ئافره‌تێك خاوه‌نی گه‌وره‌ترین ڕێستورانتی هه‌وره‌مان و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌


لە گوندی خەرپانی سەر بە ناحیەی بیارە ئافرەتێكی هەورامی خانمێكی ده‌ست ڕه‌نگین و بڕوا به‌خۆبوو، هاوشانی پیاوان ده‌ست ده‌كات به ‌كار و له‌ سه‌ر پێی خۆی ده‌وه‌ستێت له‌ ئێسته‌دا له‌ ناوچه‌كه‌دا گه‌وره‌ترین ڕێستوورانتی هه‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت وه‌فدی وڵاتان دێنه‌ ‌ناوچه‌كه‌ و سه‌ردانی ڕێستوورانته‌كه‌ی ده‌كه‌ن.

ڕووناک فەرەج خاوەنی كەبابخانەی خەرپانی لەكاتی وەستایی كردنی بە لێدانی شیشی كەباب  بۆ ئەو موشتەرییانەی كە چاوه‌ڕیی خواردنی ژه‌مه‌ خواردنێكی به‌تام بوون به‌ ده‌ست و په‌نجه‌كەی وتی: لە ساڵی 2012 لەگەڵ هاوسەرەكەم بەناوی كەماڵ هەورامی لە وڵاتی سوید گەڕاینەوە بۆ كوردستان، بڕیارمان دا بەكردنەوەی ڕێستوورانتێكی مۆدێرن لە گوندەكەمان ئەم كەبابخانەمان كردەوە، بۆ یەكه‌م جاروبوو لەم ناوچەیە ئافرەتێك ببێتە كەبابچی ئیدی بە جۆراوجۆر خەڵكانێك باسیان دەكردم بەڵام هاوسەرەكەم وتی نابێت گوێ لە كەس بگری ئێمە ئیشی خۆمان دەكەین و تۆش وەستا ڕووناكی. بەداخەوە كوردستان پیاو سالارییە بەڵام پیاوەكەی من ڕۆشنبیر بوو.

وەستا ڕووناكی كەبابچی دەڵێت: ئێمە چەند ساڵێكه‌ ئەم كەبابخانەمان كردووەتەوە، له‌ئێستادا توانیومه‌ كەبابخانەكەم گەورە بكەم، لە ئێستادا ڕۆژانە 16 كرێكارم هەیە، كرێكارەكانیشم لە هەردوو ڕەگەزن، موشتەرییەكی زۆرمان هەیە ڕۆژانی پشوو ژمارەی كرێكارەكانم زیاد ده‌كەم بۆ 20 كرێكار، بەهۆی زۆری سەردانیكەرانمەوە ئەو موشتەرییانەی ڕووم تێدەكەن لە زۆربەی شارەكانی كوردستانەوە دێن، زۆربەی ئەو وەفدە ئەورووپی و عەرەبی و ئەمریكی و ڕۆژنامەنووسان که‌ ڕوو دەكەنە پارێزگای هەڵەبجە دێنە كەبابخانەكەمان بەمەبەستی ژه‌مه‌ خواردنێك، چەندین لەو كەسە ئەورووپیانە بوونەتە هاوڕێم.

سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی كوردستان و داخرانی زۆربه‌ی ڕێستورانت و شوێنه ‌تایبه‌ته‌كان به‌ڵام به ‌وته‌ی وه‌ستا ڕووناك: ئێمە لە پێش قەیران بازاڕمان زیاتری كردووە، بۆ ئەوەش لە ڕۆژانی پشوو كرێكارەكانم زیاد دەكەم هەموو خانەوادەكەشم دێن لە كەبابخانەكەم ئیش دەكەن، ئه‌توانم بڵێم تاكه‌ شوێنێكم له‌ قه‌یرانی دارایی ناهه‌مواری هه‌رێمی كوردستان توانیومه‌ گه‌شه‌ به‌ ڕیستوورانته‌که‌م بده‌م له‌ سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێت، ده‌بێت مرۆڤ عه‌قڵی ڕۆژی هه‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی كه‌ له‌ سه‌ر شانیه‌تی.

ئەوخانمە که‌بابچییه‌ داوا لە خانمان دەكات بێن و لە سەرپێی خۆیان بوه‌ستن،  شانبەشانی پیاوان كار بكەن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خانمان هیچیان لە پیاوان كەمتر نییە بۆیە دەبێت، گوێ بە نەریت نەدەن، من وەك خۆم ئەو كۆمەڵگایە ڕه‌ت دەكەمه‌وه‌ كە ڕێگر بێت لە ئافرەت، دەبێت ئافرەتیش بوێر بێت، له‌ ماڵه‌وه‌ دانه‌نیشێت و ده‌ست بداته‌ ئه‌و كاره‌ی كه‌ حه‌زی لێیه‌تی.

ناوبراو ده‌ڵێت: له‌ ئێستا‌دا پاش ده‌ست به‌كاركردنی من چه‌ندین خانم له‌ هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه‌ چاویان له‌من كردووه‌، ده‌ستیان داوه‌ته ‌كاركردن، ئه‌توانم بڵێم له‌و ناوچه‌یه‌ من ڕچه‌شكێنی كاری ئافره‌تان بووم، له‌ كۆمه‌ڵێك بواری كاركردن هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌ورامان خانمان كاریان كردووه‌ و جێگه‌ ده‌ستیان دیار بووه‌.

ئه‌و خانمه‌ گله‌یی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ هیچ هاوكارییه‌كی ناكه‌ن و لێی ناپرسنه‌وه،‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و كردوویه‌تی به ‌كه‌م كه‌س ده‌كرێت ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ڕێستوورانته‌كه‌ی له‌ گوندی خه‌رپانی ئیدی هاوڵاتیانی ئه‌م گونده‌ هاتنه‌وه‌ ناوچه‌كه ‌و ئاوه‌دانیان كرده‌وه‌ و له‌ ئێستا‌دا خه‌ریكی باخه‌وانی و مه‌ڕدارین.

ڕووناك فه‌ره‌ج له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ خه‌ڵات كراوه‌ وه‌ك یه‌كه‌م ئافره‌تی كوردستان و شه‌شه‌م ئافره‌تی عێراق كه‌ پشتی به‌خۆی به‌ستووه‌ و خاوه‌ن كاره‌ و چه‌ندین كه‌س لای ئیش ده‌كه‌ن.



PM:12:35:17/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 674 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌