لەسلێمانی خێزانێك ماوەی ١٠ ساڵە ماڵەكەیان کردۆتە شوێنی داڵدەدانی سەگ و پشیلە



سیروان عەبدوڵڵا و فریشتە نەجات خێزانێكی دانیشتووی شاری سلێمانین و لە دەشتێكی دەرەوەی شارەكە نیشتەجێن، ئەوان ژیانێكی جیاوازتریان هەیە لە دانیشتووانی تری شارەكە و زۆربەی كاتەكانیان بەخشیوە بەو سەگ و پشیلانەی كە لەسەر شەقام و شوێنە جیاجیاكان هەڵیانگرتونەتەوە و پێویستیان بە هاوكاری و چاودێریكردن بووە.

سیروان عەبدوڵڵا باس لەوە دەكات لەهەر جێگایەك سەگێك یان پشیلەیەكی بینیبێت كە بەدەست منداڵانەوە ئازار درابن یان نەخۆش و بریندار بووبن و پێویستیان بە چارەسەر و هاوكاری هەبوبێت هەڵی گرتونەتەوە و بردویەتییەوە بۆ ماڵەكەی خۆی و بەخێوی كردون، ئەو دەڵێت: " بەخێوكردنی ئەم ئاژەڵانە هەستێكی رۆحی و هەستیارییە، چۆن ئێمە پێویستمان بە هاوكاری و خواردن و خۆ گەرمكردنەوە هەیە ، ئەوانیش بەهەمان شێوە پێویستیان بەوە هەیە".

سیروان عەبدوڵڵا وتی:" بڕیاردان لەسەر ئەم ژیانە و بەخێوكردنی ئەم سەگ و پشیلانە شتێك نەبووە كە پڕۆژەیەك یان نەخشە بۆ داڕێژراو و چاولێكەری بووبێت، خودی بابەتەكە بەهۆی رووداوێكەوە بوو كە وای لێكردین بگەینە ئەو بڕوایەی كە پێویستە دەرگا بۆ هەموو ئاژەڵێك بكەینەوە كە وەك ئێمە پێویستیان بە هاوكاری و خواردن و خواردنەوە و خۆگەرم كردنەوە هەیە، ئەوانیش مافیان لەسەرمان هەیە و دەرگامان بۆ كردنەوە".

ئەم خێزانە ماوەی 10 ساڵە بەخێوكردنی سەگ و پشیلە لێقەوماوەكان بووەتە كاری سەرەكییان و تا ئێستا نزیكەی 300 سەگ و پشیلەیان بەخێوكردووە، ئەوان بەو هۆیەوە ناوچەیەكی دەرەوەی شاریان هەڵبژاردووە و بەردەوام سەگ و پشیلە لەماڵەكەیان هەبووە و سەرقاڵی خزمەتكردن و چارەسەركردن پاشان راهێنانی ئەو ئاژەڵانە بوون.

بوونی سەگ و پشیلە و بەخێوكردنیان لەنێو ماڵدا لە رووی ئایینی و كۆمەڵگەشەوە قسەی لەسەرە، هاوسەرەكەی سیروان ئەوە ناشارێتەوە كە زۆر جار لە لایەن خەڵك و كەسوكارەوە قسەیان لەسەر كراوە ، بەو هۆیەوە هەندێكجار بیریان لە وازهێنان لە كارەكەیان كردووە، بەڵام لە ئەنجامدا بڕیاری بەردەوامیان داوە.

سیروان وتی: " لەهەر جێگایەك ببیستین یان خەڵك داوامان لێبكات كە سەگ یان پشیلەیەك هەیە و پێویستیان بە چاودێری و بەخێوكردن و چارەسەر هەیە ، دەچین و دەیانهێنین بۆ ماڵەوە، زۆر كەسیش سەردانمان دەكەن و داوای سەگ دەكەن و ئێمە پێیان دەدەین".

هەریەك لەو سەگ و پشیلانە چیرۆكێكی جیاوازیان هەیە و سیروان و فریشتەی هاوسەری زۆر ماندوون لەگەڵیان، زۆرجاریش ئازار و چیرۆكی ئەوان ئەم خێزانەش خەمبار دەكات.

فریشتە نەجات هاوسەری سیروان كە زیاتر لە ماڵەوەیە و ئاگاداری سەگ و پشیلەكانە باس لەوە دەكات ئەركەكەیان ئەركێكی قورس و زەحمەتە و بەو هۆیەوە زۆر ماندوو دەبن ، بەڵام لەهەمانكاتدا زۆر خۆشحاڵ و ئاسوودەن بەوەی كە توانیویانە هاوكاری ئەو ئاژەڵانە بكەن.

فریشتە دەڵێت:" بە هۆی بەخێوكردن و چاودێریكردنی ئەم سەگانەوە كاتێكی زۆرمان تەرخان كردووە و بەردەوام پێویستیان بە چاودێری و هاوكاری هەیە، بەم هۆیەوە لە زۆر گەشت و سەردان و گەڕان بێبەش بووین".

ئەم خێزانە بۆ بەخێوكردن و چارەسەركردنی ئەم سەگ و پشیلانە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا بڕە پارەیەكی زۆری خۆیان خەرج كردووە، رەخنە لە رێكخراوە پەیوەندیدارەكانیش دەگرن كە تائێستا وەك پێویست هاوكارییان نەكردوون لە كارەكەیاندا.


AM:11:11:26/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 854 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌