وەستایەک لە تەمەنى ٦ ساڵییەوە خەریکى چاککردنەوەى کاتژمێرى دیوارە

وەستایەکى چاککردنەوەى کۆنە کاتژمێرى دیوار لە بەغدا، رۆژانە خەریکى ئەم پیشەیەیە لە دوکانە بچووکەکەیدا کە پڕیەتى لە کۆنە کاتژمێر.

عەلى مەحمود نائیب، دوکانەکەى دەکەوێتە نێو کۆڵانە تەسکەکانى ناوچەی "سوق هەراج" کە ناوچەیەکى کۆنى شارى بەغدایە و کۆنە کاتژمێرى دیوارى تیادا چاکدەکاتەوە، ئەوانەى بە لایدا تێدەپەڕن وا هەستدەکەن کە گەشتێکیان بە ناو مێژوودا کردوە.

ئەم دوکانە کە لە مۆزەخانەیەکى کۆنە کاتژمێر دەچێت، لەپاڵ چەند کۆنە کاتژمێرێکى دیوارى ئەڵمانى و سویسرى، چەند کۆنە کاتژمێرێکى سەردەمى عوسمانیشى لەلایە کە لە بەغدا دیوارى ماڵەکانى پێدەڕازێندرێتەوە.

کاتژمێرەکانى بە ناوى "شەهرەزاد" و "عەلائەدین" و "بەغدا" کە بە نرخترین کاتژمێرەکانى ئەو سەردەمە هەژمار دەکرێن و لەدواى ساڵى ١٩٣٠ەوە هێنراونەتە عێراق، لەم دوکانەدا بەدیدەکرێن.

نائیبى تەمەن ٦٢ ساڵ سەرەڕاى کەمى داهاتەکەى برەو بەو پیشەیە دەدات کە لە باپیرییەوە بۆى ماوەتەوە، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو یەکێکە لە دوا ئەو کەسانەى کە لەسەر ئەم پیشەیە بەردەوامن.

نائیب کە خەریکى چاککردنەوەى کاتژمێرێکى تەمەن ٥٥ ساڵە بوو، راگەیاند "من لەمێژەوە وەستای چاککردنەوەى کۆنە کاتژمێرى دیوارم. من لە تەمەنى ٦ ساڵییەوە خەریکى ئەم پیشەیەم و لە سەرەتا لە لاى باوکم شاگرد بووم و دواتر بووم بە وەستا، بەڵام ئێستا ئەم پیشەیە خەریکە نامێنێت"

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد لەبەر ئەوەى ئەو پیشەیە لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە بۆیە تاکۆتایی تەمەنی لەسەرى بەردەوام دەبێت.

کاتژمێرەکان ئەگەر کاریش نەکەن بەهۆى جوانییانەوە بە دیوارەکانەوە هەڵدەواسرێن.

نائیب ئاماژەى بەوەشدا کە تاکە کەسە لەم بوارەدا کار دەکات و هیچ کەسێک هەوڵنادات کە ئەم کاتژمێرانە چاکبکاتەوە لەبەرئەوەى چاککردنەوەیان زۆر قوڕسە.

بە هۆى ئەوەى کە خەڵکێکى زۆر دەهاتن بۆ چاککردنەوەى کاتژمێرەکانیان، نائیب چەند جارێک راپۆڕتەى پێبڕین و وتى: "تا ئێستاش ئەم جۆرە کاتژمێرانە بە دیوارەوە هەڵدەواسرێن بە تایبەتى لە ماڵە کۆنەکانى بەغدا".

نائیب وتیشی "جوانى ئەم کاتژمێرانە لەوەدایە کە کۆنن و ئەگەر کاریش نەکەن ئەوندە بۆ خاوەنەکەیان بەسە دیمەنێکى تایبەت بە ماڵەکەیان دەبەخشێت، لە لایەکى دیکەشەوە یادگارییە کۆنەکانیان بەبیردەهێنێتەوە".

ئەبو حەیدەر کە کاتژمێرێکى ساڵانى پەنجاکانى هێنابوو بۆ چاککردنەوە، زۆر رای لە وەستاکە بوو و وتی "شتێکى ئاسان نییە کە چەند ساڵێک کاتژمێرێک ئاوا بپارێزىت. دەیان جار ماڵمان گواستووەتەوە بەڵام ئەم کاتژمێرەمان هەر لەلا ماوە".


PM:06:56:21/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 249 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌