بی بی سی هۆكاری بەردەوامی شكانی بەهای لیره‌ی توركی ئاشكرا ده‌كات


له‌ مێژووی نوێی توركیادا هیچ كاتێك ئه‌وه‌نده‌ی ئێستە لیره‌ی توركی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئەمریكی به‌های خۆی له‌ ده‌ست نه‌داوه‌، تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ش یەك دۆلاری ئه‌مریكی به‌رانبه‌ر 4 لیره‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێ، ئه‌مەش زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ ئابووریی توركیا گه‌یاندووه‌.

ماڵپه‌ڕی (بی بی سی)ی توركی، له‌ راپۆرتێكدا باسی له‌و هۆكارانه‌ كردووه‌، كه‌ لیره‌ی توركی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار دابه‌زاندووه‌.

ماڵپەڕەكە دەڵێ یه‌كه‌م هۆكار هی ئه‌و شه‌ڕه‌ ئابوورییه‌یە كە كه‌وتووه‌ته‌ نێوان ئه‌مریكا و چینه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ درێژه‌ بكێشێ و ناكۆكییه‌كان قووڵتر ببنه‌وه‌.

ئاماژەشی داوە كە دووه‌م هۆكار ئەوەیە كە ئه‌گه‌ری دروستبوونی شه‌ڕێكی تری قورس له‌ سووریا بەدی دەكرێ، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی سووریا تۆمه‌تبار ده‌كرێت به‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی له‌ دۆما به‌كارهێناوه‌، ئه‌مریكا و وڵاتانی هاوپه‌یمان هه‌ڕه‌شه‌ی په‌لاماردانی سووریا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابووری جیهان كردووه‌. 

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهان به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن و توركیاش دراوسێی سووریایه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ هۆكارێكی تر بووه‌ تا لیره‌ی توركی به‌های خۆی له‌ ده‌ست بدات. له‌ ماوه‌ی 3 رۆژی رابردووشدا لیره‌ی توركی كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م ریسكێكی گه‌وره‌وە، به‌وه‌ی به‌های خۆی به‌ ته‌واوی له‌ ده‌ست داوه‌.

سێیه‌م هۆكاریش، زیادبوونی سووە لە توركیا. بانكی ناوەندیی توركیا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2018وە رێژه‌ی سووی زیاد كردووه‌. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سەركۆماری توركیا داوای له‌ بانكی ناوەندی كردبوو، رێژه‌ی سوو كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زیاد كرا.


PM:09:45:13/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 606 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌