ژووری بازرگانی کێشەی سوتەمەنی تاوتوێ دەکات


لەپێناو جێگیر كردنی نرخی سوتەمەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کۆبونەوەیەکی بۆ بازرگانانی ھاوردەکردنی سوتەمەنی لەشاری سلێمانی ڕێکخست.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: کۆبونەوەی تایبەتمان ئەنجامدا لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی سوتەمەنی، بەئامادەبونی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی و بەڕێوەبەری کۆمەڵگای دەروازەی باشماخ، دەربارەی ئەو کێشەو گرفتانەی ھەیە لەخاڵە سنوریەکان و فەرمانگەکانی حکومەت تا بتواندرێت بەھاوکاری ھەموو لایەک کێشەکان چارەسەربکرێن.

ڕاشیگەیاند: کۆمپانیاکان چەند کێشەو گرفتێکیان ھەبوو لەبارەی ھاوردەکردنی سوتەمەنیەوە کە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە تا بتواندرێت لە نرخدا ھاوکاری ھاووڵاتیان.

لای خۆشیانەوە نوێنەرانی فەرمانگە حکومیەکان ڕایانگەیاند کە بەپێی ئەو یاسایانەی داندراوە ھاوردەکردنی سوتەمەنی لەدەروازەسنوریەکانەوە دێت و ھەر سوتەمەنیەک لە پشکنینی لەکوالێتی کۆنترۆڵ دەرنەچێت ئەوا ڕێگەی پێنادرێت بێتە ناو سلێمانی.


PM:03:08:16/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 445 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌