كازم عیقابی: به‌هۆى گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ له‌ به‌نده‌ره‌كان عێراق به‌ ملیاران دینار زیانى پێده‌گات

ده‌سته‌ى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، ڕایگه‌یاند، به‌هۆى گه‌نده‌ڵییه‌وه‌، مانگانه‌ عێراق به‌ ملیاران دینار زیانى پێده‌گات.

كازم عیقابی، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای گه‌یاند: "به‌هۆى گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ له‌ به‌نده‌ره‌كان، به‌تایبه‌ت به‌نده‌رى (ئوم قه‌سر) له‌ سنورى به‌سڕه‌، مانگانه‌ به‌ملیاران دینار عێراق زیانى پێده‌گات".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ ڕێگاچاره‌ى نه‌هێشتنى ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ هه‌یه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ ده‌سته‌ى چاودێری ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بۆ سه‌رپه‌رشتیكردن و كۆنترۆڵكردنى هه‌ر 12 فه‌رمانگه‌كه‌ پێكبهێنرێت و ئیداره‌یان یه‌ك بخرێت.

باسى له‌وه‌ش كرد، كه‌ نیازێك له‌لایه‌ن بازرگانه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سته‌ى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان له‌ ده‌روازه‌كان هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه‌، وتیشی: "به‌ڵام ده‌سته‌كه‌، ده‌زگایه‌كی حكوومی فه‌رمییه‌ و به‌پێی یاسا ناتواندرێت هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌".



AM:09:57:14/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌