به‌ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌ سلێمانی پرۆژه‌یه‌كی گرنگ ئه‌نجام ده‌درێت


به‌ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌ سلێمانی بۆردێكی هاوئاهه‌نگی دروست ده‌كرێت و پلانیش داده‌نرێت بۆ پاككردنه‌وه‌ی ئاوی تانجه‌رۆ و دروستكردنی به‌نداوی بچوك و ته‌واوكردنی پرۆژه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ راگیرابون.

ئه‌مڕۆ مه‌حمود ره‌زا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "به‌ ئاماده‌بونی 12 فه‌رمانگه‌ی تایبه‌ت به‌ گرفته‌كانی ئاو و ژینگه‌، ئه‌مڕۆ له‌ بینای ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامدرا به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی بۆردێكی تایبه‌ت بۆ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده‌ی له‌ وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی به‌غداوه‌ بڕیاره‌ سبه‌ینێ بگاته‌ شاری سلێمانی".

وتیشی "دوابه‌دوای ئاماده‌كردنی راپۆرتێكی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ئاو له‌سه‌رئاستی عیراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی به‌پێی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان تۆبۆگرافیای ناوچه‌كه‌ی گونجاوه‌ بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ گه‌وره‌ترین عه‌مبار بۆ ئاوی هه‌موو عیراق، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانیش وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو له‌ شاری سلێمانیه‌وه‌ ده‌ست به‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌كات، كه‌ بریتییه‌ له‌ دروستكردنی به‌نداو و ته‌واوكردنی پرۆژه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی ئاوی قورس و رێگریكردن له‌ تێكه‌ڵبونی ئاوی ئاوه‌ڕۆ و كارگه‌كان و وئاودێری به‌ ئاوی ماڵان".

به‌وته‌ی مه‌حمود ره‌زا، شانده‌كه‌ی به‌غدا ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌شاری سلێمانی ده‌بێت و سه‌ردانی سه‌رجه‌م به‌نداو و ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كات، كه‌ گرفتی ئاویان هه‌یه‌. له‌هه‌مانكاتدا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت هاوئاهه‌نگی نێوده‌وڵه‌‌تی دروست بكرێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ پاراستنی ئه‌و سامانه‌.


PM:12:34:21/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 1336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌