نرخی نەوت لە هەڵكشاندایە

لە رۆژی دووشەمەوە كە بازاڕی بۆڕسە كراوەتەوە، نرخی نەوت لە هەڵكشاندایە و گەیشتووەتە بەرزترین نرخی لەوەتەی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 تۆمار كرابێت.

پێش كردنەوەی بازاڕەكە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت 67 دۆلار بوو، بەڵام رۆژی دووشەم دۆلار و نیوێك و رۆژی سێشەمیش دوو دۆلار و 30 سەنت بەرز بووەوە و گەیشتە 71 دۆلار و 30 سەنت. دوێنێ چوارشەمیش نرخی نەوت هێندەی تر بەرز بووەوە و گەیشتە سەرووی 73 دۆلار و دواجار بە 71 دۆلار و 90 سەنت بەسترا. ئەمڕۆ هه‌ینیش ئاراستەكە ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 72 دۆلار و 30 سەنت دەفرۆشرێت.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بریتییە لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سووریا و دوای بەكارهێنانی چەكی كیمیایی، ئەگەری زۆرە ئەمەریكا هێرش بكاتە سەر سووریا، بۆیە بازاڕی نەوت لە ژێر كاریگەری ئەو گۆڕانكارییانە تووشی مەترسی بووە و نرخی نەوت هەڵكشاوە.
 
لە دوو هەفتەی رابردوودا نرخی نەوت دابەزینی تۆمار كرد و لە 71 دۆلارەوە تا 67 دۆلار رووی لە دابەزین كرد. بەگوێرەی "dailyfx" لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو نرخی نەوت نزیكەی چوار دۆلار دابەزی كە بە رێژە دەكاتە سەرووی 7%.

جگە لە دۆخی لە ناكاوی وەك ئەگەری جەنگی گەورە، بەرزی و نزمیی نرخی نەوت گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و خستنەڕوو لە بازاڕەكانی دنیا و هەر كاتێك ئەو بەرهەمە لە بازاڕەكان داخوازی كەمتری لەسەر بێت و ئاستی بەرهەمەكەشی بەرز ببێتەوە، ئەوا نرخەكەی دادەبەزێت.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەستراوەتەوە بە زۆری یان كەمیی بەرهەمهێنانی نەوت و هاوسەنگی خستنەڕوو و داواكاری و كاتێك لە خستنەڕووی نەوت هیچ كۆنترۆڵ و سنوورێك نەبێت، ئەوا بازاڕی نەوتیش جێگیر نابێت و نرخەكان روو لە دابەزین دەكەن.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە ڕووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.


AM:09:28:13/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌