له‌سه‌دا 80%ی یه‌ده‌گى غازى سروشتى كوردستان له‌ سنورى سلێمانییه‌

یه‌ده‌گى غازى سروشتى عێراق 123 ترلیۆن پێ سێجایه‌، هه‌رێمى كوردستانیش خاوه‌نى زیاتر له‌ 5 ترلیۆن پێ سێجا غازه‌ و له‌و ڕێژه‌یه‌ش 80%ی له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانییه‌، عێراق جگه‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ى پێویسته‌ ناوخۆییه‌كانى له‌رێگه‌ى كۆمپانیایه‌كى هاوبه‌شه‌وه‌ غاز هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستانیش ته‌نها له‌ یه‌ك بلۆكدا غاز ده‌رده‌هێنێت و جگه‌ له‌ به‌كارهێنانى بۆ ناوخۆ به‌ كۆنتێنه‌ر ده‌نێردرێت بۆ ئێران.

غازى سروشتى، بریتییه‌ له‌ هه‌موو هایدرۆكاربۆناته‌كانى گازى كه‌ به‌ سستى له‌ دۆخه‌ سروشتییه‌كه‌یدا مابێته‌وه‌ وه‌ك، گازى ته‌ڕ، وشك، هه‌روه‌ها ئه‌و گازه‌ى له‌به‌رگى بیردایه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و غازه‌ى له‌ پڕۆسه‌ى پوختەكردنى گازى شل له‌ گازى ته‌ڕ مابێته‌وه‌، جگه‌ له‌ نه‌وتى خاو.
 
یه‌ده‌گى غازى عێراق و جۆره‌كانى
د.بایه‌زید حه‌سه‌ن، ئه‌ندامى خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ ده‌ڵێت "كۆى یه‌ده‌گى غازى سروشتى 123 ترلیۆن پێ سێجایه‌، سێ كێڵگه‌ى هه‌یه‌ له‌ به‌سره‌ و حه‌مرین و رومادی، له‌ 70%ى غازى سورشتى عێراق پێى ده‌وترێت هاوشان (ئاوه‌ڵ) ئه‌و غازه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وت دێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ عێراقدا هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت كه‌ ده‌رده‌هێنرێت نزیكه‌ى 700 پێ سێجا غازى له‌گه‌ڵدایه‌ كه‌ له‌ 20%ى له‌و كێڵگانه‌یه‌ و له‌ 10%ى پێى ده‌وترێت غازى قوبه‌".

غازى عێراق چه‌ند پێكهاته‌یه‌كى تێدایه‌ وه‌ك، غازى (میثان) بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با، دووه‌م (ئیثان) بۆ پیشه‌سازى پتڕۆكیمیایى به‌كارده‌هێنرێت، سێیه‌م غازى بیوتان به‌كارده‌هێنرێت بۆ ماڵان، ئه‌و غازه‌ى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌، دەتوانرێت بڕى پێویستى ناوخۆ دابینبكرێت به‌تایبه‌ت بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با، چونكه‌ هه‌رزانه‌ و دۆستى ژینگه‌یه‌.

به‌ وته‌ى د.بایه‌زید غازى به‌سره‌ كه‌  هاوبه‌شه‌ له‌نێوان عێراق و ئێران، دوو كۆمپانیاى بیانى به‌پێى گرێبه‌ست ئه‌و گازه‌ به‌هاوشانى نه‌وت دێننه‌ ده‌ره‌وه‌، چاره‌سه‌رى ده‌كه‌ن و دواى دابینكردنى پێویستى ناوخۆ ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ى ده‌كەن.

له‌ ساڵى 2007دا په‌رله‌مانى عێراق یاسای نه‌وت و غازى په‌سه‌ند كرد، له‌ هه‌مان ساڵدا په‌رله‌مانى كوردستان یاساى تایبه‌ت به‌ نه‌وت و غازى تێپه‌ڕاند، دواى كاركردن به‌ یاساكه‌ هه‌رێم و به‌غدا رووبه‌ڕووى چه‌ندین كێشه‌ بوونه‌وه‌، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ له‌سه‌ر ده‌رهێنان و فرۆشتنى نه‌وت و داهاته‌كه‌ى نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.  

 یه‌ده‌گى غازى هه‌رێم و رۆسنه‌فتى رووسى  
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ وتیشى "یه‌ده‌گى غازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ 5 ملیار پێ سێجایه‌ كه‌ پێكدێن له‌ كێڵگه‌كانى كۆرمۆر و چه‌مچه‌ماڵ، چه‌ند بلۆكێكى تریش دۆزراونه‌ته‌وه‌.

له‌ مانگى 6ى ساڵى ڕابردوودا حكومه‌تى هه‌رێم و كۆمپانیاى رۆسنه‌فتى رووسى له‌شارى سان پێترسبۆرگ رێككه‌وتنێكیان به‌مه‌به‌ستى زیادكردنى وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى نه‌وت و غازدا واژۆكرد، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ رۆسنه‌فت هه‌ڵده‌ستێت به‌ دامه‌زراندنى بۆرییه‌كى غازى سروشتى كه‌ پێداویستی غازى سروشتى وێستگه‌كانى كاره‌با و كارگه‌كان دابین بكات، له‌هه‌مانكاتدا ئاستى به‌رهه‌مێهنان به‌رزبكاته‌وه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنى بۆ بازاڕه‌كانى توركیا و ئه‌وروپا.

به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌و بۆرییه‌ى داده‌مه‌زرێنرێت پێویسته‌ تواناى ساڵانه‌ى 30 ملیار مه‌تر سێجا واته‌ 6%ى خواستى ئه‌وروپا بۆ غازى سروشتى بێت، هاوكات له‌ ساڵى 2020دا له‌ڕێگه‌ى بۆرییه‌كه‌وه‌ غاز هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام به‌هۆى كێشه‌كانى هه‌رێم و ناوه‌ند و رێكنه‌كه‌وتنیان له‌سه‌ر نه‌وت و غاز تائێستا كاره‌كانى كۆمپانیا روسییه‌كه‌ به‌ سستى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، جگه‌له‌وه‌ى ورده‌كارى رێككه‌وتنه‌كه‌ ئاشكرانه‌كراوه‌.

له‌ 80%ى یه‌ده‌گى غازى هه‌رێم له‌ سلێمانییه‌
غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى  ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ 80%ى یه‌ده‌گى غازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێته‌ پارێزگاى سلێمانی، پێكدێت له‌ 27 بلۆكى نه‌وت و غاز، 6یان تێكه‌ڵه‌ له‌ غاز و نه‌وت، ئه‌وه‌ى كه‌ ته‌نها غازه‌ كێلگه‌ى كۆرمۆر له‌ گه‌رمیان و بلۆكى چه‌مچه‌ماڵ و میرانه‌، هه‌روه‌ها له‌ كه‌لاریش كورده‌میر، به‌ڵام ته‌نها بلۆكى كۆرمۆر غازى لێده‌رده‌هێنرێت، به‌شێك له‌و غازه‌ش له‌ رێگه‌ى كۆنتێنه‌ره‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ ئێران.

ده‌توانرێت به‌ غاز چى بۆ سلێمانى بكرێت؟
به‌ وته‌ى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌، پارێزگاى سلێمانى به‌هۆى ئه‌و غازه‌ سروشتییه‌ى هه‌یه‌تی ده‌توانرێت كارگه‌ى پترۆكیمیایى تێدا دابمه‌زرێت، پێشتر كۆمپانیاى دانەغاز كارگه‌ى پترۆغازى دامه‌زراند، به‌ڵام به‌هۆى كێشه‌كانى نێوان وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان و كۆمپانیاكه‌، دانەغاز ده‌ستبه‌ردارى پڕۆژەكه‌ بوو.

بڕى به‌كارهێنانى غاز بۆ وێستگه‌كانى كاره‌با
هاوكات له‌ئێستادا غازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان ته‌نها بۆ پێویستى ناوخۆ به‌تایبه‌ت به‌رهه‌مێهێنانى كاره‌با به‌كارده‌هێنرێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د ئه‌مین راوێژكارى وه‌زاره‌تى كاره‌با  راگه‌یاند "ڕۆژانه‌ نزیكه‌ى 420 ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با به‌كارده‌هێنرێت، به‌م پێیه‌ ساڵانه‌ 153 ملیار و 300 ملیۆن پێ سێجا غاز به‌كارده‌برێت، غازه‌كه‌ش ته‌نها له‌ بلۆكى كۆرمۆره‌وه‌ دابینده‌كرێت بۆ وێسته‌گه‌كانى چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێر".

جێگرەوەی نه‌وت
جێى ئاماژه‌یه‌ سه‌ره‌ڕاى بوونى رێژه‌یه‌كى زۆر له‌ یه‌ده‌گى غازى سروشتى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ بكرێته‌ جێگرەوەی نه‌وت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێویستییه‌كانى ناوخۆ و هه‌نارده‌كردنى بۆ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌ وته‌ى د. بایه‌زید حه‌سه‌ن، ته‌مه‌نى نه‌وت تا 20 ساڵى تر ده‌خایه‌نێت. 
 
دوارۆژ


PM:03:57:11/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌