نرخی مریشک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە


له‌ ماوه‌ی 10 رۆژدا نرخی مریشك 100% به‌رز بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ شتێكی نوێ نییه‌، چونكه‌ نرخی مریشك له‌ كوردستان هیچ كاتێك جێگیر نه‌بووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ له‌و بازاڕه‌ هه‌موو كاتێك لایه‌نێك هه‌بێت زیانی به‌ربكه‌وێت. له‌ هه‌رێم سه‌رووی پێداویستی مریشك به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌ڵام رێكنه‌خستنی ئه‌و كه‌رته‌ هۆكار بووه‌ له‌وه‌ی هێشتا كوردستان چاوی له‌ به‌رهه‌می وڵاتانی تر بێت.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ نرخی مریشك له‌ كوردستان ئه‌وه‌نده‌ نزم بوو خێرێكی ئه‌وتۆی بۆ خاوه‌ن كێڵگه‌كانی په‌له‌وه‌ر نه‌هێشتبووه‌وه‌. كیلۆی مریشكی زیندوو ته‌نانه‌ت تا هه‌زار و 300 دینار دابه‌زی. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ سه‌رووی ئه‌و نرخه‌ خه‌رجییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی مریشكه‌.
 10 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر نرخی هه‌ر كیلۆیه‌ك مریشك هه‌زار و 400 دینار بوو، به‌ڵام ئێسته‌ به‌ نزیكه‌ی سێ هه‌زار دینار دێته‌ فرۆشتن. ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ سه‌رووی 100%ـه‌ كه‌ له‌ ئابووریدا شتێكی ئاسایی نییه‌.

دكتۆر یاسر ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری به‌دواداچوون له‌ كۆمپانیای ئیعتیماد، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پلانێكی گونجاو بۆ به‌رهه‌مهێنانی مریشك نییه‌، بۆیه‌ نرخی مریشك یان زۆر هه‌رزانه‌ یان زۆر به‌رزه‌. وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت "ئه‌مساڵ زۆربه‌ی كێڵگه‌كانی په‌له‌وه‌ر زیانیان به‌ركه‌وت، چونكه‌ كاتێك مریشك له‌ بازاڕ به‌ هه‌زار و 300 دینار بوو، به‌رهه‌مهێنه‌ر خۆی زیاتر له‌و پاره‌یه‌ی له‌ به‌رهه‌مهێنانی مریشكه‌كه‌ خه‌رج كردبوو".

دۆخه‌كه‌ وای كردووه‌ به‌شێك له‌ كێڵگه‌كانی په‌له‌وه‌ر جووچكه‌ی نوێ دانه‌نێنه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكه‌ن نرخه‌كه‌ی به‌رز ببێته‌وه‌.

له‌ باشووری عێراق كێڵگه‌كانی په‌له‌وه‌ر له‌به‌ر گه‌رمای له‌ راده‌به‌ده‌ر ده‌رگه‌كانیان داده‌خه‌ن، بۆیه‌ داخوازی له‌سه‌ر به‌رهه‌می مریشكی كورستان به‌رز ده‌بێته‌وه‌. كه‌وایه‌ به‌ بۆچوونی دكتۆر یاسر كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی مریشك له‌ كوردستان به‌هۆی وازهێنانی هه‌ندێك له‌ په‌له‌وه‌رگه‌كان له‌ دانانی جووچكه‌ له‌ لایه‌ك و هه‌نارده‌كردنی به‌ره‌و باشوور له‌ لایه‌كی تر، نرخی مریشكی به‌رز كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و له‌م دۆخه‌ش نیگه‌رانه‌ و پێی وایه‌ "ده‌بێت پلانێكی گونجاو هه‌بێت له‌ هه‌موو وه‌رزه‌كان به‌ نرخێكی گونجاو مریشك بفرۆشرێت و نه‌ خاوه‌ن كێڵگه‌كان زیان بكه‌ن و نه‌ هاووڵاتییانیش به‌ گران مریشكیان له‌سه‌ر ساغ بكرێته‌وه‌".

له‌ وڵاتانی تر كاتێك به‌رهه‌می مریشك ده‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌، حكوومه‌ت به‌ بڕێك پاره‌ یارمه‌تی به‌رهه‌مهێنه‌ران ده‌دات تا به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ نرخی گونجاو ساغ بكه‌نه‌وه‌ و له‌ ركابه‌ریی به‌رهه‌می تر سه‌ركه‌وتوو بن، كاتێكیش له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پاڵپشتییه‌ نییه‌، به‌رهه‌مهێنه‌رانی مریشك ناتوانن مریشكی به‌ستوو بخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ نرخه‌ توركییه‌كه‌ی بیفرۆشن، ئه‌وا زیان ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر زیاتریش بیفرۆشن ئه‌وا له‌ بازاڕ ساغ ناكرێته‌وه‌. كۆمپانیای ئیعتیماد بۆ ئه‌مه‌ بڕیاری داوه‌ "مریشكه‌كه‌ی به‌ فرێش بفرۆشێت و واز له‌ خستنه‌ڕووی مریشكی به‌ستوو بهێنێت".

ئه‌م دۆخه‌ له‌ بازاڕی مریشك له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ كه‌رتی په‌له‌وه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌یه‌ی رابردوودا به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو گه‌شه‌ی سه‌ندووه‌، سه‌رده‌مێك كه‌ زۆرینه‌ی پێداویستی هه‌رێمی كوردستان به‌ هێلكه‌ و مریشك له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرا، ئێسته‌ جگه‌ له‌ دابینكردنی پێداویستی ناوخۆ، بۆ پارێزگاكانی تری عێراقیشی هه‌نارده‌ ده‌كات. كێشه‌ی سه‌ره‌كیی كه‌رته‌كه‌ رێكنه‌خستنه‌، بۆیه‌ هێشتا هاورده‌كردنی هه‌مان جۆر به‌رهه‌م له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ جمه‌ی دێت.

ره‌مه‌زان محه‌مه‌د كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی سامانی ئاژه‌ڵ له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی كوردستان، ده‌ڵێت، له‌ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ له‌ بڕی به‌رهه‌مهێنانی مریشك نییه‌ و سه‌رووی پێداویستی به‌رهه‌م دێت، به‌ڵام كێشه‌ له‌ رێكخستنی ئه‌م كه‌رته‌دایه‌ و به‌ ته‌نیا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ناتوانێ چاره‌سه‌ری بكات، به‌ڵكو پێویستی به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ناوخۆ و لایه‌نه‌كانی تر هه‌یه‌.

ئه‌و نموونه‌ی ئه‌وه‌ دێنێته‌وه‌ كه‌ یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی پڕۆژه‌كانی په‌له‌وه‌ر له‌ كوردستان مۆڵه‌تی یاسایییان نییه‌ و كۆمه‌ڵه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌ به‌رهه‌مهێنانی مریشكیش، ئه‌وه‌نده‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هاوئاهه‌نگییان نییه‌ تا له‌ وه‌رزه‌ جیاوازه‌كان به‌گوێره‌ی گونجاو مریشك به‌رهه‌م بێنن، بۆیه‌ به‌گوته‌ی ئه‌و "نرخه‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زدایه‌".

به‌ بۆچوونی ئه‌و به‌رپرسه‌، پێویسته‌ به‌رهه‌می مریشك به‌ پیشه‌سازی بكرێت و بۆ ئه‌وكاته‌ هه‌ڵگیرێت كه‌ به‌رهه‌م كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌ و ده‌بێت به‌ هاوئاهه‌نگی وه‌زاره‌ته‌كانی تر كه‌رته‌كه‌ به‌ ته‌واوی رێك بخه‌ن.

به‌گشتی ژماره‌ی پڕۆژه‌كانی په‌له‌وه‌ر له‌ كوردستان ده‌گاته‌ نزیكه‌ی هه‌زار و 200 پڕۆژه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر 100% كار بكه‌ن، ساڵانه‌ سه‌رووی 50 ملیۆن مریشك به‌رهه‌م دێنن. به‌ واتایه‌كی تر، توانای به‌رهه‌مهێنانی ساڵانه‌ی كێڵگه‌كانی په‌له‌وه‌ر له‌ كوردستان 166 هه‌زار تۆن گۆشته‌ كه‌ نزیكه‌ی 30 هه‌زار تۆنی سه‌رووی پێداویستی هه‌رێمی كوردستانه‌.


وشە


AM:10:27:15/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 335 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌