قەبارەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دنیا گەیشتە 200 ملیار

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران گەیشتە 200 ملیار دۆلار و گرنگترین بەرهەمی هەناردەكراوی ئێران، هەر نەوتی خاو بووە.

محەمەد شەریعەتمەداری وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئێران ئاشكرای كرد، قەبارەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دنیا لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە 200 ملیار دۆلار. ئەو لە دوازدەیەمین كۆنفرانسی كۆمسیۆنی هاریكاری ئابووری، بازرگانی، زانستی و تەكنەلۆجی نێوان ئێران و ئۆزباكستان ئەو ئامارەی ئاشكرا كرد.

بە وتەی ئەو وەزیرەی ئێران، وڵاتەكە لە فرۆشتنی نەوت 52 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە و بەهای هەناردەی شتومەكی بازرگانیشی لە ساڵێكدا گەیشتووەتە 47 ملیار دۆلار.

بەو پێیە ئێران بایی نزیكەی 100 ملیار دۆلار هەناردەی هەبووە، بەڵام لە لایەكی ترەوە بە بەهای 50 ملیار دۆلار شتومەك و پێداویستی هاوردەی ئێران كراوە. لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلیش ئێران ساڵی رابردوو ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی بەرهەم هێناوە. هەروەها لە بەرهەمهێنانی پۆڵاش ئێران دەستێكی باڵای هەبووە و ئەمساڵیش لە بەرنامەیدایە ئاستی بەرهەمهێنانەكە پەرە پێ بدات.

هەر بە وتەی وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئێران، ئەو وڵاتە 96%ی پێداویستی دەرمانی خۆی هەر لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنێت و جگە لە هەناردەی بەشێك لە دەرمان، لە هەندێك وڵاتی دراوسێش لقی كارگەی بەرهەمهێنانی دامەزراندووە.



PM:02:38:09/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 143 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌