لە لەندەن کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەڕێوەچوو

لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بە بەشداری شاندی کوردستان کۆنفرانسێک لەبارەی ئاوەدانکردنەوە عێراق بەڕێوەچوو


ئامانجی کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق گەڵاڵەکردنی بۆچوونێکی پوخت و رۆشنە، کە ببێتە بنەمای کارکردنی هاوبەشی بەریتانیا و عێراقییەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی شەڕ.

         

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند بارۆنێس نیكلسن، نوێنەری سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بۆ پرسی بازرگانی و ئاوەدانكرنەوەی عێراق پێی ڕاگەیاندین: ئامانجی بەریتانیا بازرگانی زیاتر و پەیوەندی بازرگانی تۆكمەترە، وەک زیاتركرنی هاوردە و هەناردەكردن بۆ هەردوولا. ئەم ئەنجوومەنە بۆ بونیاتنانەوەی عێراقی فیدراڵە بە هەموو ناوچەكان و بە هەرێمی كوردستانیشەوە".


محەممەد شەیاع سوودانی، وەزیری پیشەسازیی عێراق، کە بەشداری کۆنفرانسەکە بوو،رایگەیاند "لە لەندەن لێكتێگەیشتن و لێكنزیكبونەوەی زیاتر هەیە، لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا گەیشتینە ئەوەی كە دەرفەت و ئاسانكاری بكەین بۆ كۆمپانیا بەریتانییەكان کە هەندێكیان لەناو عێراق كاردەكەن و ئەوانی دیکەش هانبدەین وەبەرهێنان بكەن لە بازاڕەكانی عێراقدا". 


سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەشدا بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی لە کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەچوون، بەریتانیا خۆی ئامادەدەکات بۆ وەرگرتنی رۆڵێکی گەورە لە عێراقی دوای داعشدا، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی جێگەدەستیان دیاربێت لە نۆژەنکردنەوەی شارە وێرانبووەکانی شەڕ، لەو رێگەیەشەوە بتوانێ قورسایی سیاسی و دیپلۆماسی خۆی لەو وڵاتە دەربخات.


هەرێمی کوردستانیش بە شاندێک، لەم كۆنفرانسەدا بەشدارن کە پێک ھاتون لە دكتۆر دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی وپیشەسازی هەرێمی كوردستان و سیروان محمد و ئەیاد حسن جێگرانی سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی وپیشەسازی هەرێمی كوردستان وبەیاوەری نەوزاد غفور و باقی محمد ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێری یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی، ئاوات محەمەد قائیمقایمی سلێمانی و کاوە علی کەریم جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بەشداریان كرد لەم كۆنفرانسەدا نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر سەرۆکایەتی دەکات، بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد و دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەریتانیا فراوانتر بکات.  


عوسمان شوانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "ئەوەی روونكراوەتەوە لەلایەن شاندی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو، كە چۆن هەرێمی كوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا باشتر كردووە كە دەبێتە رەوینەوەی ئەو نیگەرانییانەی پێشتر كۆمپانیاكان هەیانبووە ".



AM:12:18:25/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 633 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌