نرخی نه‌وت به‌رز ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام داهاتی هه‌رێمی كوردستان زیاد ناكات

هه‌رچه‌ند نرخی نه‌وت به‌رز بووەتەوە، به‌ڵام داهاتی هه‌رێمی كوردستان زیادی نەکردووە، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند مانگێك پێش ئێستا هه‌رێمی كوردستان  نەوتی فرۆشتووە و بەرزبوونەوەکەی لە ئێستادا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زۆربوونی داهات نەبووە.

له ‌ڕۆژی 19ی مانگی 11ی ساڵی 2015 نرخی نه‌وت بە 40,06 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه ‌كرا، ئه‌و دابه‌زینه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر داهاتی هه‌رێم هه‌بوو تووشی قەیرانی دارایی هات، جگە لەوەش شه‌ڕی داعش و نه‌ناردنی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم لەلایەن بەغدا و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم، كاریگەری دیكە بوون.

له‌ ئێستادا كه‌ نرخی نه‌وت، له‌ نزیكه‌ی ٧٥ دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی داهاتی هه‌رێم نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ نه‌وته‌كه‌ی چه‌ند مانگێك پێش ئێستا فرۆشتوویه‌تی، به‌ڵام له ‌ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ و جێگیربوونی ئه‌و نرخه‌ی ئێستای، داهاتی هه‌رێمیش زیاد ده‌كات.

نووری عوسمان سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاند: ״عقودی نه‌وت وا نییه‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتدا یه‌كسه‌ر داهات زیاد ببێت، ڕه‌نگه‌ عقوده‌كه‌ پێش شه‌ش مانگ فرۆشرابێت بۆیه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ ئێستادا وا به ‌زوویی كاریگه‌ریی نابێت له‌سه‌ر زیادكردنی داهات״.

په‌رله‌مانتارێكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، حكومه‌ت هه‌ر ده‌ڵێت قه‌رزیان له‌سه‌ره‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانرێت چه‌ن قه‌رزارن و به‌رده‌وامیش داهاتی نه‌وت به‌ 375 ملیۆن دۆلار داده‌نێن.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وتی: ״ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تێگه‌یشتووین له‌ حكومه‌ت نرخی نه‌وت هه‌رچه‌نده‌ به‌رز ببێته‌وه‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان ته‌نها نزیكه‌ی 375 ملیۆن دۆلار ده‌دات به‌ وه‌زاره‌تی دارایی، شه‌ش مانگ پێش ئێستا پێیان وتووین داهاتی نه‌وت 375 ملیۆن دۆلاره‌ ئێستاش هه‌مان ژماره‌ ده‌ڵێن״.

وتیشی: ״حكومه‌ت هه‌ر ده‌ڵێت قه‌رزارین، بێ ئه‌وه‌ی بزانین چه‌ندێك قه‌رزارن چۆن قه‌رزیان كردووه‌ و چۆن ده‌یده‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ ژماره‌یه‌كی درووست به‌ ئێمه‌ نه‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاودێریكردنی داهاتی نه‌وت ته‌نها به‌ په‌رله‌مان ناكرێت و پێویستی به‌ هه‌وڵێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌״.

پێنجشه‌ممه‌ 26ی نیسانی 2018، نه‌وتی خاوی برێنت به‌ ڕێژه‌ی 1.05% به‌رز بووه‌وه‌ و به‌رمیلێك به‌ 74 دۆلار و 87 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ كرا.

سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارای و كاروباری ئابووری و وه‌به‌رهێنان وتی: ״حكومه‌تی هه‌رێم پێی وتووین 580 ملیار دینارمان پێویسته‌ بۆ پێدانی مووچه،‌ له ‌كاتێكدا له‌ ساڵی ڕابردوودا و سێ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا 15 تریلۆن دیناری ده‌ست كه‌وتووه‌، به‌ڵام ته‌نها پێنج تریلیۆن و 177 ملیار دیناری داوه‌ به‌ مووچه‌، یه‌ك تریلیۆن و 125 ملیار دیناری خه‌رج كردووه‌ بۆ بودجه‌ی ته‌شغیلی، واته‌ حكومه‌ت بۆ  مووچه‌ و خه‌رجیی حكومه‌ت شه‌ش تریلیۆن و 302 ملیار دیناری خه‌رج كردووه‌״.

وتیشی: ״حكومه‌ت پێی وتووین مانگی 125 ملیۆن دۆلار ده‌دەینه‌وه‌ به‌ قه‌رزی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و مانگی 125 ملیۆن دۆلار ده‌ده‌ین به‌ توركیا، كه‌ ئێمه‌ نازانین ئه‌و قه‌رزه‌ی توركیا چییه‌، واته‌ له‌و 15 مانگه‌دا چوار تریلیۆن و 425 ملیار دیناری داوه‌ به‌ قه‌رز له‌و 15 تریلیۆن داهاته‌ی حكومه‌ت چوار تریلیۆن و 273 ملیار دیناری دیار نییه،‌ نازانین بۆ كوێ ڕۆیشتووه‌״.

وه‌زاره‌تی دارایی له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند، داهاتی مانگانه‌ی هه‌رێم  505 ملیار دیناره‌ كه‌  130 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆیه‌ و 375 ملیار دیناری داهاتی نه‌وته‌، جگه‌ له‌ داهاتی هه‌رێم مانگانه‌ 317 ملیار دینار له‌ به‌غداوه‌ ده‌درێت به‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ پێدانی مووچه‌ له‌گه‌ڵ 30 ملیار دینار كه‌ ئه‌مەریكا دەیدات به‌ پێشمه‌رگه‌.

عیزه‌ت سابر سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری و وه‌به‌رهێنان وتی: ״چه‌ند نرخی نه‌وت به‌رز ببێته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ش داهاتی نه‌وت زیاد ده‌كات، به ‌هۆی ئەو به‌رزبوونه‌وه‌یەوە داهاتی هه‌رێم مانگانه‌ 10 ملیۆن دۆلار زیاد ده‌كات، ئه‌و زیاده‌ی داهاتیش بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی كۆمپانیاكان و پێدانی مووچه‌ و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی نوێ و ته‌واوكردنی پرۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانە״.

وتیشی: ״به ‌پێی ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت نه‌وتی هه‌رێم له‌ سێ مانگی سه‌رەتای ئه‌مساڵدا به‌ تێكڕای 49 دۆلار فرۆشراوه‌، پێشبینی ده‌كه‌ین له‌مه‌ولا بگاته‌ 60 دۆلار بۆ به‌رمیلێك نه‌وت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا هه‌رێم سه‌ربه‌خۆ نه‌وت ده‌فرۆشێت، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ نۆ دۆلار كه‌متر له‌ نرخی جیهانی بفرۆشرێت״.

شاره‌زایه‌كی بواری ژمێریاریی نه‌وت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه ‌ده‌كات، به ‌پێی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت ده‌بوو داهاتی هه‌رێم له‌ 587 ملیار دیناره‌وه‌ بۆ 704 ملیار دینار به‌رز بوایه‌ته‌وه‌.

ئارام قادر شاره‌زای بواری ژمێریاریی نه‌وت وتی: ״له‌ سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2017دا نرخی نه‌وت له‌ نێوان 60 بۆ 70 دۆلاردا بووه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌رمیلێك نه‌وتی به‌ 50 دۆلار فرۆشتبێت، ئه‌وا داهاتی مانگانه‌ی 587 ملیار دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له‌ نێوان 68 بۆ 75 دۆلار بووه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌رمیلی به‌ 60 دۆلار فرۆشتبێت داهاتی مانگانه‌ی نه‌وت 704 ملیار دینار بووه‌״.

ئاژانس


PM:01:38:07/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 290 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌