/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 223 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌