كارگەی قارچكی پێنجوێن رۆژانە 1500 كیلۆ قارچك دەخاتە بازاڕەوە


بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر قارچك هەیە، ساڵ بە ساڵ، ژمارەی پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی قارچك لە هەرێمی كوردستان زیاد دەكەن. ئەمساڵ دوو پرۆژەی گەورەی بەرهەمهێنانی قارچك دامەزراون و پرۆژەكانی دیكەش فراوان كراون.

بەرهەمهێنانی قارچك لە كوردستان بەشێوەیەكی هاوچەرخ مێژوویەكی درێژی نییە، بەڵام  خواستی بەردەوام و ئاسانیی بەرهەمهێنانی، وای لە وەبەرهێنەران كردووە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا 5 كارگەی هاوچەرخ دامەزرێنن كە رۆژانە لەتوانایاندا هەیە نزیكەی 9 تۆن قارچك بخەنە بازاڕەوە، ئەمە جگە لە چەندین پرۆژەی بچووك. 

قارچك بۆ رووان و پێگەیشتنی، پێویستی بەكەشێكی لەبار هەیە كە پلەی گەرمییەكەی لەنێوان 25 تاوەكو 27 پلەی سەدیدا بێت و رادەی شێ بگاتە 85% ، بەتایبەتی لە دووەم هەفتەی تەمەنیدا، دواتر دەبێت پلەی گەرمییەكەی بۆ 19 پلەی سەدی دابەزێنرێت و بەدابینكردنی ئەو كەشە لەبارە، دەتوانرێت بەدرێژایی ساڵ قارچك بەرهەم بهێنرێ. قارچك بە ماوەی 35 رۆژ پێدەگات و بۆ ماوەی سێ‌ هەفتە بەرهەم دەدات.

پرۆژەی بەرهەمهێنانی قارچك لە سێ بەش پێكدێت. بەشێكی تایبەتە بە بەرهەمهێنانی تۆو و سپۆراتی قارچك. بەشی دووەمیان تایبەتە بەدابینكردنی كۆمپۆست كە ناوندێكی بنەڕەتییە بۆ رووان و گەشەكردنی قارچك، بەشی كۆتاییش تایبەتە بە بەرهەمهێنان، بەڵام بەشی زۆری كارگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەشی یەكەم و دووەم پشت بە بەرهەمی ئێران دەبەستن.

قارچك یان كوارگ، بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە، رێژەیەكی باش پرۆتین لە پێكهاتەكەیدا هەیە، بۆیە لەهەندێ وڵات وەك جێگرەوەی گۆشتی سوور بەكاردێت و زۆر گرنگی بە بەرهەمهێنانی دەدرێت، بەدەیان جۆریشی هەیە، بەڵام لە پرۆژەكانی هەرێمی كوردستاندا تەنیا قارچكی جۆری دوگمەیی بەرهەمدێ.

كارگەی قارچكی پێنجوێن یەكێكە لە كۆنترین كارگە هاوچەرخەكانی بەرهەمهێنانی قارچك لە هەرێمی كوردستان، كارگەكە لە سنووری گوندی نزارەی قەزای پێنجوێن لەسەر رووبەری چوار دۆنم دامەزراوە، ماوەی پێنج ساڵە رۆژانە 1500 كیلۆ قارچك دەخاتە بازاڕەوە.

یوسف نامق، بەڕێوەبەری كارگەی قارچكی پێنجوێن دەڵێت: "بەهۆی دابەزینی نرخی تومەنەوە، ئێستا بەلێشاو قارچكی ئێرانی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆیە ئێستا وەك پێویست بەرهەممان بۆ ساغ نابێتەوە و بە ناچاری بەرهەمهێنانمان لە چوار هۆڵَ راگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە 1500 كیلۆ قاچك دەخەینە بازاڕەوە".

یەكێكی دیكە لە گرفتەكانی ئەم كارگانە، هێنانی قارچكی لەقوتوونراوە كە مانگانە نزیكەی 100 تۆنی لە ئێران و وڵاتانی دیكەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و 70%ی لە ناوخۆی كوردستان بەكاردێت و ئەوەی دیكەش هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرێ.

بۆ پاراستنی بەرهەمی كارگەكانی ناوخۆ و هاوسەنگكردنی نرخ، وەزارەتی كشتوكاڵ بڕی هەزار دینار گومرگی خستووەتە سەر هەر كیلۆیەك قارچكی هاوردەكراو.

یوسف نامق دەڵێت: "ئەگەر حكومەت سنوورێك بۆ بەقاچاخ هاوردەكردنی قارچكی ئێرانی دانەنێت و هاوشێوەی قارچكی فرێش، گومرگ نەخاتە سەر قارچكی لە قوتوونراو. لەداهاتوودا بەهۆی زیادبوونی كارگەكان گرفتی زیاترمان لە ساخكردنەوەی بەرهەم بۆ دروست دەبێت، چونكە كارگەكانی ناوخۆ كە ئێستا رۆژانە نزیكەی 7 تۆن بەرهەمیان هەیە، ئەگەر بەتەواوی كاربكەن، رۆژانە 9 تۆن بەرهەمیان دەبێ‌، 90%ی ئەو بەرهەمەش بە ماڵان دەفرۆشن و چێشتخانەو رێستۆرانتەكان بۆ بەشی زۆری پێداویستییەكانیان پشت بەبەرهەمی هاوردە دەبەستن".

حسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت: "بۆ پاراستنی بەرهەمی كارگەكانی ناوخۆ و هاوسەنگكردنی نرخ، هەزار دینار گومرگمان بەشێوەی بەردەوام خستووەتە سەر هاوردەكردنی هەر كیلۆیەك قارچك، ئەگەر بۆمان دەربكەوێت كارگەكان دەتوانن بەرهەمەكانیان لە قوتوو بنێن و پێویستیی رێستورانتەكان و بازاڕ پڕبكەنەوە، گومرگ دەخەینە سەر هاوردەكردنی قارچكی لە قوتوونراویش".


PM:03:02:11/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 381 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌