هۆكاره‌كانی ده‌به‌زینی به‌های تمه‌ن ئاشكرا ده‌كرێت


دراوی ئێران لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكایی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك رووی لە دابەزینە، ئاژانسی فەرمیی ئێران لای خۆیەوە هۆكاری ئەو دابەزینەی بەهای تمەن بۆ كەمی خستنەڕوو و بەرزكردنەوەی بەهای دراو لەلایەن نووسینگەكانی ئالوگۆڕكردن دەگەڕێنێتەوە، لەو كاتەی شارەزایان چەندان هۆكاری ئابووری و سیاسی بۆ ئەو كارە دیاری دەكەن وەك لە خوارەوە: 

*ناڕەزاییەكانی ئێران لە كۆتاییەكانی كانوونی یەكەمی 2017 بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و زیادبوونی رێژەی بێكاری كە سەرەتا بە ناونیشانی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە دەستی پێ كرد و درووشمەكانی بوونە دژ بەدامەزراوەی فەرمانڕەوا، بۆیە خۆپێشاندانەكان هاندەری سیاسی خۆیان هەبوو كە پێوەست بوون بە ململانێی چاكسازیخواز و پارێزگارانەوە كە بۆ رووبەڕووبوونەوە لە نێوان نارەزاییكاران و دەسەڵات گۆڕا، ئەوەش بووە مایەی نەمانی ئاسایش و لاوازبوونی متمانە بە بازاڕی ئێرانی.   

*هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننی ئەتۆمی كە مەترسی لەناو شەقامی ئێران دروست كرد و كاری كردە سەر دۆخی ئابووری ئێران و گەیشتنی ئێرانییەكان بۆ قۆناغی گومانكردن، كە ئەوەیش یەكەم دیمەنی نیگەرانی گشتیی بوو و بووە هۆی زیادبوونی داوا لەسەر دۆلار و راكێشانەوەی پارە لە بانكەكان لە ترسی داڕمانی دراوی ئێرانی، ئەو كارەی بووە هۆی مایەپووچبوونی چەندان دامەزراوەی دارایی كە نەیانتوانی داوای مامیڵەكانیان دابین بكەن.

*شارەزایان وای دەبینن كە ئەو تەنگژە راستەوخۆ پێوەستە بە لێكەوتەكانی سزاكانی ئابووری سەر ئێران كە تا ئێستەش ماوە، هەروەها نەهاتنی وەبەرهێنانی دەرەكی بۆ ئەو وڵاتە. 

بەو پێیەش ئابووری و سیاسەت دووڕووی یەك دراون، بۆیە ئەو تەنگژە لێكەوتەی قووڵی هەیە و زیاتر لە تەنیا دابەزینی نرخی گۆڕینەوە و رووخانی بەهای دراوەكە، هەروەها لە سیاسەتی دارایی ئێران كە بەشێكە لە هۆكاری دەركەوتنی تەنگژەكە تێپەڕ دەبێت.

بەشی دیاری تەنگژەكە تەواو ئابوورییە كە داڕمانی نرخی گۆڕینەوەی دراو رەنگدانەوەی خراپییەكی دیاری دۆخی ئابووری ئێرانە، چونكە داڕمانی بەدواییەكی نرخی گۆڕینەوە زۆر كاریگەرە بەسەر نرخی زەویوزار و ئاستی بژێوی ئێرانییەكان، بەتایبەتی خانەنشینان و ئەوانەی سەرچاوەی داهاتیان جێگیرە وەك مووچە.  

لای خۆیانەوە شارەزایانی سیاسەت و ئابووری دووپاتیان كردەوە كە زیادبوونی داوای كڕینی دۆلار سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەهاكەی بۆ نەبوونی متمانە بە رژێمی ئێران دەگەڕێتەوە بەهۆی سیاسەتەكانی فرەوانخوازی و دوژمنكارانەی لە ناوچەكەدا كە بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتەكە دووچاری سزای نێودەوڵەتی بێتەوە، جیا لە رۆیشتنی سەرمایەی بیانی لە ئێران و برزبوونەوەی ئاماژەی هەڵاوسان كە بووەتە هۆی گرانی زۆری نرخی كاڵا سەرەكییەكان. 

ئەو سیاسەتانەی حكوومەتی ئێران بووە هۆی سەپاندنی سزای ئابووری و دابەزینی زۆری بەهای دراوی ئێران، بەتایبەتی پرۆسەی لادانی ئێران لە بەشداریكردن لە پرۆسەی ئالوگۆڕی نێودەوڵەتی بانكی (سویفت)، ئەو كارەی وای كردووە ئالوگۆڕە نێودەوڵەتییەكانی زۆر بەزەحمەت بێت، كە ئەوەیش گرنگترین سزا بوو بۆ تاران.  

خەریكە زیانە ئابوورییەكان لە ناوخۆی ئێران كاریگەر دەبن، كە ئەوەش پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر خاوەن بڕیارەكانی ئێران لە دۆسیەكانی سیاسی و ناوچەییەوە، لەگەڵ ئەوەش پێناچێت پاڵەپەستۆكانی ئابووری و ناوچەیی راستەوخۆ ببنە هۆی خۆرادەستكردنی ئێران لەبارەی دۆسییەكانی ناوچەكەوە، چونكە بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە خاوەنی 70 ملیار دۆلارە وەك یەدەگ كە لەسەر ئاستی نزیك لە داڕمان دەیپارێزێت و تا ئێستەیش چەندان كارتی تری بەدەستەوەیە و ئەنجامی كۆتاییش رانەگەندراوە.

هەرچی كاریگەرییەكانی ناوخۆیی تەنگژەكەیە، دابەزینی زۆری بەهای تمەن بووە هۆی دەستوەردانی هێزەكانی تەناهی ئەو وڵاتە لەوان دۆخەكە و ئەنجامدانی هەڵمەتی گرتن لە بازاڕی ئالوگۆڕی دراو لە تاران و گرتنی دەیان كەس بەتۆمەتی یاریكردن بە نرخی دراوە. 

هاوكات حكوومەتی ئێران پەنای بۆ زیادكردنی باج لەسەر گەشتیاران بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە بردووە كە پێشتر باجەكە 70 تمەن بووە بۆ هەر گەشتیارێك، ئێستە بووەتە 220 تمەن و گەشتیار بۆ دووەمجاری 320 تمەن و سیێیەمجار 440 تمەن، چاودێران لێرەوە پێیان وایە كە تاكە هیوای ئابووری ئێران بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەكە بەردەوامبوونە لە سەقامگیركردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا.  


PM:07:54:15/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 445 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌