وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نه‌وتی هەناردەكراوە‌ لە مانگی نیساندا و كۆی داهاتەكەی ئاشكرا ده‌كات


وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرای دەكات: لە مانگی نیساندا 100 ملیۆن و 197 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە‌و كۆی داهاتەكەشی زیاتر بووە لە 6 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلار.

عاسم جیهاد وتەبێژی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردوە: بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمپانیای سۆمۆ لەمانگی نیساندا لە كێڵگەكانی ناوەڕاست‌و باشووری عیراقەوە 100 ملیۆن‌و 197 هەزار‌و 197 بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە كراوە، بەو پێیەش تێكڕای هەناردەكردنی نەوت 3 ملیۆن و 339 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێكدا.

راشیگەیاندوە: كۆی داهاتی ئەو بڕە نەوتە 6 ملیار‌و 501 ملیۆن‌و 695 هەزار دۆلار بووە‌و تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتیش 64 دۆلار‌و 889 سەنت بووە.

وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو بڕە نەوتەی لەمانگی نیساندا هەناردەكراوە نەوتی كێڵگەكانی ناوەڕاست‌و باشووری عیراق بووە‌و هیچ بڕە نەوتێك لە كێڵگەكانی كەركوكەوە هەناردە نەكراوە.



PM:06:12:23/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 249 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌