به‌های لیرەی توركی به‌رده‌وام له‌ دابه‌زیندایه‌ و ڕێژەی هەڵئاوسانیش گەیشتووەتە 10%

هەڵئاوسان و ترسی جەنگی بازرگانی و جیۆپۆلەتیك و ئابووری و ململانێی ناوچەكە، تا ئێستە بوونەتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم هەستانەوەی نرخی لیرەی توركی بۆ ئاستی پێشووی خۆی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوویش دابەزینی نرخی لیرە گەیشتووەتە نزمترین ئاست و ژمارەی پێوانەیی لە دابەزینی نرخ تۆمار كرد.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوو نرخی هەر دۆلارێكی ئەمەریكی بەرانبەر بە 4.0664 لیرەی توركی بووە، ئەمەیش واتە زیاتر لە 400 لیرە دەكاتە 100 دۆلاری ئەمەریكی، تا ئێستە بە هیچ شێوەیەك نرخی لیرە بەو ئاستە دانەبەزیوە، دوای ئەوەی چەند ساڵێكە بەردەوام ڕوو لە هەڵبەز و دابەزە و نرخەكەی جێگیر نەبووە.

شارەزایانی تورك دووپات لەوە دەكەنەوە، كە لە مێژووی وڵاتەكەیان نرخی لیرە دابەزینی بەوشێوەیەی تۆمار نەكردووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو ڕاگەیەنراوە و گەیشتووەتە 10%.

جیا لە ململانێی جەنگی و سیاسی ناوچەكە لەسەر پرسی سووریا، هاوكات جەنگی بازرگانی نێوان چین و ئەمەریكایش كاریگەری گەورەی لەسەر نرخی لیرەی توركی داناوە، كە بڕیارە چین باجی زیاتر بەسەر 128 كاڵای ئەمەریكی بسەپێنێت و ئەمەریكایش دووپاتی كردەوە، باج بە بڕی 60 ملیار دۆلار دەخاتە سەر كەلوپەلە چینییەكان كە هاوردەی ئەمەریكا دەكرێن.


AM:10:02:08/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 790 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌