لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پردی سێیەم لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکرێتەوە

فرسەت عەلی جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پردی سێیەم لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە نێوان هەرێم و تورکیادا دەکرێتەوە.

فرسەت عەلى جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل بە ئاژانسى ئانادۆڵوی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا بە ڕاوێژ لەگەڵ کاربەدەستانى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەنگاوى نۆژەنکردنەوەى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل و دروستکردنى سێیەم پرد لە دەروازەکەدا جێبەجێکرا، چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى بە شێوەیەکى بەرچاو بەرزبێتەوە.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، سەرجەم کارەکانى سێیەم پردى دەروازەى ئیبراهیم خەلیل تەواوبووە، تەنها ڕێوڕەسمى کردنەوەى پردەکە ماوە، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانى حکومەتى تورکیا دەکەن و لە ئێستاشدا ڕۆژانە چەند بارهەڵگرێک بەبێ بار بە پردەکەدا دەپەڕنەوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمى نەکراوەتەوە.

ئاماژەى بەوەش کردووە، بە بەردەوامى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان ئەنجامدەدرێت و بەبێ بوونى هیچ کێشە و بەربەستێک بەردەوامە.

دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل یەکێکە لە گرنگترین دەروازەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا، کە هەرێمى کوردستان بە تورکیا و وڵاتانى ئەوروپاوە دەبەستێتەوە دەروازەیە تەنها بۆ بازرگانى بەکارنایەت، بەڵکو بۆ گەشتیارى و هاتوچۆى گەشتیارانیش سوودى زۆرى لێدەبینرێت.


PM:12:55:17/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌