به‌هۆی ئاڵۆزییە سیاسییەكانه‌وه‌ نرخی نەوت گەیشتووەتە به‌رزترین ئاست

هەفتەی رابردووی بازاڕی بۆڕسە كە چەند سەعاتێك لەمەوبەر داخرا، بازاڕێكی گرنگ بوو و لە ژێر كاریگەری جەنگ و ئاڵۆزییە سیاسییەكان بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە.

لەسەرەتای هەفتەكە نرخی نەوت  67 دۆلار بوو، بەڵام شەوی رابردوو بە 72 دۆلار و 52 سەنت داخرا، بەو پێیە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت لەم ماوەیەدا پێنج دۆلار و 52 سەنت بەرز بووەتەوە كە بە رێژە دەكاتە 8%. هەر لەو ماوەیەدا نرخی نەوت گەیشتووەتە بەرزترین نرخی لەوەتەی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 تۆمار كرابێت.

بەگوێرەیdailyfxلە هەفتەكەدا هەموو رۆژێك بڕێك لە نرخی نەوت هەڵكشا. رۆژی دووشەم نرخی نەوت دۆلار و نیوێك و رۆژی سێشەمیش دوو دۆلار و 30 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 71 دۆلار و 30 سەنت. رۆژی چوارشەم دۆلارێك، رۆژی پێنجشەم 20 سەنت و رۆژی هەینیش نیو دۆلارەی تر لە نرخی نەوت بەرزبووەوە.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بریتییە لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سووریا و دوای بەكارهێنانی چەكی كیمیایی ئەگەری زۆر بوو ئەمەریكا هێرش بكاتە سەر سووریا و دواجار هێرشەكە كرایە سەر سووریا، پێدەچێت رۆژی دووشەم كە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەكرێتەوە نرخی نەوت زیاتر بەرز ببێتەوە.

جگە لە دۆخی لە ناكاوی وەك ئەگەری جەنگی گەورە، بەرزی و نزمیی نرخی نەوت گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و خستنەڕوو لە بازاڕەكانی دنیا و هەر كاتێك ئەو بەرهەمە لە بازاڕەكان داخوازی كەمتری لەسەر بێت و ئاستی بەرهەمەكەشی بەرز ببێتەوە، ئەوا نرخەكەی دادەبەزێت.


AM:10:21:14/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌