سیروان محه‌مه‌د: كارنه‌كردن به‌یاسای‌ پاراستنی‌ به‌رهه‌می‌ نیشتمانی‌ گه‌وره‌ترین زیانی‌ به‌ ئابوری‌ كوردستان گه‌یاندوه‌



سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت "به‌سه‌رۆك وه‌زیری‌ هه‌رێممان وت كارنه‌كردن به‌یاسای‌ پاراستنی‌ به‌رهه‌می‌ نیشتمانی‌ گه‌وره‌ترین زیانی‌ به‌كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌‌و ئابوری‌ كوردستان گه‌یاندوه‌”.

هه‌فته‌ی‌ رابردو له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كۆبونه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌كۆمه‌ڵێك كێشه‌و گرفتی‌ تایبه‌ت به‌بازرگانی‌‌و ئابوری‌ كوردستان، تا چه‌ند گه‌شبینن به‌چاره‌سه‌كردنی‌ ئه‌م كێشانه‌؟
سیروان محه‌مه‌د: ئێمه‌ كێشه‌یه‌كی زۆرمان هه‌بو، رۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هاوڵاتیان‌و بازرگانان‌و پیشه‌سازان سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كانیان سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێشنیازمان كرد راپۆرتێك ئاماده‌ بكه‌ین‌و بیده‌ین به‌یه‌كێتی ژووره‌ بازرگانیه‌كان، ئه‌وانیش له‌هه‌ولێره‌وه‌ چه‌ند خاڵێك كۆبكه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانی هه‌ولێر، خاڵه‌كان زۆر بو، به‌ڵام بۆ ئێستا ئێمه‌ ته‌نها ١٧ خاڵمان خسته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. به‌سوپاسه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت قسه‌و پێشنیازه‌كانمانی زۆر به‌هه‌ند وه‌رگرت‌و له‌گه‌ڵ پێشنیازه‌كانی ئێمه‌دا بو، گه‌شبینم به‌جێبه‌جێكردنیان‌و هیوادارم ئه‌م كۆبونه‌وانه‌ به‌رده‌وامی هه‌بێت.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا كێ به‌شدار بوو باسی‌ چی‌ كرا؟ 
سیروان محه‌مه‌د: له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و زۆرێك له‌وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم‌و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانیش به‌شدار بون. یه‌كێك له‌خاڵه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان كه‌ مه‌به‌ستمان بو به‌زوترین كات كاری‌ بۆ بكرێت دابه‌زینی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ پارێزگاكان، كه‌ پێشتر به‌هۆی چه‌ند وه‌زیرێكه‌وه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌پارێزگاكان سه‌ندراونه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ داوامان كرد ده‌سه‌ڵاته‌كان بدرێته‌وه‌ به‌پارێزگاكان. كه‌ بۆ گه‌شه‌دان به‌پیشه‌سازی‌و وه‌به‌رهێنان لیژنه‌ی تایبه‌ت دروستكراوه‌‌و پێویسته‌ له‌پارێزگاكانه‌وه‌‌و بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ بده‌ن كه‌ پێویسته‌ بۆ كوردستان. ئێمه‌ بە‌به‌ڵگه‌و داتا ئاماری كارو چالاكیه‌كانی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌مان خسته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌زێنرا بو پارێزگاكان، خۆشبه‌ختانه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ره‌زامه‌ندی‌ ده‌ربڕی‌ به‌وه‌ی كه‌ وه‌ك ساڵانی رابردو ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌زێت بۆ پارێزگاكان‌و له‌وێوه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكرێت. پێویسته‌ بوترێت كه‌ له‌ئێستادا لیژنه‌ی‌ گه‌شه‌دان به‌پیشه‌سازی‌و وه‌به‌رهێنان له‌هه‌ولێرو دهۆك به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌و كاری خۆیان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ماوه‌ی‌ پێنج ساڵه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌سلێمانی كۆنه‌بۆته‌وه‌، به‌هۆی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ تایبه‌ته‌وه‌ كه‌ سلێمانی‌ تێكه‌وتوه‌و له‌م ماوه‌ی‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا چه‌ندین پارێزگار گۆڕاون.

یاسای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ پارێزگاكان ئێستا كاری‌ پێده‌كرێت؟
سیروان محه‌مه‌د: له‌گه‌ڵ سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش قسه‌م كرد له‌ئێستادا خه‌ریكی نوسینه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ن كه‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس كران‌و ده‌چنه‌ بواری‌ جێبه‌جێ‌ كردنه‌وه‌.

گرنگترین داواكاری‌‌و پێشنیازه‌كانی‌ ئێوه‌ چی‌ بون له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا؟
سیروان محه‌مه‌د: یه‌كێكی تر له‌كێشه‌كانی ئێمه‌ بریتی بو له‌وه‌ی یاسایه‌ك هه‌یه‌ له‌ساڵی ٢٠١١ ده‌رچوه‌‌و عێراق په‌یره‌وی ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ش پاراستنی‌ به‌رهه‌می‌ نیشتمانییه‌، به‌ڵام له‌كوردستان نه‌توانراوه‌ ئه‌م یاسایه‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ربكرێت، ئه‌مه‌ش بۆشایه‌كی گه‌وره‌ی‌ دروست كردوه‌ كه‌ زیانمه‌ندی یه‌كه‌م پیشه‌سازان‌و وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستانن. تا ئێستا هیچ یاسایه‌ك نیه‌ كار بۆ پاراستنی‌ به‌رهه‌مه‌كانیان بكات، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی كاری‌ بۆ بكات. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه‌یان پێباش بو، چونكه‌ بازاڕی عێراق بازاڕێكی‌ گه‌وره‌یه‌و ده‌بێت ئه‌و بازاره‌ به‌لای خۆماندا رابكێشین. ئه‌گه‌ر پیشه‌سازان بزانن یاسایه‌ك هه‌یه‌ ده‌یانپارێزێت، به‌سه‌دان كارگه‌ی گه‌وره‌ دروست ده‌كراو كاری ده‌كردو ده‌توانرا كاڵاكان بنرێت بۆ ناوه‌ڕاست‌و خواروی عێراق، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌م یاسایه‌وه‌ كێشه‌ی زۆرمان بۆ دروستبووه‌ كه‌ سه‌دان كارگه‌ له‌كوردستان زیانمه‌ند بون‌و داخراون. به‌ڕوونی ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باس كرد‌و لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پشتگیری قسه‌كانی ئێمه‌یان كردو به‌ڵێنیشیان دا ئه‌م یاسایه‌ له‌كوردستانیش بخرێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش مژده‌یه‌كی خۆشه‌ بۆ خاوه‌ن كارگه‌كانی كوردستان. یه‌كێكی تر له‌خاڵه‌كان سه‌باره‌ت به‌هێمای بازرگانی بوو كه‌ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق هه‌ماهه‌نگی‌ بكرێت، ئێمه‌ به‌پێویستی ده‌زانین كه‌ لیژنه‌كان داده‌نیشن باسی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێما بازرگانیه‌كان بكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ خواستی بازرگانی كوردستانه‌و سومه‌ندی یه‌كه‌م له‌چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ ئێمه‌ین. له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ تا ئێستا حكومه‌تی عێراق دان به‌و هێما بازرگانیانه‌دا نانێت كه‌ له‌كوردستان تۆمار كراون. یه‌كخستنی ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ مژده‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی هێمای‌ بازرگانیان تۆمار كردوه‌. كۆمه‌لێك خاڵی تر كه‌ وه‌ك داواكاری‌‌و پێشنیاز ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كرا، له‌وانه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ داوامان كرد یاسای‌ نوێی‌ (انفاد قانون التنمیه‌ الصناعیه‌ العراقی‌)ی‌ ژماره‌ی‌ 20ی‌ ساڵی‌ 1998 به‌كاربخرێت كه‌ ئێستا عێراق كاری‌ پێده‌كات، له‌جیاتی‌ یاسا كۆنه‌ له‌كارخراوه‌كه‌ی‌ ژماره‌ 25ی‌ ساڵی‌ 1991 كه‌ ئێستا له‌كوردستان كاری‌ پێده‌كرێت. بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاڵاكانی‌ ئێمه‌ به‌ئازادی‌ بچێت بۆ خواروی‌ عێراق. له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاریان دا كاری‌ له‌سه‌ر بكه‌ن‌و مۆڵه‌ته‌ پیشه‌سازیه‌كان بگۆڕن به‌یاسای‌ 20ی‌ عێراق. خاڵێكی‌ تر داوامان كرد گومركی‌ الصفره‌ لاببرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نایاساییه‌ له‌نێوان پارێزگاكاندا دابنرێ‌. حكومه‌تی‌ عێراقی‌ پێداگری‌ له‌سه‌ر یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ رسومات ده‌كات، ئێمه‌ پشتگیریمان كرد یه‌ك بگرێته‌وه‌ به‌مه‌رجێك بازگه‌ی‌ گومرگی‌ الصفره‌ لاببرێت‌و هه‌موی‌ بكرێت به‌یه‌ك پاكێج له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ عێراقیدا. هه‌روه‌ها داوامان كرد بازگه‌ نافه‌رمیه‌كان لاببرێن كه‌ باج له‌بازرگانان وه‌رده‌گرن له‌نێوان شاره‌كان. یه‌كێكی تر له‌خاڵه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی ژووره‌ بازرگانیه‌كانه‌وه‌ پێشنیاز كرا بریتی بوو له‌وه‌ی به‌مه‌به‌ستی‌ په‌ره‌پێدانی‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئایوری‌‌و بازرگانیه‌كان دو كۆنفرانسی ئابوری‌و بازرگانی‌ به‌جیا له‌گه‌ڵ‌ ئێران‌و توركیا بكرێت. بۆ كۆنفرانس كردن له‌گه‌ڵ ئێران، ئێمه‌ له‌ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی هه‌وڵ‌و كۆششی زۆرمان دا، له‌گه‌ڵ كۆنسوڵخانه‌ قسه‌مان كرد پێشنیازه‌كه‌ی ئێمه‌یان زۆر پێباش بو، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چۆنیه‌تی رێكخستنی ئه‌و كۆنفرانسانه‌ باسكرا، كه‌ بڕیاره‌ سێ وه‌زیری‌ حكومه‌تی عێراقیش به‌شدار بن، پارێزگاكانی تاران‌و ئه‌سفه‌هان داوایان كردوه‌ به‌شدار بن، كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ئاستێكی باڵادا له‌شاری هه‌ولێر رێكده‌خرێت. 

وه‌ك ئاشكرایه‌ سلێمانی‌ پشتگوێخستنێكی‌ له‌بورای‌ ئابوری‌‌و ئاوه‌دانیدا پێوه‌ دیاره‌، ئایا گه‌شبینن به‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ دابه‌زاندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان، قه‌ره‌بوو بۆ سلێمانی بكرێته‌وه‌؟ 
سیروان محه‌مه‌د: من به‌ڵگه‌و داتا لابوو، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باسم كرد بڕیاری ١٩٧٥ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ساڵی ٢٠١٢ هه‌موار كراوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌دابه‌زینی‌ ده‌سه‌ڵات بۆ پارێزگاكان، گه‌وره‌ترین وه‌به‌رهێنان له‌شاری سلێمانی كراوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی ٥ ملیارو ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بوه‌، به‌هه‌ولێرو دهۆك به‌نیوه‌ی سلێمانی وه‌به‌رهێنان نه‌كراوه‌. كاتی‌ خۆی‌ له‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر داوای ژووره‌ بازرگانیه‌كان ده‌ریكرد سودمه‌ندی یه‌كه‌م سلێمانی بوو كه‌ كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی گه‌وره‌ ئه‌نجامدرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی‌ دۆخی‌ تایبه‌تی‌ پارێزگای سلێمانی‌و گۆڕینی‌ خێرای‌ پارێزگاره‌كانیه‌وه‌ نه‌یتوانی له‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌كانی بۆ گه‌شه‌دان به‌كه‌رتی پیشه‌سازی به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ بۆ ٥ ساڵ ده‌چێ‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ گه‌شه‌دان به‌پیشه‌سازی‌‌و وه‌به‌رهێنان نه‌كراوه‌. له‌رابردودا بریاره‌كه‌م بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ بردوه‌ كه‌ بون به‌پارێزگاری سلێمانی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچیان كارین پێ نه‌كرد. دكتۆر هه‌ڤاڵیش ئاگاداری ئه‌م بڕیاره‌ نه‌بو، من كۆپییه‌كم بۆ بردو باسمان كرد، پشتگیری قسه‌كه‌ی منی كردو به‌ڵێنی دا ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ڕێكبخات. جگه‌ له‌وه‌ش، ئێمه‌ وه‌ك ژوری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ ئامارێكمان له‌به‌رده‌سته‌، بۆشایه‌ك هه‌بوو ئێمه‌ نه‌مانده‌زانی چه‌ند كارگه‌ له‌شاری سلێمانی هه‌یه‌؟ چه‌ندیان كار ده‌كه‌ن‌و بڕی به‌رهه‌مهێنانیان چه‌نده‌؟ كێشه‌و گرفته‌كانیان چیه‌؟ چه‌ندیان داخراون؟ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه‌ ژووری بازرگانی‌و پیسه‌سازی سلێمانی بودجه‌یه‌كی ته‌رخان كرد بۆ روپێوكردنی ئه‌و كارگانه‌ی له‌پارێزگای سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی گه‌رمیان‌و راپه‌رین هه‌ن. داوامان كرد هه‌ولێرو دهۆكیش ئه‌م روپێوه‌ بكه‌ن، له‌ئێستادا ئه‌وانیش كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌كۆنفرانسێكی گه‌وره‌دا له‌كێشه‌و گرفته‌كانی كه‌رتی پیشه‌سازی بكۆڵینه‌وه‌. له‌ئه‌نجامی روپێوییه‌كه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت یه‌كێك له‌كێشه‌كان نه‌بوونی یاسای پاراستنی‌ به‌رهه‌می‌ خۆماڵییه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا خستمانه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و ره‌زامه‌ندیان داوه‌.
 
به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاندوه‌ پێشنیازی‌ كاركردن به‌یاسای‌ پاراستنی‌ به‌رهه‌می‌ نیشتمانی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌و پیشه‌سازیه‌وه‌ بوه‌‌و ناوی‌ ژوره‌ بازرگانی‌و پیشه‌سازییه‌كان نه‌هێنراوه‌؟ 
سیروان محه‌مه‌د: ئێمه‌ پێمانخۆش ده‌بو ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیانكردایه‌، چونكه‌ مانای ئه‌وه‌ بو ئه‌وان ئاگاداری كه‌رتی پیشه‌سازین بۆ شكستی هێناوه‌ له‌كوردستاندا، له‌ڕاستیدا وه‌زیری بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌ هه‌ریچم هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌ نه‌بو، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌فه‌ری كردوه‌ بۆ توركیا، ئه‌وه‌ یه‌كێك بو له‌خاڵه‌كانی ئێمه‌. 

هیچ بریارێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی مانگانه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ كۆبێته‌وه‌؟ 
سیروان محه‌مه‌د: لیژنه‌ی ئابوری شتێكی زۆر باشه‌، دوای قه‌یرانی دارایی پێوست بو ئه‌م لیژنه‌یه‌ مانگانه‌ كۆبێته‌وه‌ چونكه‌ كوردستان له‌قه‌یراندایه‌، به‌هۆی نه‌بوونی موچه‌و شكست خواردنی كه‌رتی پیشه‌سازی‌و بازرگانیه‌وه‌، كه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌یان له‌قه‌یرانی موچه‌ زۆر گه‌وره‌تر ده‌بێت. ده‌بوایه‌ حكومه‌ت بە‌به‌رده‌وامی كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت‌و ژوره‌ بازرگانیه‌كان بكردایه‌، چونكه‌ ئێمه‌ زانیاری‌ ته‌واومان لایه‌، ئه‌و روپێوه‌ی‌ ئێمه‌ كردومانه‌ ئه‌بوایه‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی بیكردایه‌ن به‌لام ئه‌وان هیچ داتایه‌كیان لانه‌بووـ له‌پێشتریش كه‌ قه‌یرانی دارایی نه‌بو نه‌یانتوانی بیكه‌ن، به‌ڵام هاوكاری ئێمه‌یان كرد بۆ دانانی‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌ك‌و كارێكی باشیان كرد، ئه‌ركی بودجه‌كه‌شی ئێمه‌ له‌ژوری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی خستمانه‌ ئه‌ستۆی خۆمان وه‌ك ئه‌ركێك كه‌ حكومه‌ت له‌قه‌یراندایه‌ ده‌توانین هاوكاریان ده‌كه‌ین‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌هاوكاری كردنیان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین زنیاری ته‌واو كۆبكه‌ینه‌وه‌و خه‌ڵكی پسپۆر بتوانێت دانیشێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات، من گه‌شبینم كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن‌و كه‌رتی پیشه‌سازی‌و كشتوكاڵ چالاك ده‌كرێت چونكه‌ خه‌ڵك حه‌ز ده‌كات له‌و دو كه‌رته‌دا كار بكات. 

 قسه‌تان ده‌رباره‌ی‌ ئه‌وه‌ نه‌كرد ئێوه‌ به‌شدار بن له‌دروستكردنی بریاری ئابوریدا؟ 
سیروان محه‌مه‌د: به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ یه‌ك كه‌سمان هه‌یه‌ له‌لیژنه‌ی باڵای ئابووری ئه‌ویش دارای جه‌لیل خه‌یاته‌، كاك دارا به‌منی راگه‌یاند نزیكه‌ی‌ سێ ساڵ ده‌بێت كۆنه‌بۆته‌وه‌. ئێمه‌ داوامان كرد سه‌رۆكی ژووره‌كان به‌شدار بن له‌و لیژنه‌یه‌دا، چونكه‌ كاك دارا كێشه‌ی ناو هه‌ولێری هه‌یه‌، ئێمه‌ پێشنیازه‌كان‌و كێشه‌كانی سلێمانی راسته‌وخۆ بگه‌یه‌نینه‌ شوێنی خۆی. هه‌ر سێ ژووره‌كه‌ش به‌ردوام هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی‌و كشتوكاڵی، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندیدار نین به‌كه‌رتی كشتوكاڵه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ زانیومانه‌ بۆشایه‌ك دروست بوه‌ به‌شێكمان له‌ژووری بازرگانی سلێمانی كردۆته‌وه‌ بۆ خزمه‌ت كردنی كه‌رتی كشتوكاڵ، پێشنیازیشمان كردوه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتی ژووره‌ بازرگانه‌یه‌كان ئه‌م به‌شه‌ بكرێته‌وه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا له‌ژووری بازرگانی هه‌ولێرو دهۆكیش ئه‌م به‌شه‌ كراوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ سوپاسیان ده‌كه‌ین بۆ به‌هه‌ند وه‌رگرتنی پێشنیازه‌كه‌مان، له‌ئێستادا ئه‌ركی كشتوكاڵێش هاتۆته‌ سه‌ر شانمان له‌داهاتووشدا به‌نیازین، ژووری بارزگانی‌و پیشه‌سازی، كشتوكاڵیشی بۆ زیاد بكه‌ین. 

 دۆخی تایبه‌تی‌ سلێمانی‌و گۆڕینی‌ چه‌ند پارێزگارێك تا چه‌ند كاریگه‌ریی نه‌رێنی‌ كردوه‌ته‌ سه‌ر بواری ئابوری؟ 
سیروان محه‌مه‌د: كێشه‌كانی ئێمه‌ له‌مه‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵداوه‌، پارێزگارێك كه‌ دێت دوو ساڵ پارێزگار ده‌بێت، له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌شدا هیچ زانیارییه‌كی‌ ته‌واوی‌ لانیه‌، كه‌ زانیاریه‌كانیش وه‌رده‌گرێت یه‌كسه‌ر ده‌گۆڕێت، گۆرینی پارێزگاره‌كان زیانی‌ زۆری به‌سلێمانی گەیاندوە‌، له‌دنیادا نیه‌ بۆ دوو ساڵ پارێزگار دابنرێت‌و بڕوات.


PM:07:14:26/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 1154 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌