نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت ٧٥ دۆلاری تێپه‌ڕاند


نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنتی له‌نده‌ن، له‌دوای وته‌كانی وه‌زیری نه‌وتی ئێران، بیژه‌ن زه‌نگه‌نه‌ ٧٥ دۆلار تێپه‌ڕاند.
 
نه‌وتی خاوی برێنتی له‌نده‌ن كه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌ربڵاوترین به‌كارهێنانی هه‌یه‌ له‌ كاتژمێر ٢٢:٢٠ی دوێنێ شه‌ودا نرخی به‌رمیلێكی تا ٧٥ دۆلار و ١٠ سه‌نت به‌رزبوویه‌وه‌. 

هاوكات نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی تێكساس له‌ کاتژمێر ٢٢:٤٥دا، تا ٦٩ دۆلار و سێ سه‌نت به‌رزبوویه‌وه‌. 

وه‌زیری نه‌وتی ئێران، بیژه‌ن زه‌نگه‌نه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد به‌رزیی نرخی نه‌وت له‌ مه‌ودای مامناوه‌نددا ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵكشانی له‌ناكاوی نرخه‌كان و ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ ببێته‌ مایه‌ی زیان گه‌یاندن به‌ رێكخراوی ئۆپیك. 

هاوكات زه‌نگه‌نه‌ باسی له‌وه‌كردووه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ ئاستێكی به‌رزدا دێت و ده‌ڕوات، له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مساڵ رێككه‌وتننامه‌ی نێوان ئۆپیك و ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان، كۆتاییدێت، پێویست ناكات چیتر درێژ بكرێته‌وه‌.  


PM:12:49:24/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌