له‌ئه‌نجامی كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران نرخی نه‌وت بەرزتر دەبێتەوە

پسپۆڕانی بواری نەوت پێشبینی دەكەن، كڕینی نەوتی ئێرانی لەبازاڕەكانی جیهاندا بەكاریگەریی كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، وەزیری نەوتی ئێرانیش دڵنیایی دەدات لەوەی كشانەوەی ئەمریكا لەو رێككەوتنە كاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوت نابێت.

هەرچەندە كۆماری ئیسلامی ئێران دڵنیایی دەدات لەوەی كە كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی كاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوت نابێت، بەڵام هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن لە چەند مانگی داهاتوودا هەناردەی نەوت كەم بكات‌و نرخی نەوتیش زیاتر بەرزببێتەوە.

راستگۆ نییە
بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رەسمیی ئیراندا جەختی كردۆتەوە لەوەی، كشانەوەی ئەمریكا لەو رێككەوتنە كاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران نابێت.
لەوەڵامی تویتێكی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكاشدا كە تیایدا رێكخراوی ئۆپیكی تۆمەتباركردبوو بەوەی بەشێوەیەكی بێ بنەما نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە، وەزیری نەوتی ئێران وتوویەتی: «ترامپ لەبارەی نرخی نەوتەوە راستگۆ نییەو لەڕاستیدا خوازیارە نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستدا بێت».
ئەو لێدوانەی وەزیری نەوتی ئێران لەكاتێكدایە كە بڕیارەكەی ترامپ لەبارەی كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران نرخی نەوتی لە بازاڕەكانی جیهاندا بەڕێژەی لە (٣%) بەرزكردۆتەوە.

٥٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزار بەرمیل
بەكاریگەریی كشانەوەی ئەمریكا لەو رێككەوتنە، هەر بەرمیلێك نەوت بڕی دوو دۆلاری چۆتەسەر، ئەوەش نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنتی گەیاندۆتە سەروو ٧٧ دۆلار.
هاوكات پسپۆڕانی ناوەندی راوێژكاریی (جی بی سی ئێنێرژی) لە ڤیەنا پێشبینیان كردووە لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا كڕینی نەوتی ئێرانی لە بازاڕەكانی جیهاندا دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.
ئەو پسپۆڕانە پێشبینییان كردووە لەچەند مانگی داهاتوودا رۆژانە بڕی ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی نەوتی جیهان كەم بێتەوە، كە دەكاتە نزیكەی لە (١٨%)ی تێكڕای بەرهەمی نەوتی ئێران.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی تری بەرهەمهێنی نەوت بەرامبەر بەو پێشهاتەو ئەگەری كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران، چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك)ەوە ئاماژەیان بەوەكردووە، كە ئۆپیك پەلە ناكات لە هەنگاونان بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران.

2.7 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە
دەرچوونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەڕێكەوتنی بەرنامە ئەتۆمیەكەی لەگەڵ ئێراندا دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئەو وڵاتە مانگانە نزیكەی شەش ملیار دۆلار زیانی پێبگات‌و چەند وڵاتێكی تریش سودمەندی ئەم بڕیارە دەبن كە سعودیە بە پلەی یەكەم سودەمەنترین وڵات دەبێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرایكردوە، سعودیە بەڵێنیداوە هاوكاری بازاڕی نێودەوڵەتی نەوت بكات، ئەم بڕیارەی سعودیەش دوای چوونە دەرەوەی دۆناڵد ترامپ بوو لە رێكەوتنەمە ئەتۆمیەكەی لەگەڵ ئێراندا.
دۆناڵد ترامپ رۆژی 8ی 5ی 2018 بڕیاری دا لە ڕێكەوتنامەكە بكشێتەوەو بەڵێنیشیدا كە چەندین سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.
سزادانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا بە واتای وەستانی تەواوی نەوتی ئێران دێت بۆ دەرەوەی وڵات، بەپێی خەمڵێنراوەكان ئێران رۆژانە 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە دەكات.

مانگانە دەگاتە شەش ملیار دۆلار
بەپێی دواین نرخی جیهانی ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی مام ناوەند 75 دۆلارە، ئەمەش واتای ئەوەیە كە ئێران رۆژانە 202 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەست دەكەوێت، كە مانگانە دەگاتە شەش ملیار دۆلار، ئەمەش لە ئەگەری سزادانی واتای ئەوەیە كە ئێران هەموو ئەو پارەیە لە دەست دەچێت كە بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەكەوێت.
لە كۆتایدا رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، بەڵێنی سعودیە بە پڕكردنەوەی بەشە نەوتی ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی كە سزاكە بە ئاسانی جێبەجێ بكرێت، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێك بەر بازاڕی جیهانی نەوت بكەوێت، بەمەش سعودیە قازانجی ئێران بۆخۆی دەبات.



PM:05:51:14/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 321 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌