له‌عێراق شەش ملیۆن كرێكار له‌ كه‌رتی تایبەتدا كار دەكەن

لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، حكوومەتی عێراق، پڕۆژە یاسایەكی نوێی بۆ دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی پەسەند كردبوو، بەڵام پڕۆژە یاساكە لەبەر ئەوەی لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند نەكراوە هێشتا نەكەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە.

لەمبارەیەوە شارەزا لە بواری ئابووری، مەزهەر محەمەد ساڵح رایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو كرێكارانەی كە لە كەرتی تایبەتدا كار دەكەن گەیشتووەتە شەش ملیۆن كەس كە لەو ژمارەیە، 200 هەزاریان ناویان لە یاسایی دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی تۆمار كراوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح وتی: "بە پێی ئاراستەی نوێی ئابووری بۆ بازاڕی كۆمەڵایەتی، حكوومەتی عێراق یاساییەكی نوێی بۆ دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی پەسەند كردووە".

شارەزاكە روونی كردەوە، بەپێی پڕۆژە یاسا نوێیەكە كە چاوەڕوان دەكرێت لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند بكرێت، مافی دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینی بۆ كەسانە دەبڕدرێتەوە كە لە كەرتی تایبەتدا كار دەكەن.

سەبارەت بە پلان و ستراتیجی داهاتوو بۆ پشتیوانیكردن لە كەرتی تایبەتدا، مەزهەر محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوەدا كە لە ستراتیجی كەرتی تایبەتدا لە ساڵی 2018 تا ساڵی 2022، قەبارەی وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەتدا لە 34 لەسەدا بۆ 40 لەسەدا بەرز دەكرێتەوە، بەو پێیەی وەبەرهێنانی كەرتی گشتی سەدا 60 بێت.

لای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی كارو و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق، عەممار منعم راگەیاند كە وەزارەتەكەیان توانیویەتی مووچەی ئەو كرێكارانەی كە لە كەرتی تایبەتدا كار دەكەن لە 250 هەزار دینار بۆ 350 هەزار دینار (290 دۆلار) زیاد بكات.

عەممار منعم وتیشی: "زیادكردنی مووچەكە لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای بوودجەی ساڵی 2018 جێبەجێ دەكرێت".

لە میانی پڕۆژە یاسای نوێی دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی، عێراق هەوڵدەدات سندووقێكی خانەشنیی بۆ ئەو كەسانەی لە كەرتی تایبەتدا كار دەكەن دابنێت بۆ ئەوەی ماف و داهاتەكانیان لە فەرمانبەرانی كەرتی گشتییدا كەمتر نەبێت.

هاوكات لەگەڵ یەكی ئایار رۆژی جەژنی جیهانی كرێكاران، سەدان كرێكار لە دامەزراوە حكوومییەكان بە هۆی خەرجنەكردنی مووچەكانیان بەردەوامن لە مانگرتن.



PM:03:53:01/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 191 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌