داوا لە هاوڵاتیان دەكرێت واز لە خواردنی مریشكی قەڵەو بهێنن

مامۆستایەكی زانكۆ هۆكاری بەرزی رێژەی مردن و كەمی گەشەی مریشك لە تەمەنی سەرووی 34 رۆژی بۆ بچووكبوونەوەی دڵ، جگەر و سی و گورچیلەی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت بەهۆی بچووكبوونەوەی ئەم ئەندامانە، مریشك تا كێشی زیادتر بێ‌، كەمتر بەرگەی نەخۆشی دەگرێ‌، بۆیە پێویستە كێڵگەكان مریشكی دوو كیلۆیی بخەنە بازاڕەوە.

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان مریشكی گۆشت لە كێشی ژێر 2.6 كیلۆ سەردەبڕدرێ، بۆ نموونە لە وڵاتانی كیشوەری ئەمەریكا مریشك لە كێشی ژێر 2.6 كیلۆگرامی و لە ئەوروپا لە كیشی ژێر 2.5 كیلۆگرامی و لە سعودیە لە كێشی 1.3 كیلۆگرامی سەردەبڕدرێ‌، بەڵام لە هەرێمی كوردستان خواست لەسەر مریشكی سەرووی سێ‌ كیلۆگرامییە. هەر ئەم خواستە وای كردووە خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر بەهۆی بەرزیی رێژەی مردن و زیادەی خەرجیی بەخێوكردن، زۆرجار لە جیاتی قازانج، زەرەر بكەن.

هەڤاڵ ئیسماعیل عەزیز، مامۆستا لە بەشی سامانی ئاژەڵی لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەددین دەڵێت: "دوای چەند ساڵێك لە بەدواداچوون بۆ هۆكاری بەرزیی رێژەی مردن و كەمیی گەشەی مریشك  لە كێڵگەكان، بۆم دەركەوت بچووكبوونەوەی ئەندامەكانی وەك دڵ، جگەر، سی و گورچیلە دەبنە هۆی لاوازیی بەرگریی مریشك بۆ نەخۆشییەكان، بەهۆیەوە رێژەی مردنی ئاسایی لە 5% بۆ 12% بەرز دەبێتەوە، ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێ، رێژەی مردن تا 46% دەڕوات". 

هەڤاڵ ئیسماعیل، بە داتا نموونەی ئەم گۆڕانكاریانە روون دەكاتەوە و دەڵێت: "بەپێی لێكۆڵینەوە زانستییەكان ئەگەر كێشی مریشك یەك كیلۆ بێت، دڵی 0.65 گرامە، سییەكانی 0.54 گرامن، گورچیلەی 0.22 گرامە و جەرگیشی 2.3 گرامە، بەڵام بەزیادبوونی كێشی مریشك، كێشی ئەم ئەندامانە كەم دەبێتەوە، بۆ نموونە مریشكێك كێشەكەی بگاتە 2.5 كلیۆگرام، كێشی دڵی بۆ 0.38 گرام ، سییەكانی بۆ 0.41 گرام ، گورچیلەی بۆ 0.16 گرام، جگەری بۆ 1.48 گرام كەم دەبێتەوە، لەو حاڵەتەشدا مریشكەكە توانای بەرگری بۆ نەخۆشییەكان لاواز دەبێ و رێژەی مردنی بەرز دەبێتەوە".

بەگوێرەی ستانداردی كۆمپانیای رۆزی بەریتانی، مریشك بۆ ئەوەی كێشی بگاتە 2.2 كیلۆ، پێویستی بە 34 رۆژە، لەم ماوەیەدا پێویستی بە 3.122 كیلۆگرام ئالیكە. بەخواردنی هەر 1500 گرامی ئالیكیش یەك كیلۆ گۆشت دەدات.

هەڤاڵ ئیسماعیل دەڵێت: "بەهۆی بچووكبوونەوەی ئەندامەكانی ناوەوەی، مریشك لەسەرووی تەمەنی 34 رۆژی، رۆژانە پێویستی بە 224 گرام ئالیكە و بەخواردنی هەر 1.7 كیلۆگرام ئالیكیش تەنیا یەك كیلۆ گۆشت زیاد دەكات، بۆیە ئەگەر بمانەوێت كێشی بگاتە سەرووی 3 كیلۆ و 46 گرام، پێویستە 2.300 گرام ئالیكی دیكەی پێبدرێت و 11 رۆژی دیكە بەخێو بكرێت بۆ زیادكردنی تەنیا یەك كیلۆ، ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی 34 رۆژی تەمەنی مریشكەكە تەنیا 3.122 گرام ئالیكی خواردووە. لێرەدا دەردەكەوێ‌، مریشك تا كێشی زیاتر بێ‌، زەرەری ئابووری زیاترە، چونكە زیاتر ئالیك دەخوات و ئەندامەكانی جەستەشی كەمتر توانای گۆڕینی ئالیكیان بۆ گۆشت هەیە". 

هەڤاڵ ئیسماعیل ئاماژە بە زیانە تەندروستییەكانی مریشكی قەڵەو دەكات و دەڵێت: "زۆربەی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی رێژەی مردنی مریشكەكانیان، جۆرەها ڤیتامین و دەرمانی بەرگری دەدەنە مریشكەكانیان، ئەمەش زیانی ئابووری و تەندروستی بەدواوەیە، چونكە لەلایەك ئەم دەرمانانە نرخیان گرانە و تێچووی بەخێوكردنی مریشك زیاد دەكات، لەلایەكی دیكەش ئەم دەرمانانە بەتێپەڕبوونی كات لە جەستەی مریشكەكەدا كەڵەكە دەبن، بەخواردنی گۆشتەكەی دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ و رەنگە تووشی نەخۆشیی مەترسیداری بكەن".

بۆ دووركەوتنەوە لە زیانە ئابووری و تەندروستییەكان، مامۆستا هەڤاڵ داوا لە خەڵك دەكات واز لە خواردنی مریشكی قەڵەو بهێنن. داوا لە حكومەتیش دەكات هانی خاوەن كێڵكەگان بدات مریشك بە كێشی كەمتر لە 2.5 كیلۆگرام بخەنە بازاڕەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، 1389 كێڵگەی پەلەوەر لە كوردستان هەن، نزیكەی 65%یان كار دەكەن و بەرهەمی ساڵی رابردوویان 108 هەزار تۆن گۆشت بووە، مریشكە قەڵەوەكان لە كوردستان ساخ كراونەتەوە، ئەوانەشی كێشیان دوو كیلۆ یان كەمترە، هەناردەی شارەكانی عێراق كراون، چونكە لەوێ‌ خواست لەسەر مریشكی سووكە.

حەیدەر فەرحان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەر لە كوردستان، دەڵێت: "ئێمە سوودە تەندروستی و ئابوورییەكانی مریشكی دوو كیلۆیی دەزانین، بەڵام خواستی بازاڕ و ساخنەبوونەوەی بەرهەمەكانمان لە بازاڕەكانی كوردستان رێگرە لەوەی ئەم هەنگاوە بنێین". 

حەیدەر وتیشی: "تێچووی 70%ی گۆشتی مریشك بەهۆی ئالیكەوەیە، مریشكیش لە تەمەنی 35 رۆژی ئالیكی زیاتر دەخوات و كەمتر توانای گۆڕینی ئەو ئالیكەی بۆ گۆشت هەیە، ئەمەش بەزیانی ئێمە تەواو دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی  مریشكەكانمان بەكێشی كەم لە بازاڕ ساغ نابنەوە، ناچارین چاوپۆشی لەو زیانە بكەین".

بەبڕوای حەیدەر، ئەوان دەتوانن مریشكی دوو كیلۆیی بخەنە بازاڕەوە بە مەرجێك حكومەت نەخۆشخانە و پێشمەرگە و گرتووخانەكان ناچار بكات مریشكی خۆماڵی بكڕن، هەروەها سنوورێكیش بۆ مریشكی هاوردە دابنێ‌. ئەوكات خەڵكیش ناچار دەبن مریشكی دوو كیلۆیی بكڕن.

بۆ بنبڕكردنی فرۆشتنی مریشك بە زیندووبی و بەبازاڕكردنی بە كێشی دوو كیلۆیی، دوو ساڵ لەمەوبەر وەزارەتی كشتوكاڵ بڕی 7 ملیار و 710 میلۆن دیناری لە بودجەی پاڵپشتی كشتوكاڵ تەرخان كرد، بەڵام دوای چەندینجار خستنەڕووی تەندەر، لە ترسی مریشكی هاوردە و دابیننەكردنی پارەكە بەكاش، هیچ كۆمپانیایەك ئامادە نەبوو پرۆژەكە لەئەستۆ بگرێ و پرۆژەكە فەشەلی هێنا.

رەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەڵێت: "ئامانجی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان بەدەستهێنانی قازانجە، بۆیە پێویستە بۆ قازانجی خۆیان و لەبەرچاوگرتنی تەندروستیی گشتی، مریشكەكانیان بەكێشی دوو كیلۆ بەبازاڕ بكەن، چونكە سوودی ئابووری خستەبازاڕی مریشك بەكێشی دوو كیلۆ زۆر زیاترە لە كێشی سەرووی سێ كیلۆیی". 

 وتیشی: "ئەگەر كێڵگەكان مریشك بەكێشی دوو كیلۆیی بخەنە بازاڕ، لەلایەك دەتوانرێت ساڵانە 6 تاوەكو 7 وەجبە مریشك لە كێڵگە بەخێو بكرێت و لەلایەكی دیكەش خەرجیی كڕینی ئالیك و دەرمان و ڤیتامین كەمتر دەبێتەوە، چونكە مریشك لە تەمەنی سەرووی 34 رۆژی ئالیك زیاتر دەخوات و توانای گۆڕینی ئالیكەكەشی بۆ گۆشت كەمتر دەبێتەوە، بەهۆی لاوازبوونی بەرگریی لەشیشی پێویستی بەكوتان و دەرمان هەیە و بەپێچەوانەوە رێژەی مردنی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێ‌".


AM:10:49:20/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌