هەر هاووڵاتییەكی ئێرانی لە سنوورەكانی وڵات بچێتە دەرەوە باجی زیاتری لێ دەستێنرێت

بەگوێرەی یاسایەكی نوێی حكوومەتی ئێران، هەر هاووڵاتییەكی ئێرانی بۆ وڵاتیكی تری دنیا گەشت بكات، ئەوا بڕی زیاتری باجی لێ دەستێنرێت.

بەگوێرەی بڕیارەكە هەر ئێرانییەك بۆ یەكەم جار لە سنوورەكانی وڵات بچێتە دەرەوە، ئەوا پێویستە 220 هەزار تمەن وەك باج بدات كە بە دینار دەكاتە نزیكەی 50 هەزار دینار. ئەگەر هەر ئەو كەسە لە ماوەی ساڵێكدا دوو جار گەشت بكات، ئەوا لە گەشتی دووەمیدا دەبێت 330 هەزار تمەن بدات و هەر كاتێكیش ویستی بۆ جاری سێیەم سەردانی دەرەوەی وڵات بكات، ئەوا دەبێت 440 هەزار تمەن پارە بداتە حكوومەت كە بە دینار دەكاتە نزیكەی 100 هەزار دینار.

ئەو بڕیارەی ئێران بووەتە مایەی نیگەرانی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ناوەناوە بەمەبەستی بازرگانی یان گەشتیاری سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و دەڵێن بڕی ئەو پارەیەی حكوومەت دیاری كردووە، زۆرە و دەبێتە هۆكارێكی تر لەوەی دیسان خەڵكێكی زۆر لەسەر سنوورەكان بێكار بن و نەتوانن بە ئاسانی سەردانی ئەودیو سنوور بكەن.

لە ئێرانەوە خەڵكێكی زۆر بەرەو توركیا گەشت دەكەن و سیاسەتی ئێران لەو یاسایە كە لە بودجەی ئەمساڵیدا چەسپاندوویەتی، ئەوەیە پارە لە ئێران نەچێتە دەرەوە و خەڵك زیاتر لە ناوخۆی ئێران گەشتەكانیان بكەن.

پێویستە بگوترێت ئەم بڕیارە بە زیانی كەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیشە و دەبێتە هۆی دابەزینی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ساڵانە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.



AM:11:32:28/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 481 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌