ئێران: تاران بازاڕى عێراق له‌به‌رژه‌وه‌ندیی سعوودییه‌ له‌ده‌ست ده‌دات

سه‌رۆكى ده‌سته‌ى پیشه‌سازیی و بازرگانیی گه‌نجانى ئێرانی ڕای گه‌یاند، ئێران له‌به‌رژه‌وه‌ندی سعوودییه‌، بازاڕی عێراق له‌ ده‌ست ده‌دات، ڕای گه‌یاند، كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق ڕێگه‌ ناده‌ن بارهه‌ڵگره‌ ئێرانییه‌كان له‌ سنوور بچنه‌ ئه‌و دیوه‌وه‌.

ئاژانسی هه‌واڵه‌كانى (ئیلنا)ى ئێرانى بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ ڕه‌زا ئومێده‌وار ته‌جریشی، ڕای گه‌یاندووه‌: "تاران پێگه‌ى ئابووریی خۆى له‌ عێراق له‌ ده‌ست ده‌دات و سعوودییه‌ شوێنى ده‌گرێته‌وه‌".

ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غداش به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، كه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ تاران، به‌ شه‌فافیه‌ت مامه‌ڵه‌ ناكات، وتیشی: "ڕێگه‌ نه‌دان به‌ چوونى بارهه‌ڵگره‌ ئێرانییه‌كان، خه‌رجییه‌كانى سه‌ر بازرگانه‌كان قورس كردووه‌".

پێش دوو ساڵ، حكوومه‌تى عێراق ڕسووماتى گومركى به‌سه‌ر هاورده‌ ئێرانییه‌كان زیاد كرد، ئه‌وه‌ش وای كرد، هه‌نارده‌ى ئێران بۆ عێراق كه‌م ببێته‌وه‌.

جێی ئاماژه‌دانه‌، كه‌ پێشتر ئێران یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌كانى چیمه‌نتۆ بوو بۆ عێراق، پێشتر له‌وباره‌یه‌وه‌، عه‌بدولڕه‌زا شێخان، ئه‌مینداریی كۆمه‌ڵه‌ى پیشه‌وه‌رانى چیمه‌نتۆ له‌ ئێران، ڕای گه‌یاند: "گفتوگۆى به‌رده‌وام هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مه‌رجه‌كانى له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی چیمه‌نتۆ بۆ عێراق، لاببرێن، كێشه‌كه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌بێت".


PM:08:22:16/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 227 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌